كورده‌ گیان خه‌م مه‌خۆ هه‌موومان تیرۆریستین!

بۆچوون / بیروڕا :: 6 رۆژ پێش ئێستا

نووسینى: موحسین عه‌بدولڕه‌حمان
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

تیرۆر یاخود ترساندن و تۆقاندن به‌گشتى ئاڕاسته‌ى كه‌سێك یان كۆمه‌ڵێك ده‌كرێت له‌پێناو مه‌به‌ستێكى دیاریكراودا یان ده‌رئه‌نجامى هه‌ڵسوكه‌وتێكه‌. به‌ڵام سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ پێناسه‌ى تورك بۆ تیرۆر جیاوازه‌ له‌ پێناسه‌ و گۆشه‌نیگاى هه‌موو مرۆڤایه‌تى. به‌لاى توركه‌وه‌ تیرۆر چه‌مكێكى دیاریكراوى نییه‌ به‌ڵكو وشه‌یه‌كه‌ هاوواتاى كورد. كورد واته‌ تیرۆر و تیرۆریش واته‌ كورد.

له‌ زوربه‌ى زۆرى نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كاندا وشه‌ى كورد واته‌ ئازا. كه‌ لاى ئه‌وان كورد ئه‌و واتایه‌ نابه‌خشێت. كێ چوزانێ ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌وه‌ بێت كه‌ كورده‌ ساسانییه‌كان كاتى خۆى به‌ دانیشتوانى ناوه‌ڕاستى ئاسیایان وتووه‌ تۆرانى، واته‌ كۆچه‌ر. 

له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ئه‌مریكا و هه‌موو ئه‌وروپاش تیرۆریستن چونكه‌ له‌ كوردستانى رۆژئاوادا پشتیوانى له‌ كورد ده‌كه‌ن به‌ چه‌ك و هاوكارى دیكه‌ دژى داعش و كۆمه‌ڵه‌ تیرۆریستییه‌كان. هه‌روه‌ها به‌رده‌وامن له‌ پاراستنى فیدراڵییه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستاندا كه‌ ئه‌وان پێى ده‌ڵێن باكوورى خۆشه‌ویستمان.

ئه‌و توركانه‌ زۆر سه‌یرن چونكه‌ هێنده‌ رقیان له‌ كورده‌ ئاماده‌ن خۆیان تووشى ته‌كلوهه‌ بكه‌ن و له‌باتى هه‌موو وڵاته‌ داگیركه‌ره‌كانى كوردستان شه‌ڕى دژى كورد ده‌كه‌ن. خۆزگه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌ر لێره‌دا بمایه‌ته‌وه‌. تیرۆر له‌ روانگه‌ى توركه‌وه‌ ئه‌وه‌شى تێپه‌ڕاندوه‌ كه‌ ته‌نیا هه‌ر كورد و هاوپه‌یمانه‌كانى بێت. هه‌موو ئیسلامێكى غه‌یره‌ توركى و ئیخوانچى ئیسلامێكى تیرۆریسته‌. 

سوڵتان ده‌ڵێت شتێك نییه‌ ناوى كورد بێت و نیشتمانێك نییه‌ پێى بگوترێت كوردستان. دیاره‌ ئه‌ردۆگان په‌ندى له‌ سوڵتانه‌كانى پێش خۆى وه‌رنه‌گرتووه‌ و نازانێت كورد چ كانزایه‌كه‌ چونكه‌ به‌ ده‌ردى بایده‌میر له‌به‌رده‌م په‌ڕله‌مانى توركیادا چه‌ند جارێك دوپاتى كرده‌وه‌ كوردستان له‌ناو دڵاندایه‌.

له‌ روانگه‌ى تۆرانیزمه‌وه‌ تیرۆریست كورده‌. ئه‌و تێكۆشه‌ر و خه‌باتگێڕه‌یه‌ كه‌ داگیركردنى كوردستانى له‌لایه‌ن توركه‌وه‌ قبوڵ نییه‌. بۆیه‌ باوه‌ڕم وایه‌ تورك له‌ ئه‌ردۆگانه‌وه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌ناو توێژه‌ر و لێكۆڵه‌رن به‌ڵام له‌ڕاستیدا بوون به‌ رۆبۆت و توتى و ته‌نیا قسه‌كانى سه‌رۆكه‌كه‌یان دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ڕاستیدا تووشى كوردۆ فۆبیا بون، واته‌ له‌ وشه‌ى كورد زه‌نده‌قیان چووه‌.

نیڵسۆن ماندێلا كاتێك كه‌ مه‌دالیاى ئه‌تاتوركى ره‌د كرده‌وه‌ گوتى ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت تورك بناسیت، یه‌ك سه‌عات كورد به‌. ئه‌مه‌ شایه‌تى كه‌سێكى بێ لایه‌نه‌. شایه‌تى ماندێلایه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ روانگه‌ى ره‌گه‌زپه‌رسته‌كانه‌وه‌ به‌ تیرۆریستێكى گه‌وره‌ ده‌زانرا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویست ناكات كورد تووڕه‌ ببێت یان خه‌فه‌ت بخوات ئه‌گه‌ر پێیان گوت تیرۆریست. چونكه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كى ته‌واو و گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌ت له‌ جیهاندا و پێشكه‌وتووترین كیشوه‌ر له‌ قاموسى توركدا تیرۆریستن. ئه‌ردۆگان و داروده‌سته‌كه‌ى لێ ده‌ربچێت هه‌موومان تیرۆریستین. كه‌واته‌ ئیتر تیرۆر مایه‌ى شانازى و نیشانه‌ى ستایشه‌ نه‌ك شه‌رم و خۆبه‌كه‌مزانین.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure