ئەو فەیلەسوفەی دڵنیای كردینەوە كە لە مردن نەترسین

بۆچوون / بیروڕا :: 23/09/2019

وەرگێڕان و ئامادەكردنی: دواڕۆژ

هەموو مرۆڤێك ئیماندار بێت یان بێ‌ باوەڕ لە مردن دەترسێت چونكە مەرگ مەسەلەیەكی نەزانراوە. نازانین كەی دەمرین و دوای مردن چی روودەدات؟ 

زانست تائێستا نەیتوانیوە وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە. فەیلەسوفەكانیش دوو بەشن بەشێكیان باوەڕیان بەوە هەیە كە لەدوای مردن ژیان هەیە و لێپرسینەوە و پاداشت و سزا هەیە، دۆزەخ و بەهەشت هەیە. بەشێكی دیكە نكوڵی لەوە دەكەن و هیچكام لەو دوو تاقمە بەڵگەی بەهێز و رۆشنیان نییە كە ئەقڵ و ویژدان باوەڕیان پێ‌ بكات.

هۆكارەكەش بە سادەیی ئەوەیە كە تائێستا كەسێكی مردوو زیندو نەبووەتەوە تا پرسیاری لێبكەین لەوبارەیەوە. ئیپیكۆر وەك فەیلەسوفێكی مادی پێی وابووە لەدوای مردن ژیان بە هیچ شێوەیەك نییە. ژیانی راستەقینە ئەوەیە كە لە دنیادا بەسەری دەبەین و كاتێك دەمرین جەستەمان لەناو دەچێت و دەبێت بە خۆڵ. هەموو شتێكیش كۆتایی دێت.

لەم روانگەیەوە ئیپیكۆر داوامان لێدەكات كە لە مەرگ نەترسین چونكە ترس لە مردن هیچ مانایەكی نییە، لەبەرئەوەی كاتێك كە مردن دێت ژیان لەئارادا نییە و هەتا ژیان هەبێت مردن بە هیچ شێوەیەك بوونی نییە.

پێوەری ئیپیكۆر بۆ هەموو مەسەلەیەك شتە هەستپێكراوەكانە. ئەم فەیلەسوفە لەكاتێكدا دەركەوت كە بیروبۆچوونەكانی ئیفلاتون و ئەرستوو لە لوتكەدا بوون، هەر ئەو سەردەمەشە كە بیركردنەوەی فەلسەفی لە میتافیزیكەوە رووی كردە ئەخلاق. كرۆكی تێزەكەی ئیپیكۆر لەم رستەیەدا كۆدەبێتەوە: (چێژ باڵاترین چاكەیە و ئامانجی هەموو ژیانێكی كامەرانە.)

لەم روانگەیەوە ئیپیكۆر دەبێتە پێشەنگی مەیلە مادییەكە كە كاری كردەسەر چەندین فەیلەسوفی وەك ماركس و نیچە. ئیپیكۆر قوتابخانەیەكی دامەزراند كە كۆڵەكەكانی كۆڵەكەی مادی رووت بوون. ئەو یەكەمین كەس بوو باسی لە تیۆریی گەشەكردن و نەشونما و پێشكەوتن كرد، كە دواتر چارڵس داروین شوێنی كەوت.

ئیپیكۆر بڕوای بە جیاوازی چینایەتی و رەگەزیی نەبوو، بۆیە قوتابییەكانی ژن و پیاو و هەژار و كۆیلەشی تێدا بوو. دەوڵەت سپۆنسەری قوتابخانەكەی ئەم فەیلەسوفەی نەدەكرد و خواردنیان تەنیا هەر نان و ئاو بوو، هۆكارەكەش تەنیا هەر بێ‌ پارەیی نەبوو بەڵكو جۆرێك بوو لە سۆفیگەرێتی و رازیبوون بە خۆراكی كەم و خۆڕاهێنان لەسەر پەروەردەی رۆحی و دەروونی.

لەڕووی مێژووییەوە ئیپیكۆر دوای سوكرات و ئیفلاتون و ئەرستوو ژیاوە و باوەڕی وابووە كە زانست دەتوانێت بەشێوەیەكی سروشتی هەموو دیاردەكان لەیەك بداتەوە و ئیتر هیچ بوارێك بۆ خەرافات نامێنێتەوە كە پەیوەست بكرێت بە خواوەندەكانەوە. لەبەرئەوە هێرشێكی توندی كردە سەر پیاوانی ئایینی سەردەمەكەی خۆی و بەوە تۆمەتباری كردن كە لەڕێی سیحر و درۆ و خەڵەتاندنەوە میللەت بە هەڵەدا دەبەن.

خاڵێكی  گرنگ لە فەرهەنگی ئیپیكۆردا ئەوەیە كە وشەی چێژ بریتی نییە لە تێركردنی ئارەزوو، بەڵكو چێژ ئەوەیە كە ئارەزووت نەبێت. مرۆڤ ئەگەر ئارەزووی نەبێت ئازاریشی نابێت.

لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە ئیپیكۆر بیروباوەڕی تایبەتی خۆی هەبووە و هاوسەرگیریی نەكردووە و وەچەی نەخستووەتەوە. ئەو پێی وابوو هاوسەرگیریی و منداڵ خستنەوە ناهێڵن فەیلەسوف و زانا ئەركەكەی سەرشانیان جێبەجێ‌ بكەن.

خەسڵەتێكی گرنگی فەلسەفەی ئیپیكۆر ئەوەیە كە ئەو فەلسەفەیە لەكاتێكدا سەریهەڵدا كە واقیعی باڵادەست لە یۆنانی ئەو سەردەمەدا لەسەر ئەفسانە و خەرافەت دامەزرابوو. ئەقڵ هیچ بوارێكی نەبوو بۆ رامان و بیركردنەوە بە مەبەستی روونكردنەوەی بابەت و مەسەلەكان. بەداخەوە هیچكام لە بەرهەمەكانی ئەم فەیلەسوفە گەورەیە نەماوە تەنها تاك و تەرایەكی كەم لە نووسینەكانی و سێ‌ نامەی تایبەت نەبێت.

بەلای ئیپیكۆرەوە فەلسەفە بریتی بووە لە سێ‌ بەش، زانست و سروشت و رەوشت. زانستی یاسایی بناغەیە و فێرمان دەكات چۆن راستی لە هەڵە جیابكەینەوە. دووهەمینیان كە سروشتە لێكۆڵینەوە دەكات لەسەر سروشتی بابەتەكان، بەڵام ئەخلاق ئەو شتانە جیادەكاتەوە كە ژیانێكی بەختەوەر دابین دەكەن و پێویستە بیانپارێزین لەو شتە زیانبەخشانەی كە ژیان بەدبەخت دەكەن.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure