راگه‌یاندنى هاتوچۆ

بۆچوون / بیروڕا :: 15/05/2016

+ له‌ ئاكامى به‌ربوونى ئیستۆپى چه‌ناگه‌ى هه‌ڤاڵێكى (زۆر بڵێ)دا هه‌فته‌ى رابردوو سه‌یاره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى حیزبى وانێك دوو ته‌قله‌ى لێدا، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ هیچ زیانێكى گیانى و ماڵیى واى لێ نه‌كه‌وته‌وه‌ چونكه‌ جاده‌كه‌ ته‌خت بوو.

+ ئوتومبێلێكى تایبه‌ت كه‌ گومان ده‌كرێت ئوتومبێلى یه‌كگرتوو بێت، كه‌وته‌ بۆسه‌ى مه‌فره‌زه‌یه‌كمانه‌وه‌ و سایه‌قه‌كه‌ پشتێنى سه‌لامه‌تیى نه‌به‌ستبوو. كاتێك پرسیارى لێكرا بۆچى نه‌تبه‌ستووه‌؟ وتى ئاخر چۆنى ببه‌ستم، بیجامه‌م له‌به‌ردایه‌؟!

+ كامێراى چاودێریمان ئوتومبێلێكى حسكى ده‌ستنیشان كرد كه‌ گڵۆپى ئیشاره‌تى دانه‌گیرساندبوو. شۆفێرى ئوتومبێله‌كه‌ ده‌ڵێت پێویست ناكات گڵۆپى ئیشاره‌ت دابگیرسێنم چونكه‌ هه‌موو كه‌سێك ئه‌زانێ من بۆ كوێ ئه‌ڕۆم.

+ سێ شه‌و له‌مه‌وبه‌ر و له‌ ئاكامى وه‌رگه‌ڕانى ئایدیۆلۆجیاى سه‌یاره‌یه‌كى سه‌له‌فیدا ئوتومبێله‌ تایبه‌ته‌كه‌ى مامۆستا عه‌بدولـله‌تیف له‌ خه‌ره‌ندێكى هه‌زار به‌هه‌زاره‌وه‌ كه‌وته‌خوارێ و شاره‌زایانى مه‌نتیقه‌ سه‌ناعییه‌كه‌ ده‌ڵێن موسته‌حیله‌ ئه‌و سه‌یاره‌یه‌ جارێكى تر ببێته‌وه‌ به‌ سه‌یاره‌. شیاوى باسه‌ له‌دواى كاره‌ساته‌كه‌ى شێخى سه‌نعانه‌وه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ هیچ سه‌یاره‌یه‌ك به‌و شێوه‌ ترسناكه‌ وه‌رگه‌ڕێت.

+ ئۆفیسى سه‌ره‌كى هاتوچۆى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ئاگادارییه‌كیدا رایگه‌یاند هه‌تا كاتێكى دیارینه‌كراو پێویسته‌ سه‌یاره‌كه‌ى گۆڕان كه‌ گه‌یشته‌ (پردێ)، هه‌موو جارێك یوتێرن بكات.

+ له‌ ئه‌نجامى قه‌ره‌باڵغییه‌ دروستكراوه‌كه‌ى سه‌ر جاده‌ یه‌ك سایدییه‌كه‌ى مه‌سڵه‌حه‌ت، پێشبینى ناكرێ به‌م زوانه‌ هیچ ئوتومبێلێك بگاته‌ دووڕیانى ریفراندۆم.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure