شاره‌زایانى ئیسلام چۆن پاساو بۆ كوشتنى خه‌ڵكى مه‌ده‌نى ده‌هێننه‌وه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 11/09/2019

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕى ده‌نگت به‌رزكه‌ره‌وه‌
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنى: دواڕۆژ


هه‌ژده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ى 11ى سێپته‌مبه‌رى 2001 هه‌موو جیهانى هه‌ژاند كاتێك كه‌ تاوه‌ره‌كانى سه‌نته‌رى بازرگانى جیهانی له‌ شارى نیویۆرك كرانه‌ ئامانج و نزیكه‌ى سێ هه‌زار كه‌سیان تێدا كوژرا له‌ ره‌گه‌زى جیاجیا.

ئه‌و زنجیره‌ هێرشه‌ 19 خۆكوژى سه‌ر به‌ رێكخراوى قاعیده‌ به‌ئه‌نجامیان گه‌یاند. له‌وكاته‌وه‌ هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كان به‌رده‌وام له‌ هه‌ڵكشاندان و سه‌دان شوێنى گشتى و بازاڕ و نه‌خۆشخانه‌ و مزگه‌وت و شوێنانى تر له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانى جیهاندا كراون به‌ ئامانج.

رێكخراوه‌ ته‌كفیرییه‌كان كوشتنى خه‌ڵكى مه‌ده‌نى له‌ شوێنى هێرشه‌كاندا به‌ كارێكى شه‌رعى ده‌زانن چونكه‌ فه‌توا و بیروبۆچوونى دینى له‌ ئارادا هه‌ن كه‌ پشتیوانى له‌و ره‌فتاره‌ ده‌كه‌ن.

یه‌كێك له‌و بیانوانه‌ خۆ حه‌شاردانه‌، واته‌ ئه‌گه‌ر دوژمن خۆى حه‌شاردابوو له‌ناو كه‌سانێكدا كه‌ كوشتنیان حه‌رامه‌ به‌پێى ئه‌و فتوایانه‌ كوشتنى موسوڵمانه‌كانیش رێپێدراوه‌. 

ئیبن ته‌یمییه‌ له‌ كتێبه‌كه‌یدا (فتوا گه‌وره‌كان) نووسیویه‌تى: (زاناكان هاوده‌نگن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌گه‌ر سوپاى كافره‌كان خۆى شارده‌وه‌ له‌ناو موسوڵماناندا یاخود دیله‌ موسوڵمانه‌كانى كرد به‌ قه‌ڵغان بۆ خۆى پێویسته‌ سڵ نه‌كرێته‌وه‌ له‌ په‌لاماردانیان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر موسوڵمانیه‌كانیشیان تێدا بكوژرێت). سه‌باره‌ت به‌ خۆكوشتنیش واته‌ ئه‌نجامدانى كارى خۆكوژى، ئیبن ته‌یمییه‌ چیرۆكێكى پێغه‌مبه‌ر به‌ به‌ڵگه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ له‌سه‌ر گه‌نجێك كه‌ چیرۆكى میلله‌ته‌كه‌ى له‌ قورئاندا هاتووه‌ و ده‌ڵێت ئه‌و گه‌نجه‌ خۆى كوشتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دینه‌كه‌ ده‌ربكه‌وێت. بۆیه‌ هه‌رچوار مه‌زهه‌به‌كه‌ به‌ ره‌واى ده‌زانن موسوڵمان بچێته‌ ناو كافره‌كانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ به‌ كوشتنى خۆیشى ته‌واو بوو چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى موسوڵماناندایه‌.

هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ئه‌یمه‌ن زه‌واهیریى كاره‌ خۆكوژییه‌كان ناوده‌نێت كرده‌وه‌ى خۆشه‌هیدكردن. ته‌نانه‌ت كه‌سانى مه‌ده‌نیش كه‌ سه‌ر به‌ بیروباوه‌ڕى ئه‌و نه‌بن به‌ هاوكار و ده‌ستوپێوه‌ندى حكومه‌ته‌ كافره‌كان له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات.

به‌ڵام له‌ڕاستیدا حه‌دیس و رووداوه‌ مێژووییه‌كان كه‌ پاساو بۆ كارى خۆكوژى ده‌هێننه‌وه‌ مه‌به‌ستیان له‌و كاتانه‌یه‌ كه‌ له‌به‌ینى دوو سوپاى پیشه‌یدا جه‌نگ له‌ ئارادا بێت نه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ ئێستا رێكخراوه‌كان ده‌یكه‌ن له‌ شار و شارۆچكه‌ و ناوچه‌ جیاجیاكاندا.

له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ زاناكانى ئیسلام كرده‌وه‌ خۆكوژییه‌كان به‌ گوناهى گه‌وره‌ ئه‌ژمێرن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure