ڤایرۆسی تەڵاق

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

وەرگێڕانی: د. شێركۆ عەبدوڵڵا
سەرچاوە: ئەلحیوار ئەلموتەمەدین

توێژینەوەكان دەڵێن 40%ی هاوسەرگیریی و مارەكردنەكان لە كۆمەڵگاكانی ئەم ناوچەیەی خۆماندا بە تەڵاق كۆتایی دێت. هۆكار و پاڵنەری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەم دیاردەیەش لە زوربەی وڵاتەكانماندا تا ئەندازەیەكی زۆر لەیەكتری دەچن.

بێجگە لەم هۆكارانەش ئێمە هەموومان بەدەست نەخۆشییەكەوە دەناڵێنین، نەخۆشی خراپ هەڵبژاردن نەك هەر ئەوە بگرە هەندێكمان هاوسەرگیریی دەكەین بەبێ‌ ئەوەی هیچ رۆڵێكمان لە هەڵبژاردنی هاوژینەكەمان هەبێت.

كێشەكە تەنیا خراپ هەڵبژاردنی هاوژینەكە نییە بەڵكو خراپ هەڵبژاردنی كاتەكەیە. واتە ئەوكاتەی كە هەڵیدەبژێرین بۆ هاوسەرگیریی كاتێكی گونجاو نییە، و تەنانەت پاڵنەرەكانیش گونجاو نین. بڕیاری هاوسەرگیریی كردن بەندە بە وەڵامی سێ‌ پرسیارەوە، كەی؟ كێ‌؟ بۆچی؟

سەبارەت بە وەڵامی پرسیاری یەكەم، زۆربەمان بۆیە لەوكاتەدا هاوسەرگیری دەكەین چونكە دەترسین شەمەندەفەرە خێراكەی هاوسەرگیریكردن جێمان بهێڵێت، لە ئەنجامدا زۆرجار شەمەندەفەرەكە لەبری ئەوەی جێمان بهێڵێت دەمانكات بە ژێرەوە، خۆمان و منداڵەكانیشمان دەبن بە ژێر تایەی جیابوونەوەی دایك و باوكەكەوە.

وەڵامی پرسیاری دووەم، كە كێ‌ هەڵببژێرین قورسترین وەڵامە چونكە ئەقڵ و دڵ شەڕێكی قورس لەگەڵ یەكتریدا دەكەن بۆ وەڵامدانەوەی و سەرئەنجام یەكێكیان بەسەر ئەوی دیكەدا زاڵ دەبێت و بڕیارەكە دەدات.

واتە بڕیارەكە یان سەرومڕ بڕیارێكی سۆزدارییە یان سەرومڕ بڕیارێكی ئەقڵییە. لەنێوان ئەقڵ و دڵیشدا هەریەكەیان لۆجیك و پاساوی خۆی هەیە. بە رای من پێویستە بڕیارەكە دڵ بیدات چونكە ئەگەرچی هێزی ئەقڵ وەك ئەرستۆ دەڵێت رۆحی ژیانە بەڵام زەبر و زەنگی دڵیش گاڵتەی پێناكرێت. خۆشەویستی هێشتا لەم سەردەمە مادیەشماندا پێگەیەكی بەهێزی هەیە، كە سەردەمێكە مرۆڤ شەرم دەكات ستایشی خۆشەویستی بكات و رۆمانسیبوون بە مەسەلەیەكی مەزن دابنێت.

مانەوەی ئەم پێگەیەی خۆشەویستیش تەنیا هەر پێداویستییەكی گرنگی دەروونیی نییە بەڵكو پاڵنەرێكی ئەخلاقیشە بۆ هاوسەرگیریی كردن چونكە هاوسەرگیریكردن بەبێ‌ خۆشەویستی تەنیا هەر ریاكاریی و بەرژەوەندپەرستییە. چیخۆف زۆر راستی گوتووە كە دەڵێت: هاوسەرگیریكردن بەبێ‌ خۆشەویستی كارێكی سوك و ناشایستەیە بۆ مرۆڤ، رێك وەكو ئەوە وایە ئیمانت نەبێت و نوێژ بكەیت.

ئەم بیرو رایە زۆر راستە چونكە هەر شتێك سەرچاوەكەی هەست و دڵ نەبێت شتێكی ساختەیە و پشتی پێ‌ نابەسترێت، بۆیە بە هەموو جۆش و خرۆشێكەوە پێشنیار دەكەم رێگە بدە هەڵبژاردنەكە دڵ بیكات و ئەقڵ بڕیار بدات.

هەر بینایەك بەبێ‌ خۆشەویستی دروست كرابێت بناغەی نییە و رەنگە لە هەموو چركەساتێكدا بڕوخێت، ئەو چركەساتەی كە پاڵنەرە رەق و وشكەكان كۆتاییان دێت و بەرژەوەندییە ئەقڵییەكان دیار نامێنن.

خۆشەویستی بناغەی هاوسەرگیرییەكەیە، پاشان ئەقڵ مافی خۆیەتی بڕیار بدات كە ئاخۆ ئەم بناغەیە هێندە پتەوە بتوانێ‌ رووبەڕووی گیروگرفتە چاوەڕوانكراوەكە ببێتەوە، واتە پێویستە رۆژەكە بە باشی تاوتوێ‌ بكرێت.

ئەوەی كە دەگاتە قۆناغی جیابوونەوە و نازانێت لەبەر چی، بێگومان كەسێكە بێ‌ بەرییە لە زیرەكی سۆزداریی چونكە ئەو كەسانەی لەڕووی سۆزدارییەوە زیرەكن پێشوەخت هۆكاری كێشەكان دەزانن. كارێكی زۆر گەوجانەیە گیروگرفتەكانمان دوابخەین هەتا كەڵەكە دەبن.

زیرەكی سۆزداریی واتە بزانیت كەی ببەخشیت و دەستبەردار ببیت و سازش بكەیت، كەی خۆشەویستییەكە توند دەكەیت و كەی شلی دەكەیتەوە، كەی دەڵێیت بەڵێ‌ و كەی هاوار دەكەیت و بەبێ‌ هیچ دوودڵییەك دەڵێیت نەخێر. زیرەكی سۆزداری واتە مەسەلەكە بە روونی ببینیت و گوێ‌ نەدەیتە ئاوێنە نابیناكەی خۆشەویستی. 

ئەمە رامان دەكێشێت بۆ پرسیاری سێیەم.. ئەسڵەن بۆچی هاوسەرگیری بكەین و خۆمان تووشی ئەو سەرئێشەیە بكەین. ئەم پرسیارە چەندین وەڵامی جۆراوجۆری هەیە، وەڵامەكەش پەیوەستە بەو كەسەوە كە دەتەوێت هاوسەرگیری لەگەڵدا بكەیت و ئەو بڕیارە چارەنووسیە بدەیت. ئایا لەبەر ئەوەیە چونكە هاوسەرگیریی كردن سوونەتی ژیانە؟ یان بۆ منداڵ خستنەوەیە؟ یان بۆ كامڵ كردنی دیمەنێكی كۆمەڵایەتییە؟ یان بۆ رازیكردنی كەسانی دیكەیە؟ یان بۆ خراپ بەكارهێنانی هاوژینەكەتە یان بۆ بەرژەوەندییەكی تاكەكەسییە؟ یان لە باشترین حاڵەتدا ئەوەیە كە عاشقی كەسێك بوویت هەمان هۆكار و پاڵنەری تۆی نییە؟
ئەگەر بەوشێوەیە بێت ئەوا رۆژی سەد جار دەمریت و نامریت. ئەگەر لەبەر پاڵنەرەكانی دیكەش بێت ئەوا رەنگە هەندێك سۆز و خۆشەویستی لەو كەسەوە ببینیت كە خۆشی ویستویت و دڵت هەمیشە بەتاڵ و نائارام دەبێت. كێشەكە لەوەدایە كە ئێمە یەك جار دەژین و مشكی تاقیگەش نین.

ئەگەر تەڵاقی سۆزداریی رووبدات ئەوا چار نییە و تەڵاقە شەرعییەكەش هەر روودەدات. كەواتە ئەگەر هاوژینەكەت ویستی بڕوات هیچ پرسیاری لێ‌ مەكە چونكە پاساوەكەی پێش جانتاكانی ئامادە كردووە .. پاساوەكانیش كەم نین.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure