نهێنییه‌كانى بازرگانیكردن به‌ ئه‌ندامه‌كانى مرۆڤه‌وه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 25/09/2019

وه‌رگێڕانى: د. شێركۆ عه‌بدوڵـڵا

ئیسرائیل كه‌ تاقه‌ وڵاتى حساب كراوه‌ له‌سه‌ر خۆرئاوا، یاساكانى به‌جۆرێكن كه‌ بازرگانیكردن به‌ ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌ى مرۆڤه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ ناكه‌ن و وڵاتێكیشه‌ زۆرترین بازرگانیكردن له‌م بواره‌دا تێیدا ئه‌نجامده‌درێت.

كاتێك ده‌بیستیت یان له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا به‌رچاوت ده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌ندامى مرۆڤ له‌ ته‌رمه‌كاندا ده‌فرۆشرێن یان ده‌دزرێن وا هه‌ستده‌كه‌یت فیلمێكى ترسناك ده‌بینیت، به‌ڵام ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ى كه‌ له‌ ناماقووڵ و له‌ خه‌یاڵ ده‌چێت! ئیسرائیل ده‌یكات ده‌رهه‌ق به‌ قوربانییه‌كانى.

رۆژنامه‌نووسى سویدى، دۆناڵد بۆستروم به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى راپۆرتێكى رۆژنامه‌وانیى ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ى ئاشكرا كرد و ئیسرائیل-ى پێ تۆمه‌تبار كرد.

به‌پێى راپۆرتێكى (بى بى سى)، ئیسرائیل له‌ مانگى نیسانى2017دا چه‌ندین ئه‌ندامى جه‌سته‌ى شه‌هیده‌ فه‌له‌ستینییه‌كانى دزیوه‌ و بۆ په‌رده‌پۆشكردنى مه‌سه‌له‌كه‌ رایگه‌یاند ته‌رمى 121 فه‌له‌ستینى كه‌ له‌ نه‌وه‌د-ه‌كانى سه‌ده‌ى رابوردووه‌وه‌ ده‌ستگیریكردبوون، بزر بووه‌.

به‌ڵام بازرگانیكردن به‌ ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌ى مرۆڤه‌وه‌ ته‌نیا هه‌ر ئیسرائیل ئه‌نجامى نادات، به‌ڵكو خراپبوونى بارودۆخى ئابووریى و سه‌ختى گوزه‌ران و لاوازیى و هه‌ره‌سهێنانى سیستمه‌كانى ده‌وڵه‌ت و داموده‌زگا دادوه‌ریى و یاساییه‌كانى به‌هۆى جه‌نگ و ناكۆكى ناوخۆى چه‌كداریى و ده‌سه‌ڵاتى هێزه‌ تیرۆریسته‌كانى ته‌ریب به‌ ده‌وڵه‌ت له‌ هه‌ندێك وڵاتدا هۆكارى بووژاندنه‌وه‌ى ئه‌م بازرگانییه‌ نامرۆڤایه‌تیه‌ بوون كه‌ له‌ ساڵانى رابوردودا له‌نێوان په‌نابه‌راندا ته‌شه‌نه‌ى سه‌ند، به‌تایبه‌ت ژنان و منداڵان.

جیهانگیریى وایكردووه‌ ئه‌م بازرگانییه‌ ببێت به‌ كرده‌وه‌یه‌كى گه‌ردوونى. به‌پێى راپۆرتى رێكخراوه‌كان و پێكهاته‌ مرۆڤایه‌تى و یاساییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، چین و پاكستان و میسر و فلیپین و كۆڵۆمبیا له‌ ریزى پێشه‌وه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌دان كه‌ بازرگانیكردن به‌ جه‌سته‌ى مرۆڤه‌وه‌ تیایاندا ره‌واجى زۆره‌. كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ى مه‌سه‌له‌كه‌ بووه‌ته‌ بازاڕێكى گه‌رم بۆ قازانجكردن و ته‌نانه‌ت بۆرسه‌ى نهێنى و تۆڕى ژێربه‌ژێر و ده‌ڵاڵ و داموده‌زگاى تایبه‌ت به‌ خۆى هه‌یه‌.

زۆربوونى پێویستى بۆ گۆڕینى ئه‌ندامه‌ خراپه‌كانى جه‌سته‌ى مرۆڤ به‌ ئه‌ندامى ساخ و سه‌لیم، داواكاریى له‌سه‌ر ئه‌م بازرگانییه‌ زیاتر كردووه‌. له‌ ناوچه‌كه‌ى خۆشماندا بازرگانییه‌كه‌ گه‌شه‌ى سه‌ندووه‌ و ته‌نانه‌ت ده‌ڵێن هه‌ندێك له‌ هه‌ژاره‌ قوربانییه‌كان بوونه‌ته‌ پارچه‌ى یه‌ده‌كى مرۆیى هه‌رزان. چونكه‌ سیستمه‌ یاسایى و به‌رگریكاره‌كان كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا لاواز بوون، به‌ته‌واوى هه‌ره‌سیانهێناوه‌. له‌مه‌ش خراپتر چاوه‌ڕوانكراوه‌، كاتێك كه‌ ئاسایش و سیستمى دادوه‌ریى هه‌رەس ده‌هێنن.

بانده‌ به‌هێزه‌كان و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان دۆخه‌كه‌یان قۆستووه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئه‌ندامى جه‌سته‌ى مرۆڤ به‌ نرخى هه‌رزان یان ته‌نانه‌ت دزینیشیان به‌ هاوكاریى پزیشك و كارمه‌ند و ئامێرى ته‌ندروستى كه‌ له‌م بواره‌دا كارده‌كه‌ن، جگه‌ر و دڵ و گورچیله‌ ده‌دزرێن، وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ به‌سه‌ر خێزانێكى سۆماڵى-دا هات كاتێك كه‌ له‌ ساڵى 2016دا ئه‌ندامانى ئه‌و خێزانه‌ رفێندران له‌ ساته‌وه‌ختێكدا كه‌ ده‌یانویست به‌ره‌و ئه‌وروپا كۆچ بكه‌ن و پاش ماوه‌یه‌ك ته‌رمه‌كانیان له‌سه‌ر رێگا فڕێدران پاش ده‌رهێنانى هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌یان. پێشتریش میسر ده‌ستیگرتبوو به‌ سه‌ر 10 سه‌نته‌ر و تاقیگه‌ى پزیشكیى هاوكار له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كۆمپانیاى نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ بازرگانیكردن به‌ ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌ى مرۆڤه‌وه‌ و چه‌ندین ئه‌ندامى ئه‌و بانده‌ ده‌ستگیركران و ملیۆنه‌ها دۆلار و قاڵبه‌زێڕ ده‌ستیان به‌سه‌رداگیرا، پاشان حكومه‌تى میسر یاساى سزاى توندوتیژترى ده‌ركرد تایبه‌ت به‌م جۆره‌ تاوانه‌.

به‌پێى ئاماره‌ ره‌سمییه‌كانى سوریا-یش نزیكه‌ى 18 هه‌زار هاووڵاتى سوورى له‌ ساڵانى رابوردوودا ئه‌ندامێكى جه‌سته‌یان له‌ده‌ستداوه‌ و زوربه‌ى حاڵه‌ته‌كانیش به‌ نایاسایى جێبه‌جێ كراون. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ ناوى به‌خشینیشه‌وه‌ بووبێت. ته‌نانه‌ت داعش-یش ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ى قۆستووه‌ته‌وه‌. له‌ وڵاتى یه‌مه‌ن-یش به‌رده‌وامبوونى قه‌یرانه‌كه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ى چه‌ند به‌رامبه‌ر كردووه‌. به‌ڵام له‌ لیبیا بازرگانییه‌كى كۆن ده‌ركه‌وتووه‌ته‌ كه‌ وه‌ك بازرگانیكردن وایه‌ به‌ كۆیله‌كانه‌وه‌. ئێستا له‌ بازاڕه‌كانى لیبیا-دا مرۆڤ ده‌فرۆشرێت و ئیتر به‌كارده‌هێنرێن بۆ له‌شفرۆشى یان بۆ فرۆشتنى ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌یان. سه‌ربارى ئه‌مه‌ش به‌ڵێنده‌رایه‌تییه‌كى تازه‌ هاتووه‌ته‌ گۆڕێ كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى قوربانییه‌كان به‌خۆیان بزانن بازرگانه‌كان كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ده‌كه‌ن وه‌ك جووتیار بۆ كاركردن له‌ وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كاندا به‌ زیادكردنى ئاشكرا، به‌ پاره‌یه‌كى كه‌م. بێگومان رێكخراوى داعش داهاتى ئه‌م كۆچه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ى به‌كارهێنا بۆ به‌ڕێكردنى كاره‌ تیرۆریسته‌كان.

كۆمپانیاكانى بازرگانیكردن به‌ ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌ى مرۆڤه‌وه‌ به‌دواى منداڵ و هه‌رزه‌كاردا ده‌گه‌ڕێن و جه‌سته‌ى ئه‌مانه‌ به‌ پاره‌یه‌كى زۆر ده‌فرۆشن، چونكه‌ تازه‌ و چالاكن. بۆیه‌ ئه‌م گروپه‌ ته‌مه‌نییه‌ زیاتر به‌ئامانجگیراون به‌تایبه‌ت له‌ناو په‌نابه‌راندا. شانبه‌شانى ئه‌م بازرگانییه‌ هاوسه‌رگیریكردن له‌گه‌ڵ كچى منداڵ و دروستكردنى تۆڕى سواڵكردن و كاركردن به‌ منداڵ په‌ره‌یانسه‌ندووه‌.

دیاره‌ به‌بێ هاوكارییه‌كى چالاكى نێوده‌وڵه‌تى و داڕشتنى یاساى توند و سزاى قورس له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تى، ناتوانرێت سنوورێك بۆ ئه‌م دیاردانه‌ دابنرێت.

دیاره‌ ئه‌م جۆره‌ تاوانانه‌ په‌یوه‌ندییشیان هه‌یه‌ به‌ بازرگانى ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و سپیكردنه‌وه‌ى پاره‌ و پشتیوانیكردنى تیرۆر و بازرگانى چه‌ك و تێكڕاى بابه‌ته‌ نامرۆڤایه‌تییه‌كانى دیكه‌، كه‌ به‌ توندوتۆڵى پێكه‌وه‌به‌ستراون. پێویسته‌ ئه‌وه‌شمان له‌بیربێت كه‌ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ى ئه‌م بازرگانییه‌ قێزه‌ونه‌، پێویستى به‌ جێبه‌جێكردنى په‌یمان و رێككه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌ و ده‌بێت ئه‌و وڵاتانه‌یش كه‌ ئیمزایان نه‌كردووه‌ ئیمزاى بكه‌ن و ببنه‌ ئه‌ندام تێیدا. له‌ چوارچێوه‌ى پابه‌ندبوون به‌ مافه‌كانى مرۆڤ و تێكه‌ڵكردنى له‌گه‌ڵ یاسا نیشتمانییه‌كاندا له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كدا كه‌ لانى كه‌مى ژیانێكى شایسته‌ بۆ مرۆڤ دابین بكات.

پ: ل. م

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure