واتایه‌ك بۆ ژیانت بدۆزه‌ره‌وه‌

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ 

چاره‌نووس واى كرد ڤیكتۆر فڕانكڵ، ده‌روونناسى به‌ناوبانگ بچێته‌ ئه‌و ئۆردوگا ترسناكه‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵانى چله‌كانى سه‌ده‌ى ڕابوردوودا نازییه‌كان دروستیان كردبوو. فڕانكڵ له‌و گرتووخانه‌یه‌دا تووشى جۆره‌ها ئازارو كوێره‌وه‌رى و ناڕه‌حه‌تى بوو، به‌ڵام هه‌میشه‌ ئه‌و ڕسته‌یه‌یی له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌گوته‌وه‌: (قوڕ به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ى واتایه‌ك له‌ ژیانیدا نابینێت) ئه‌وه‌ى زیاتر قوڕه‌كه‌ى خه‌ست كرده‌وه‌ بۆ فڕانكڵ توشبوونى یه‌كێك له‌ هاوڕێ زیندانییه‌كانى بوو به‌ نه‌خۆشییه‌كى ئه‌قڵیى ترسناك.

تێكچوونى ئه‌قڵى ئه‌م هاوڕێیه‌ی كارێكى كرد كه‌ فڕانكڵ هیچ به‌رهه‌ڵستییه‌كى بۆ نه‌خۆشى جه‌سته‌ى نه‌مێنێت و سه‌ره‌نجام تووشى نه‌خۆشییه‌كى ترسناكى پێست بوو. فڕانكڵ به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ كۆڵى نه‌دا و دواتر كتێبێكى نووسى به‌ ناونیشانى (مرۆڤ به‌ دواى واتادا ده‌گه‌ڕێت) نوسینى كتێبێكى له‌و جۆره‌ له‌ ناو ئه‌و هه‌موو دڵڕه‌قى و سته‌م و توندوتیژى و سوكایه‌تى پێكردنه‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ى گه‌شبینى ئه‌م زانا گه‌وره‌یه‌یه‌ كه‌ به‌ دواى واتایه‌كدا ده‌گه‌ڕا بۆ ژیانى خۆى و ده‌یویست ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ توندوتۆڵه‌ ئاشكرا بكات كه‌ له‌ نێوان ئه‌قڵ و بارى ته‌ندروستیدا هه‌یه‌، پوخته‌ى به‌رهه‌مه‌ فیكرییه‌كه‌ى ئه‌م زانا زیندانیكراوه‌ ئه‌رێنى بوونه‌. واته‌ هه‌بوونى هیوا و به‌دیكرانى تروسكایى له‌ ژیاندا. ده‌گوترێت گه‌ڵاكانى كۆتاى هه‌میشه‌ یه‌ك له‌ دواى یه‌ك به‌ سه‌ماكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ خواره‌وه‌. مرۆڤ بۆئه‌وه‌ى ڕووبه‌ڕووى پایز ببێته‌وه‌ پێویسته‌ زۆر بێهه‌ست بێت پایزى ژیان بریتیه‌ له‌و قۆناغه‌ هه‌ره‌ دژوارانه‌ى كه‌ له‌ ناو جه‌نگه‌كانى ژیاندا ده‌سوتێت یان په‌یوه‌ندییه‌ هه‌ره‌ به‌ ئازاره‌كانن بۆ ڕۆح و گیان ئه‌و حاڵه‌ته‌ جه‌سته‌ییانه‌ن كه‌ به‌رهه‌ڵستیت ناهێڵن و بارى ده‌روونیت تێكده‌ده‌ن. زۆر كه‌س هه‌ر به‌ قسه‌ نه‌ك به‌ كردار ده‌توانن ڕاستییه‌كه‌ بزانن.

به‌ چاكى ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌زانن كه‌ نه‌ گه‌شته‌كه‌ ده‌ستى پێكردووه‌و له‌ ڕێگاكه‌شى خه‌ریكه‌ كۆتاى دێت كه‌چى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆڕاگرى و به‌رهه‌ڵستی كردنیان پێباشتره‌.

كارێكى زۆر ئاساییه‌ له‌ ئاكامى مه‌سه‌له‌یه‌كدا هه‌ست به‌ غه‌مبارى بكه‌یت به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌ زۆر بخایه‌نێت چونكه‌ زوڵمكردنه‌ له‌ ئه‌قڵ و ڕۆح و جه‌سته‌. دنیا هه‌مووى له‌ گۆڕاندایه‌ ته‌نیا مردنه‌ كه‌ ناگۆڕێت، مانه‌وه‌ت به‌ غه‌مبارى و پیرۆزكردنى دڵته‌نگى مرۆڤ ڕاده‌كێشێته‌ خوارى خواره‌وه‌.

فڕانكڵ ده‌ڵێت ئه‌وه‌ى كه‌ ڕووناكى ده‌به‌خشێت پێویسته‌ به‌رگه‌ى سوتان بگرێت ئه‌مه‌ مرۆڤ له‌ جاران به‌هێزتر و تۆكمه‌تر ده‌كات.

دره‌ختێك به‌هێز ده‌رده‌چێت كه‌ سه‌رما و سۆڵه‌ى زستان و زریان و سه‌هۆڵ به‌ندان و هه‌وره‌ بروسكه‌ى زۆرى بینیبێت. ڕۆحى مرۆڤیش وایه‌.

فڕانكڵ هه‌موو ئامانجى  ئه‌وه‌ بوو واتایه‌ك بدۆزێته‌وه‌ بۆ ژیان ده‌یویست له‌ ناخه‌وه‌ به‌ ته‌واوى بژى و هه‌ست به‌ دڵخۆشى و ئاسایش بكات. ژیانى له‌م جۆره‌ جوانترین ده‌ستكه‌وتى لێ به‌رهه‌م دێت.

كه‌وتنت جارێك و دووجار نابێت وات لێ بكات هه‌ست به‌ نیگه‌رانى و دڵه‌ڕاوكێ بكه‌یت چونكه‌ برینداربوونى ویژدان نیشانه‌ى مه‌زنى ڕۆح و نه‌مرى گه‌وره‌ى مرۆڤه‌ ڕێك هه‌ر له‌و كاته‌دا كه‌ له‌ كۆت و پێوه‌نده‌ ده‌ره‌كیه‌كان ڕزگارت ده‌بێت و ئه‌فسانه‌كه‌ى ناخى خۆت ده‌ست پێ ده‌كه‌ین.

كه‌واته‌ جڵه‌و شلكه‌ بۆ ڕۆحت. ڕێك به‌وشێوه‌یه‌ بژى كه‌ پێت خۆشه‌. تۆ به‌رپرس نیت له‌وه‌ى كارێكى ئه‌فسانه‌یی بكه‌یت، به‌ڵكو ته‌نیا ئه‌وه‌ت لێ داواكراوه‌ ڕۆحت بپارێزیت ئازادى و سه‌ربه‌خۆى ڕۆحت. به‌م جۆره‌ بژى ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بزانیت هیچ ڕێگه‌یه‌كت له‌به‌رده‌مدا نیه‌ چونكه‌ ئه‌و ویسته‌ ڕێگات بۆ ده‌كاته‌وه‌. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure