وازهێنانى داوود ئۆغڵو... ئاكپارتى ئه‌ندازیار و بیرمه‌نده‌كه‌ى له‌كیسچوو

بۆچوون / بیروڕا :: 15/09/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لئه‌خبار 
وه‌رگێڕانى: د. شێركۆ عەبدوڵڵا 


وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ بڕیارى كۆمیته‌ى جێبه‌جێكردنى حیزبى داد و گه‌شه‌پێدان كه‌ داواى ده‌ركردنى كردبوو له‌ ڕیزه‌كانى حیزبدا، ئه‌حمه‌د داوود ئۆغڵوى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووتر و سه‌رۆكى پێشووى حیزبى داد و گه‌شه‌پێدان وازى له‌و حیزبه‌ هێنا. 

داوود ئۆغڵو له‌گه‌ڵ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یدا هێرشێكى توندى كرده‌ سه‌ر سه‌رۆك ئه‌ردۆغان له‌ هه‌موو بواره‌ سیاسی و ئابوورى و كه‌لتورى و ئه‌خلاقییەکاندا، بێجگه‌ له‌ بوارى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ كه‌ ئه‌م خۆى ئه‌ندازیارى بوو له‌سه‌ر بنه‌ماى كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى (قوڵایى ستراتیژى) كه‌ له‌ سه‌رده‌مى مامۆستایه‌تیدا له‌ زانكۆى مه‌ڕمه‌ڕه‌ له‌ شارى ئیستانبوڵ نووسیبووى، به‌رله‌وه‌ى عه‌بدوڵا گیول رابكێشێته‌ ناو حیزبه‌وه‌ و بیكات به‌ راوێژكارى خۆى له‌ كۆتایى ساڵى 2002دا كه‌ حیزبى ناوبراو ده‌سه‌ڵاتى گرته‌ ده‌ست داوود ئۆغڵو هه‌ر به‌ راوێژكارى مایه‌وه‌ كاتێك كه‌ ئه‌ردۆگان بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیران و عه‌بدوڵا گیولیش بوو به‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌، دواتر له‌ ساڵى 2009دا داوود ئۆغڵو بوو به‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ و پاشان له‌ حوزه‌یرانى 2014دا كاتێك كه‌ ئه‌ردۆگان بوو به‌ سه‌رۆك كۆمار وازی هێنا.

داوود ئۆغڵو به‌و وته‌یه‌ی ناوبانگى ده‌ركرد كه‌ كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ هاوسێكانى توركیادا سفر بكاته‌وه‌، به‌ڵام كرده‌وه‌ و سیاسه‌ته‌كانى جیاوازى ئه‌و وته‌یه‌ بوون به‌ جۆرێك كه‌ توركیا هیچ دراوسێیه‌كى دۆستى بۆ نه‌مایه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا بێجگه‌ له‌ وڵاتى قه‌ته‌ر كه‌ هاوشێوه‌ى داوود ئۆغڵو هه‌ڵگرى بیرى ئیخوانیه‌، خۆرئاوا ویستى داوود ئۆغڵو وه‌ك كیسنجه‌رى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌ دنیاى عه‌ره‌ب بناسێنێت به‌ تایبه‌ت كه‌ ئه‌م كابرایه‌ خۆرئاواى هێنایه‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ى كه‌ ئه‌زموونى دیموكراسى عه‌لمانى ئیسلامى له‌ سوریادا سه‌ركه‌وتنى به‌ده‌ست هێناوه‌. بۆیه‌ هه‌ردوولا خۆرئاوا و توركیا هه‌وڵیاندا ئه‌م ئه‌زموونه‌ له‌ ناوچه‌ى وڵاتانى عه‌ره‌بیدا بره‌و پێبدات پێش ئه‌وه‌ى رووداوه‌كانى (به‌هارى عه‌ره‌بى) ناوچه‌كه‌ بهه‌ژێنێت له‌سه‌ر ئامۆژگارى وڵاتانى خۆرئاوا ئیخوانه‌كانى عه‌ره‌ب به‌ هه‌ڵه‌داوان روویان كرده‌ توركیا بۆ سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان به‌ تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ى حیزبى ناوبراو سه‌ركه‌وتنى گرنگى به‌ده‌ستهێنا له‌ بواره‌كانى خزمه‌تگوزارى و ئابووریدا، بێ ئه‌وه‌ى هیچ كه‌س گوێ بدات به‌ لایه‌نه‌ دیموكراسییه‌كه‌ى ئه‌م ئه‌زموونه‌ كه‌ توركیاى كرده‌ ده‌وڵه‌تێكى سه‌ركوتكراوى بێ به‌زه‌یی به‌رامبه‌ر به‌ نه‌یاره‌كانى ئه‌ردۆگان. 

داوود ئۆغڵو قه‌ناعه‌تى به‌ ئه‌ردۆغان كردبوو كه‌ ده‌توانرێت خه‌ونه‌كانى خه‌لافه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى عوسمانى بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ى كه‌ له‌ ده‌ورووبه‌رى دیمه‌شقدا هه‌ره‌سى هێنا. له‌م رووه‌وه‌ ئه‌ردۆغان له‌ 5ى ئه‌یلولى 2012دا وتى كه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا نوێژ له‌ مزگه‌وتى ئومه‌وى ده‌كات و له‌سه‌ر گۆڕى سه‌ڵاحه‌دینى ئه‌یوبى فاتیحە ده‌خوێنێت. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ داوود ئۆغڵو له‌ مانگى ئابى 2012دا پێشبینى ده‌كرد به‌شار ئه‌سه‌د له‌ ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌ و چه‌ند مانگێكدا هه‌ره‌س بهێنێت.

واقیعه‌ سیاسی و جوگرافى و مێژووییه‌كه‌ى ناوچه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ى هه‌موو پێشبینییه‌كانى داوود ئۆغڵوو بوو كه‌ له‌ حیزبه‌كه‌ى ده‌ركرا و ئه‌ویش جه‌نگى دژى ئه‌ردۆغان راگه‌یاند و هه‌وڵى رووخاندنى ده‌دات، رێك وه‌ك عه‌بدوڵا گیول كه‌ پشتیوانى ده‌كات له‌ عه‌لى بابه‌ جانى وه‌زیرى پێشووى ئابوورى توركیا. عه‌لى بابه‌ جانیش له‌ كۆتایى مانگى تشرینى دووه‌مى داهاتوودا دامه‌زراندنى حیزبه‌ تازه‌كه‌ى خۆى راده‌گه‌یه‌نێت. راپرسییه‌كان پێشبینى ده‌كه‌ن كه‌ حیزبه‌كه‌ى داوود ئۆغڵو له‌ %5.4 پشتگیرى هاووڵاتیانى له‌گه‌ڵدا بێت و حیزبه‌كه‌ى عه‌لى بابە جان نزیكه‌ى له‌ %10.9ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت چونكه‌ پشتیوانى ده‌زگا دارایی و ئابورییه‌كانى مسۆگه‌ر كردووه‌. جگه‌ له‌وه‌ش پشتیوانى كردنى گیول له‌ بابە جان یارمه‌تیده‌رێكى باشه‌ بۆ قبوڵكردنى ناوبراو له‌ ناو توركیادا ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پایته‌خته‌ جیهانییه‌كان كه‌ تا ئێستاش عه‌بدوڵا گیول په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نن كه‌ ئه‌ردۆغان ده‌سه‌پاچه‌ ده‌وه‌ستێت به‌رامبه‌ر دوژمنه‌كانى، به‌ تایبه‌ت كه‌ ئه‌و تواناكانى ده‌وڵه‌ت و سوپا و ئاسایش و هه‌واڵگرى و دادوه‌رى پێیه‌ جگه‌ له‌ڕێژه‌یه‌كى زۆرى ده‌زگاكانى راگه‌یاندن كه‌ هه‌ڵمه‌تى توندیان ده‌ستپێكردووه‌ دژى گول و بابە جان، داوود ئۆغڵو كه‌ ئه‌ردۆگان پێیان ده‌ڵێت له‌ پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ریان لێ وه‌شاندووه‌ بێ ئه‌وه‌ى ڕوونى بكاته‌وه‌ كه‌ بۆچى هاوڕێ دێرینه‌كانى لێى دووركه‌وتونه‌ته‌وه‌، ئه‌و هاوڕێیانه‌ى كه‌ له‌ ساڵى 2001 له‌گه‌ڵیدا پارتى داد و گه‌شه‌پێدانیان دامه‌زراند. له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا به‌ بێ گوێدان به‌ ئه‌نجامى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان له‌ نێوان ئه‌ردۆغان و ئه‌و سێ كه‌سایه‌تییه‌دا، ئه‌و راستیه‌ روون و ئاشكرا دیاره‌ كه‌ قۆناغى داهاتووى نزیك قۆناغێكى ئاسان نابێت بۆ ئه‌ردۆگان هه‌موو راپرسییه‌كان به‌ دوورى ده‌زانن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوودا هه‌ر كاتێك ئه‌نجام بدرێت، ئه‌ردۆغان جارێكى دیكه‌ هه‌ڵببژێردرێته‌وه‌، چونكه‌ قه‌یرانه‌ ئابوورى و داراییه‌ ترسناكه‌كه‌ له‌ توركیادا هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و ئه‌مه‌ش زۆر به‌ نه‌رێنى ره‌نگ ده‌داته‌وه‌ له‌سه‌ر خۆشه‌ویست بوونى ئه‌ردۆغان له‌ كاتێكدا كه‌ قه‌رزه‌ ده‌ره‌كییه‌كانى سه‌ر توركیا 460 ملیار دۆلاریان تێپه‌ڕاندووه‌ و رێژه‌ى بێكاریى زیاتره‌ له‌ %14 و هه‌ڵاوسان له‌ %25 و گرانبوونى راسته‌قینه‌ له‌ %50 زیاتره‌. سه‌ربارى ئه‌مانه‌ش ئه‌ردۆگان گیروگرفتى سه‌خت و ئاڵۆز و ترسناكى رووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌. ئێستا سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا له‌گه‌ڵ سوریادا له‌ خۆرئاواى فوڕاتدا گه‌یشتووه‌ته‌ بن به‌ست و له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانیشدا له‌ خۆرهه‌ڵاتى فوڕاتدا هه‌مان چاره‌نووسى تووش بووه‌ و له‌وێ پێكهاته‌ كوردییه‌كه‌ له‌ ئاینده‌دا مه‌ترسییه‌كى ستراتیژى دروست ده‌كات بۆ سه‌ر توركیا چی ئه‌ردۆغان بمێنێته‌وه‌ یان نه‌مێنێته‌وه‌ دیاره‌ ده‌رهاویشته‌كانى گۆڕه‌پانى سوریا به‌ گۆڕانكارییه‌ چاروه‌ڕوانكراوه‌كانیه‌وه‌ خۆیان به‌سه‌ر ئه‌ردۆگاندا ده‌سه‌پێنن، چونكه‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو لوتكه‌یه‌كى سێ قۆڵى له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌به‌سترێت و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت هه‌فته‌ى داهاتوو ترامپ و ئه‌ردۆغان له‌ نیویۆرك یه‌كترى ببینن. ئه‌م دیداره‌ چاره‌نووسى سیاسه‌ته‌كانى توركیا به‌رامبه‌ر سوریا و له‌ڕێگه‌ى ئه‌ویشه‌وه‌ به‌رامبه‌ر ناوچه‌كه‌ یه‌كلایى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و سوریایه‌ی كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ زۆر خراپ تێوه‌یگلا له‌ژێر كاریگه‌رى تێڕوانین و وته‌كانى داوود ئۆغڵودا له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌ردۆغان زۆر سه‌رسام بوو به‌ وته‌كانى داوود ئۆغڵو و پێیوابوو به‌هارى عه‌ره‌بى ده‌یكاته‌ سوڵتان و خه‌لیفه‌یه‌كى عوسمانى تازه‌.

ئه‌م پرۆژه‌ ناوچه‌ییه‌ شكستى پێهێنرا و له‌گه‌ڵیدا پرۆژه‌كانیش له‌ ناوخۆى توركیادا داڕمان به‌ تایبه‌ت مه‌سه‌له‌ى ئیسلامیكردنى ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌ى توركى. هه‌ڵبژاردنه‌ شاره‌وانییه‌كانى كۆتایى مانگى ئازارى رابوردوو سه‌لماندى كه‌ خه‌ڵكى توركیا ده‌نگ ده‌دات به‌ ئۆپۆزسیۆن دواتریش جارێكى دیكه‌ له‌ ئیستانبوڵدا به‌ڕێژه‌ى له‌ %55 ده‌نگیدا به‌ ئیمام ئۆغڵو. ئه‌مه‌ش ماناى وایه‌ له‌ ئێستا به‌ دواوه‌ هه‌موو پرۆژه‌كانى ئه‌ردۆغان كۆتاییهاتنیان مسۆگه‌ره‌.

پ: چ.ع

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure