توركیا... هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌خت له‌سه‌ر ئاگرێكى كز

بۆچوون / بیروڕا :: 26/09/2019

قسه‌كه‌رى ره‌سمى پارتى داد و گه‌شه‌پێدانى ده‌سه‌ڵاتدار له‌ توركیا ده‌ڵێت: هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌خت لاى ئێمه‌ قبوڵكراو نییه‌ و له‌ ئه‌جێنداى حیزبماندا باسناكرێت. سه‌رۆكى به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن و سه‌ركرده‌ى حیزبى گه‌لى كۆماریش (كه‌مال كليچدار ئۆغلۆ) ده‌ڵێت: هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌خت بژارده‌یه‌كى ناچاریه‌ چونكه‌ كاروبارى وڵات زۆر به‌ خراپى به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
 
سیستمى سه‌رۆكایه‌تى له‌ توركیا ئه‌وه‌ نابه‌خشێت به‌ حیزبى ئه‌كه‌په‌ كه‌ ده‌یه‌وێت، به‌ تایبه‌ت كه‌ ئۆپۆزسیۆن پێى وایه‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنە شاره‌وانیه‌كانى مانگى ئازارى رابوردوو به‌ كرده‌وه‌ کاریگەری له‌سه‌ر حیزبى ناوبراو و سیاسه‌ته‌كانى له‌سه‌ر ئه‌و سیستمه‌ تازه‌یه‌ى كه‌ ساڵێكه‌ په‌یڕه‌وده‌كرێت هەیە، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پێگه‌ى سه‌رۆك كه‌ ماوه‌ى زیاتر له‌ 20 ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌.

ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر كه‌ سه‌ركردایه‌تى داد و گه‌شه‌پێدان داواى هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌ختى كرد، به‌و پاساوه‌ كردى كه‌ هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌خت ده‌بێته‌ هۆى سه‌قامگیرى سیاسى و دارایی و ده‌ستى ده‌سه‌ڵات ده‌كاته‌وه‌ له‌و پرۆژه‌ و بڕیاره‌ پێویستانه‌دا كه‌ گرنگن له‌ دۆسیه‌ هه‌ستیاره‌كانى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا. به‌و هه‌ڵبژاردنه‌ پێش وه‌خته‌ش داواكانى هێنایه‌ دى و سه‌ركه‌وتنى به‌ده‌ستهێنا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تى و په‌رله‌مانیه‌كاندا، به‌ڵام دواتر كه‌وته‌ قه‌یرانى هه‌ڵبژاردنه‌ شاره‌وانیه‌كانه‌وه‌ و له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا داد و گه‌شه‌پێدان به‌ لاوازى ده‌ركه‌وت. بۆیه‌ شتێكى چاوه‌ڕواننه‌كراو نییه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌خت له‌ توركیا ئه‌نجامبدرێت و حیزبه‌كان چاوه‌ڕوان نه‌كه‌ن هه‌تا ساڵى 2023 ئه‌گه‌رچى له‌ لێداونه‌ ره‌سمیه‌كاندا نكۆڵى له‌وه‌ ده‌كه‌ن.

زۆر رێى تێده‌چێت له‌ نیوه‌ى دووه‌مى ساڵى داهاتوودا ئه‌م بڕیاره‌ بدرێت له‌ روانگه‌ى كۆمه‌ڵێك هۆكار و فاكته‌رى ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا ئه‌مه‌ش هه‌موو له‌ بارودۆخێكدا كه‌ ئه‌ردۆغان و حیزبه‌كه‌ى رووبه‌ڕووى كێشه‌ى زۆر و گرنگ بوونه‌ته‌وه‌، ره‌تكردنه‌وه‌ى ده‌ره‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌ شاره‌وانیه‌كه‌ى ئەسته‌نبوڵ و دووباره‌ ده‌نگدان و سه‌ر له‌ نوێ شكستهێنان هێنده‌ى تر هه‌ڵوێستى داد و گه‌شه‌پێدانى لاواز كرد. له‌ ئاكامدا چه‌ندین كه‌سایه‌تى ناودارى ئه‌و حیزبه‌ وازیانهێنا و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت حیزبى نوێى ركابه‌ر دروستبكه‌ن به‌هۆى ناڕه‌زاییانه‌وه‌ له‌ سیاسه‌ته‌كانى حیزب و تاكڕه‌وى ئه‌ردۆغان.

ئه‌م جیابوونه‌وانه‌ واده‌كه‌ن داد و گه‌شه‌پێدان نه‌توانێت پێگه‌ى جاران له‌ ناو جه‌ماوه‌ردا به‌ده‌ست بهێنێته‌وه‌. له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌ختئه‌نجام بدرێت پێش ئه‌وه‌ى سه‌ركرده‌ جیابووه‌كان و حیزبه‌كانیان به‌هێزببن و جه‌ماوه‌ر په‌یدا بكه‌ن، ئه‌مه‌ سیناریۆیه‌كى چاوه‌ڕوانكراوه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان په‌یڕه‌وى بكات بۆ لێدانى باباجان و داوود ئۆغڵو له‌ مانگه‌كانى داهاتوودا. كێشه‌ى ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ده‌نگه‌كانى خۆى زیاترن له‌ ده‌نگى حیزبه‌كه‌ى و دوور نییه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى داهاتووشدا جارێكى دیكه‌ سه‌ركه‌وتن بەدەست بهێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ حیزبه‌كه‌ى ره‌نگه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا نه‌مێنێت و بێت به‌ ئۆپۆزسیۆن، بۆیه‌ هه‌ندێك نووسه‌ر و بیرمه‌ند ئامۆژگارى ئه‌ردۆغان ده‌كه‌ن كه‌ واز له‌و حیزبه‌ بهێنێت و حیزبێكى نوێ دروست بكات.

ئه‌وه‌ى مه‌سه‌له‌كه‌ یه‌كلاده‌كاته‌وه‌ شێوازى مامه‌ڵه‌كردنى داد و گه‌شه‌پێدانه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا له‌گه‌ڵ دۆسییه‌ ناوخۆییه‌ گه‌رمه‌كان كه‌ له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ بارودۆخى ئابوورى و گوزه‌رانى خه‌ڵكە، دۆسییه‌ گه‌رمه‌كانى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ش گرنگترینیان مه‌سه‌له‌ى سوریایه‌ كه‌ چۆن ئه‌و باره‌ له‌سه‌ر شانى خۆیان لاببه‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێن ئه‌وا ساڵى داهاتووى توركیا بۆ هه‌موو لایه‌ك سه‌خت ده‌بێت.

 

 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure