ئاره‌زووى كۆنترۆڵكردن له‌لاى دایك

بۆچوون / بیروڕا :: 17/09/2019

سه‌رچاوه‌ : ماڵپه‌ڕى ئه‌لمه‌یدان 
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنى : د. شێركۆ عه‌بدوڵا


جه‌سته‌ى دایك پانتاییه‌كى میهره‌بانمان پێده‌به‌خشێت بۆ شێوه‌ وه‌رگرتن و كامڵ بوون پانتاییه‌ك كه‌ راهێنراوبن نه‌مر نییه‌ به‌ڵكو له‌ سنوورى ماوه‌یه‌كى كورتدایه‌ و دواتر له‌ ده‌ره‌وه‌ى جه‌سته‌ى دایك ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ین. له‌و چركه‌ساته‌دا كه‌ كۆرپه‌كه‌ى ناو سكى دایك شه‌ق هه‌ڵده‌دات له‌ دیواره‌كانى منداڵدانى ده‌یه‌وێت پێى بڵێت من ئێستا ئاماده‌م بۆ ژیان،  ئێمه‌ بیرمان ده‌چێته‌وه‌ كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان به‌شێك بووبین له‌ جه‌سته‌ى دایكمان به‌ڵام دایك هه‌رگیز ئه‌وه‌ى بیرناچێته‌وه‌ و ره‌نگه‌ ئه‌و چركه‌ساتى جیابوونه‌وه‌ى پێناخۆش بێت و ئاره‌زوومه‌ند بێت هه‌تاهه‌تایه‌ پێكه‌وه‌بن. له‌ كه‌لتورى هاوچه‌رخماندا هه‌تا بێت ترس و ئاره‌زووى كۆنترۆڵكردن زیاتر و به‌هێزتر ده‌بن. مه‌ترسیه‌كان بێسنوورن و جیهان بووه‌ته‌ ئۆقیانوسێكى بێزاركه‌ر و شێواو كه‌ پێویسته‌ ده‌رگاكانى به‌ روودا دابخه‌ین و هه‌ڵبێین و خۆمان رزگار بكه‌ین به‌ڵام ئایا ئه‌وه‌ كارێكى كرده‌ نییه‌؟
 
ترسى زۆر ده‌بێته‌ ره‌گ و ریشه‌یه‌كى به‌هێزى دڵه‌ڕاوكێ له‌ ناخى مرۆڤدا. ئه‌م ووشه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ قاموسى رۆژانه‌ماندا ووشه‌یه‌كى ئاساى و ئاشنایه‌ به‌ گوێمان به‌ڵام به‌ربڵاوترین نه‌خۆشى ده‌روونییه‌ كه‌ هه‌ستكردن به‌ مه‌ترسى سه‌رچاوه‌كه‌یه‌تى. زۆربوون و به‌هێزبوونى دڵه‌ڕاوكێ زه‌بره‌كانى رابوردوومان بیرده‌خاته‌وه‌ و وامان لێده‌كات پێشبینى زه‌برێكى تازه‌بكه‌ین وه‌ك ئه‌وه‌ى زه‌بره‌كه‌ به‌ڕاست روویدا بێت له‌ كاتێكدا كه‌ فریای ئه‌وه‌ ده‌كه‌وین هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ خۆمان له‌ زه‌بره‌كه‌ دووربخه‌ینه‌وه‌.

منداڵ ده‌ست ده‌كات به‌ گریان كاتێك دایكى جێى ده‌هێڵێت چونكه‌ له‌وه‌ ده‌ترسێت ئه‌و ئاره‌زووانه‌ى كه‌ دایكه‌كه‌ دابینى ده‌كردن ئیتر تێر ناكرێن، دایكه‌كه‌ش ده‌ترسێت ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ى بزر ببێت ئه‌وا غه‌ریزه‌ى دایكایه‌تى له‌ ناخیدا نامێنێت بۆیه‌ بێئه‌وه‌ى به‌ خۆى بزانێت ئه‌و ترسه‌ پاڵى پێوه‌ده‌نێت منداڵه‌كه‌ى بپارێزێت له‌ هه‌مان كاتدا خۆیشى وه‌ك دایكێك بپارێزێت، ئێستا جۆره‌ها شێوازى ته‌كنه‌لۆجى و ئامێرى پێشكه‌وتوو داهێنراون كه‌ له‌ رێگه‌یانه‌وه‌ دایكه‌كه‌ ده‌توانێت به‌رده‌وام ئاگاى له‌ منداڵه‌كه‌ى بێت و چاودێرى بكات. به‌لاى هه‌ندێك دایكانه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ بیرۆكه‌ى چاودێریكردن بیرۆكه‌یه‌كى سه‌رنجڕاكێشه‌ و كارێكى گونجاوه‌ هه‌موو شتێك بزانیت ده‌رباره‌ى ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ به‌لاته‌وه‌ گرنگه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا بیرۆكه‌یه‌كى نه‌خۆشه‌ چونكه‌ ده‌ست درێژیكردنه‌ بۆ سه‌ر ئازادى و سنووره‌كانى منداڵ. دایكایه‌تى هێنده‌ى ژیان سه‌خته‌. هیچ شتێكى تێدا نییه‌ به‌ڕه‌هایی هه‌ڵه‌ بێت یاخود به‌ ره‌هایی راست و دروستبێت. كارێكى سروشتییه‌ دایك له‌ په‌روه‌رده‌كردنى منداڵه‌كانیدا هه‌ڵه‌ بكات و له‌ هه‌ڵه‌كانیه‌وه‌ فێرببێت و راستیان بكاته‌وه‌.
 
هه‌ندێك له‌ دایكان به‌ مه‌حاڵى ده‌زانن بتوانرێت منداڵ له‌ هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌ و هه‌ڵه‌ و كاره‌ نه‌خوازراوه‌كان بپارێزرێت. پاراستنى منداڵ به‌وه‌ نایه‌ته‌ دى كه‌ خۆى بسه‌پێنێت به‌سه‌ر ژیانیدا و دزه‌ بكه‌یته‌ ناو ئه‌قڵ و چاویه‌وه‌ و هه‌میشه‌ سیخوڕى به‌سه‌ریه‌وه‌ بكه‌یت. ئه‌مه‌ پاراستن نییه‌ به‌ڵكو كوشتنى قۆناغى منداڵیه‌.

بارودۆخى هیچ نه‌وه‌یه‌ك له‌ بارودۆخى نه‌وه‌ى پێش خۆى ناچێت بۆیه‌ كارێكى زه‌حمه‌ته‌ دایك بیه‌وێت منداڵى كچه‌كه‌ى وه‌ك منداڵى سه‌رده‌مى خۆى بێت.

به‌ ده‌ردى فۆكۆ ده‌ڵێت: "بیرۆكه‌ى زیندان له‌ بنه‌ڕه‌تدا سیستمێكى بیناییه‌، زیندانیه‌كه‌ هه‌میشه‌ له‌ژێر چاودێریدایه‌ به‌ڵام ئه‌و پاسه‌وانه‌ نابینێت كه‌ چاودێرى ده‌كات و نازانێت له‌ كوێیه‌ چاودێرى كردنیش سزایه‌ له‌سه‌ر تاوانێك".

ئه‌م جۆره‌ په‌روه‌رده‌كردنه‌ به‌و چاودێرییه‌ به‌رده‌وام و ترسه‌ هه‌میشه‌ییه‌وه‌ زۆرجار یاخیبوونى منداڵه‌كه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌. با ئه‌و راستیه‌ بزانین و جۆرێكى تر نیگه‌رانییه‌كانمان وه‌ربگێڕین بۆ زمانى سه‌رده‌م.

پ: ن.ر

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure