جەلالەدینی رۆمی پێغەمبەرێك نەبوو.. بەڵام پەیامی بۆ هاتبوو!

بۆچوون / بیروڕا :: 28/09/2019

نووسینی: عەمران سەلمان
سەرچاوە: ئەلحوڕە
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

رۆژی 30ی ئەیلولی 2019، 812 ساڵی رەبەق بەسەر لەدایكبوونی جەلالەدینی رۆمی-دا تێدەپەڕێت و لە زۆر شوێنی ئەم جیهانەوە ئاهەنگ و رێوڕەسمی تایبەت بەم یادە رێكدەخرێت، بەتایبەت لە شاری قونیە-ی توركیا كە رۆمی-ی تێدا ژیاوە و هەر لەوێش كۆچی دوایی كردووە.


لەڕاستیدا ئەگەرچی دەمەوێت دەربارەی رۆمی بدوێم بەڵام هەست دەكەم هەم من و هەم هەركەسێكی تر لەم بوارەدا ناتوانێت مافی خۆیی بداتێ‌. ئاخۆ دەكرێت جۆگەلەیەكی بچكۆلە باس لە گەورەیی رووبار بكات؟ 

جەلالەدینی رۆمی، نەیزەكێكی رووناكیی و پرشنگدار بوو، دابەزییە سەر زەوی بۆ گۆڕینی سروشتی دانیشتوانەكەی، بۆیە هەندێكیانی لە دۆخی وەحشییەتەوە گۆڕی بۆ دۆخی مرۆڤ و مرۆیی و لە باری بێ‌ توانایی و نائومێدییەوە گۆڕینی بۆ بەخشندەیی و هاوئامانجی.

بۆ هەموو ئەوانەی دەیزانن و ئەوانەیش كە نایزانن، رۆمی هەر تەنیا شاعیر یان رێبەرێكی رۆحی نەبوو و بەس، بەڵكو رۆحی پەروەردگاری تێدا دەركەوت و وای لێكرد ئەو (شتانە) ببیستێت و ببینێت كە لەكاتی ئاساییدا نابینرێن و نابیسترێن.

بێگومان هەموو كەسێك سەرسام دەبێت بەو هەموو خۆشەویستییەی كە رۆمی هەیبوو بەرامبەر هەموو ئەو شتانەی لە گەردووندا هەن، ئەو هیچ جیاوازی و هەڵاوێرییەكی نەدەكرد لە نێوان كەسێك و كەسێكی تردا، نە لەسەر رەنگ و نە لەسەر رەچەڵەك و نە لەسەر رەگەز و نە لەسەر نەتەوە و نە لەسەر ئایین و نە لەسەر هیچ شتێكی تر. 
ئەم وزە زۆر و زەوەندەی خۆشەویستیە هەموو رەگەزی ئادەمیزاد دادەپۆشێت بۆئەوەی هیچ شتێكی دیكەی تێدا نەبینێت بێجگە لە خۆشەویستیی پاك و بێگەردی خودایی. 

ئەم خۆشەویستیە بێپایانەی خودا، چۆن لەگەڵ ئەو بیرۆكەیەدا دێتەوە كە دەڵێت خودا ئادەمیزاد ئازار و ئەشكەنجە دەدات؟ لەو باوەڕەدام هیچ شتێكی لەم بابەتە نییە و تەنیا یەك شت هەیە ئەویش ئەوەیە كە خودا بەهێزی خۆشەویستی ئادەمیزادی خەڵقاندووە و هەر بەهێزی خۆشەویستییش دەیانباتەوە.

بیرۆكەگەلی وەك شەڕخوازی و رق و كینە و ئازار و ئەشكەنجە بیرۆكەی بنیادەمن و لایەقی خودا نین و لە پەروەردگارەوە نایەن. ئەوانەیش كە بانگەشە بۆ ئەمە دەكەن بۆخۆیان ئازادن بەڵام ناكرێت قەناعەتی ئەوەمان پێ‌ بێنن كە خودا سەپاندوونی یاخود بانگەوازی بۆ كردوون.

پێكگەیشتنی رۆمی و شەمسی تەبرێزیی دەروێش و سۆفی، خاڵی دابڕان و وەرچەرخان بوو لە ژیانی رۆمی-دا. چونكە پێشتر فەقیهێكی ئیسلامیی تەقلیدی بوو، بەڵام هەر لەگەڵ ئەوەی كە تیشكی حەقیقەتی لەسەر دەستی شەمس بەركەوت، ئیدی وازی لە پیت و قەڵەم هێنا و دەستیكرد بە گەڕان و وێڵبوون بەدوای مانا و تانوپۆ-دا. لە مانای سۆفیگەریدا ئەم پێكگەیشتنە وەك پێكگەیشتنی دوو دەریا وابوو. هەر لە مانای سۆفیگەریدا پێكگەیشتن پێكگەیشتنی كەسەكان یاخود ناوەكان نییە بەڵكو پێكگەیشتنی رۆحەكان و ئاوێتەبوونی رۆحە كۆنەكانە بە رۆحە تازەكان بەهەموو زانین و نهێنی و پەنهان و شاراوەكانەوە.

شەمسی تەبرێزی بەدوای (دەفر)ێكدا دەگەڕا بۆئەوەی ئەو زانین و پەیپێبردنانەی تێبكات كە پێیگەیشتبوو، هەروەها ئەو (نهێنیی یەزدانی)یانەی كە بۆی دەركەوتبوون، بۆ ئەمەیش رۆمی ئەو دەفرە ئامادەیە بوو كە شەمس دەیویست، لەوانەیشە لە خەودا ئەوەی پێوترابێت كە ئەم دیدار و پێكگەیشتنە نزیكبووەتەوە و بەڕێوەیە.
ئەركی شەمس گواستنەوەی هیچ زانین و زانیارییەك نەبوو بۆ رۆمی، چونكە رۆمی خۆی فەقیهـ و زانا بوو، بەڵام ئەركی ئەو (دامركانەوە)ی رۆمی بوو تا بیكات بەو رۆمی-یەی كە دواتر ناسیمان و هەموو مرۆڤایەتیی پێی ئاشنابوو و ناسیی.

دامركانەوە لێرەدا بۆ دەروون یان خودە لای رۆمی،"بمرن پێش ئەوەی بمرن". رێگەیەك نییە بۆ ئەوەی شتێكی نوێ‌ بكرێتە دەفری مرۆڤێكەوە كە خۆی پڕ و سەرلێژبێت، بۆیە هەردەبێت بەتاڵبكرێتەوە و ئەوەی تێیدایە بڕژێنرێت. ئەم كارەیش بەلای خودی رۆمی-یەوە وەك ئازار و ئەشكەنجە وابوو. چونكە دەبوو كار و رەفتارگەلێك بكات و هەڵسوكەوتێكی نامۆی وا بكات كە پێشتر نەیكردوون و نەیزانیون، لەوانە بچێتە باڕ و مەیخانەكان و كۆڕی مەیخۆرانەوە سەرەڕای پێگە ئایینیەكەی، یاخود بچێتە لای كەسانێك كە مەكانەت و پێگەی ئەو رێگەی پێنەدەدا.

هەموو ئەمانە بە تێڕوانینی شەمسی تەبرێزی پێویست بوون بۆ دامركانەوەی (من/أنا)ی رۆمی. لەمەیشدا زۆر سەركەوتوو بوو. چونكە رۆمی-ی پێش شەمس هەمان رۆمیی دوای شەمس نەبوو. ئەو گەرمییەی لە شەمس-ەوە دەردەچوو بەس بوو بۆ تواندنەوەی هەموو ئەو غەفڵەتە شاراوەیەی كە دەروونی رۆمی-دا هەبوو. ئەو وزە و تین و تاوە بوو كە لە شەمس-ەوە دەرچوو و لای رۆمی مایەوە هەتا تەنانەت لەدوای مردنی شەمس-یش. ئەمە بوو كە شیعری لای رۆمی تەقاندەوە و ئیلهامی (وێرد/زیكری مەولەوی)ی دایە، ئەمجۆرە زیكرە خولانەوەی مرۆڤە بەدەوری خۆیدا، وەك خولانەوەی خولگەكان و هەسارەكان و ئەستێرەكان و هەروەها خولانەوەی گەرد و گەردیلەكان و هەموو ئەوانە كە لە بوون-دا هەن.

زۆر دەربارەی رۆمی نووسراوە و زۆریش دەنووسرێت، شیعر و وتەكانی بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراون، ئەمڕۆ ناسراوترین شاعیری موسڵمانە لای خۆرئاوا. بەڵام هەرچیی دەربارە نووسراوە تەنیا دڵۆپێكە لە دەریای رۆحی گەورە و مەزنی رۆمی.

حافز-ی شاعیری ناوداری ئێرانی دەڵێت"رۆمی پێغەمبەر نەبوو، بەڵام پەیامی بۆ هات" ئەمەیش وەك ئاماژەیەك بۆ كتێبەكەی، یاخود بۆ دیوانی (مەسنەوی)یەكەی.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure