دیموكراسییەكی بێ‌ كەڵبە

بۆچوون / بیروڕا :: 18/09/2019

نووسینی: د. حەیدەر نزار
سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕانی: د. شێركۆ عەبدوڵـڵا

سروشتی سیاسی و كۆمەڵایەتی عێراق و بارودۆخی گشتیی ئێستا كە هەموو بەها و سیستمەكانی دەسەڵات و پێوەرەكانی دیكەی تێدا هەرەسیان هێناوە، تابلۆیەكی هێندە قێزەونە كە بەرگەگرتنی كارێكی ئاسان نییە، بەتایبەت گەر بزانین كۆمەڵە هێز و ناوەندێكی وا تیایدا باڵادەستن كە ئەوەندە كۆنن هی پێش سەرهەڵدانی دەوڵەت و دامەزراوەكانین.
ئەم داڕمان و كارەساتە بەردەوامانە، پێویستە وامان لێ‌بكەن بیربكەینەوە و بەشێوەیەكی كاتیی واز لەو خەونە خۆشانە بهێنین كە بە دیموكراسییەوە دەیبینین، ئەو دیموكراسییەی كە حكومەتی لاواز و بێ‌ توانا و تەمەڵ بەرهەمدەهێنێت، چونكە سروشتی سیاسی هاوپەیمانی و تەوافوق هەر حكومەتی لەو جۆرە دەسەپێنێت، حكومەتێك كە ناتوانێت خۆی لە باوەشی بەرژەوەندیی حیزب و هێزەكانی حیزب رزگار بكات.
رەنگە پڕۆسەی دەستبەرداربوون لەم داڕێژراوە دیموكراسییە داخوازییەكی میلـلی بێت و چارەسەرێك بێت بۆ دەربازكردنی وڵات لە قەیرانەكەی ئێستای. بەڵام بۆ چاودێری وردی سیاسی ئەم دەستبەرداربوونە پێداویستیەكیشە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخە گشتییە ناهەموارە و ئەم پاشەكشێ‌ ناشیرینەی دەوڵەت و دامەزراوەكانی و كۆتایهێنان بەو كێبڕكێ‌ ناشیرینەی كە هێزەكان دەیكەن بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و خۆسەپاندن وەك ئەڵتەرناتیڤێك بۆ یەكتری.
ئەزموونی ساڵانی رابوردوو سەلماندی كە چارەسەرە دیموكراسیەكان هێشتا گونجاو نین بۆ سروشت و ئارەزووی حیزب و هێزە كاریگەرەكانی عێراق. رەگەكەیشی هێشتا لە پێكهاتەی كۆمەڵایەتیماندا خۆی نەگرتووە. بۆیە پێویستە مامەڵە لەگەڵ واقیعێكدا بكەین كە تەواو جیاوازە لە خەیاڵە رۆمانسییە یۆتۆپیاییەكە.
وڵات پێویستی بە حكومەتێكی بەهێز و خاوەن بڕیار و هەندێك جار دڵڕەق و بەهرەمەند لە توانای سەركردایەتیكردنێكی راستەقینە هەیە كە سەرچاوەی ئەو هێز و دەسەڵاتە بریتی بێت لەو شەرعییەتەی لە میلـلەتەوە وەریگرتووە و هەموو لق و پۆپ و مەسەلە لاوەكییەكانی دیكە تێبپەڕێنێت كە بوونەتە پێوەر، بەتایبەت مەسەلە ئایینی و مەزهەبی و رەگەزی و ناوچەییەكان.
ئێمە ئێستا پێویستمان بە یەك ناسنامەی یەكگرتوو هەیە كە هەموومان كۆبكاتەوە، بەپێچەوانەی واقیعی ئێستامانەوە كە میلـلەت پارچەپارچە و دوژمن بەیەكترییە. ئەوەی ئێستا دەیبینین دەوڵەتێك نییە یەكمانخات و تێكەڵمان بكات و هەموومان لەئامێزبگرێت بەڵكو پەرش و بڵاوی و لێكترازانێكی بەردەوام دەبینین و ئامادەمان دەكات بە ژیانێك رازیبین كە لە هەلومەرجەكانی پێش شارستانیدا لەئارادابووە. تەنیا لەبەرئەوەی هەندێك كەس بتوانن هەژموون و كۆنترۆڵی خۆیان بەسەر وڵات و میلـلەتدا تاهەتایە درێژە پێبدەن.
بارودۆخی ئێستا و گوزەرانی خەڵكی عێراق دەسەڵاتێكی بەهێز و دادپەروەری پێویستە كە حیزبەكان تێبپەڕێنێت و تەنانەت ئەگەر پێویستیشی كرد پەڕلەمانیش تێبپەڕێنێت بۆ ئەوەی بەكردەوە ببێتە سەركردەی گۆڕەپانەكە و ئاواتی جەماوەر بهێنێتەدی لە دەستەبەركردنی ژیانێكی ئارام و شەرافەتمەندانەدا نەك وەكو ئێستا رۆژ بەڕۆژ بەرەو دواوە بڕۆین و دەوڵەت بەردەوام لە پاشەكشێ‌ و لاوازبووندا بێت و تەنانەت نەیشتوانێت رێگریی لە دەسەڵاتی خێڵ و تاقمە جیاجیاكان بكات كە هیچ باوەڕێكیان بە دەوڵەت و یاسا نییە.
رەنگە ئەم بۆچوونە بەلای زۆر كەسەوە بۆچوونێكی نامۆ بێت چونكە ئەوان خەون بەوەوە دەبینن بە دەستكێشی ئاورێشمییەوە رووبەڕووی شمشێر و تفەنگی رێگران ببنەوە. ئەوانە هیوادارن لەڕێی لێكتێگەیشتن و چاكسازییەكانەوە گۆڕانكاریی رووبدات. ئەمە قوماركردنێكی گەورەیە بە چارەنووسی وڵاتەوە كە پێویستی بە نەشتەری پزیشكێكی كارامەیە تا لەو لوە كوشندەیە رزگاری بكات.
ئەم چارەسەرە بە دڵی ئەو كەسانە نییە كە پێیانوایە ئامانج و داخوازییەكان بە وتار و خۆزگەخواستن جێبەجێ‌ دەبن، بەڵام بە دڵی ئەو كەسانەیە كە بەدوای دەوڵەتێكی بەهێزدا دەگەڕێن، دەوڵەتێكی خاوەن دامودەزگای كاریگەر و توند و رەق بەرامبەر ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت خۆیان شوێنی دەوڵەت بگرنەوە.

پ: ل. م
  

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure