سنۆیدن پاش 6 ساڵ

بۆچوون / بیروڕا :: 10/09/2019

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕى ئه‌لئه‌خبارى لوبنانى 
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ
شه‌ش ساڵ پاش دزه‌پێكردنه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ى مێژوو ده‌بینین جیهان زۆر نه‌گۆڕاوه‌ یاخود گۆڕاوه‌ به‌ڵام به‌ بارى خراپیدا. نیشانه‌كانیش زۆرن له‌وانه‌ هه‌ڵبژاردنى دۆناڵد ترامپ به‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا، سه‌ركه‌وتنى بزوتنه‌وه‌ ڕاست ڕه‌وه‌كان له‌ جیهاندا و له‌ به‌رامبه‌ردا بزوتنه‌وه‌ چه‌پ ڕه‌وه‌كان پاشه‌كشه‌یان كردووه‌

سنۆیدن كه‌ ئه‌و هه‌موو زانیاریه‌ نهێنیانه‌ى دزه‌ پێكرد و پێشتر كارمه‌ندى هه‌ردوو ئاژانسى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی و هه‌واڵگرى ناوه‌ندى ئه‌مریكا بوو مه‌به‌ستى بوو ئه‌و ڕووداوه‌ و دزه‌پێكردنانه‌ ئاستى هۆشیارى گشتى بگۆڕێت و خه‌ڵك وریا بكاته‌وه‌ له‌ حكومه‌ته‌كانى خۆیان كه‌ سیخوڕى ده‌كه‌ن به‌سه‌ریانه‌وه‌.

سنۆیدن له‌ ساڵى 2013دا ئاشكراى كرد كه‌ سیستمێكى چاودێرى گشتگیر هه‌یه‌ بۆ سیخوڕى كردن به‌سه‌ر خه‌ڵكیه‌وه‌ له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهاندا له‌ ئاكامى ئه‌م كاره‌یدا سنۆیدن باجێكى قورسى داوه‌و هه‌تا ئێستاش ده‌یدات، چه‌ندین تۆمه‌تى گه‌وره‌ى دراوه‌ته‌ پاڵ، بڕیاره‌ سنۆیدن له‌ دیمانه‌یه‌كى ته‌له‌فزیۆنیدا وه‌ڵامى چه‌ند پرسیارێكى گرنگ بداته‌وه‌ كه‌ پوخته‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ ئاشكراكردنى ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ ده‌زگا جاسوسییه‌كانى به‌وشێوه‌یه‌ نه‌گۆڕى كه‌ ئێمه‌ ده‌مانویست، به‌ڵكو یاساكانیان گۆڕى و كارێكیان كردووه‌ كه‌ ئێستا چاودێرى و سیخوڕى كردن یاسایان له‌ پشته‌ و حكومه‌ت تائێستاش سیخوڕى به‌سه‌ر هه‌ر كه‌سێكه‌وه‌ ده‌كات كه‌ بیه‌وێت.

هه‌رچه‌نده‌ ئێستا هه‌موومان ده‌زانین چى ده‌گوزه‌رێت، به‌ڵام ئه‌و زانیاریه‌ به‌س نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مرۆڤ بتوانێت خۆى بپارێزێت، بۆ نموونه‌ هه‌موو كه‌س ده‌زانێت كه‌ فه‌یسبووك یاخود گۆگڵ باش نین. ئه‌م كۆمپانیایانه‌ ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه‌یان ناوێت كاریگه‌رى دروست بكه‌ن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاكانمان، به‌ڵكو ژیان و داب و نه‌ریت و ته‌نانه‌ت هه‌ڵسوكه‌وتى ئێمه‌شى مه‌به‌سته‌.

سنۆیدن كه‌ ملیۆنێك و 700 هه‌زار به‌ڵگه‌نامه‌ى لابوو، له‌ ساڵى 2013دا پێش ئه‌وه‌ى كه‌ هۆنگ كۆنگ جێبهێڵێت هه‌موویانى له‌ناوبرد، چونكه‌ پێى وایه‌ باشترین ڕێگه‌ بۆ پاراستنى ئه‌و زانیاریانه‌ بریتیه‌ له‌ له‌ناوبردنیان. ئێستا سنۆیدن دوور له‌ نیشتمانه‌كه‌ى خۆى ده‌ژى له‌ ڕووسیا و دوورى ئه‌و له‌ خێزانه‌كه‌ى ناهه‌موارى بۆ دروست كردووه‌ كه‌ شه‌ش ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ بارودۆخێكى زۆر دژواردا ده‌ژى، چونكه‌ ناوێرێت هیچ كرده‌وه‌یه‌ك بنوێنێت كه‌ ناسنامه‌كه‌ى و شوێنى ژیانى ئاشكرا بكه‌ن.

سنۆیدن هیواداره‌ دواجار بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ى خۆى، چونكه‌ ساڵ له‌ دواى ساڵ ڕاستى زیاتر ڕوون ده‌بێته‌وه‌، ئه‌و ده‌ڵێت ساڵى 2014 كه‌ په‌نام برد بۆ ڕووسیا له‌به‌رئه‌وه‌ بوو هه‌موو جیهانى سیاسه‌تى ئه‌مریكا دژى من یه‌كیان گرت و هوڵیاندا تۆمه‌تبارم بكه‌ن به‌وه‌ى كه‌ سیخوڕى ڕووسیم یاخود چینیم. سنۆیدن كه‌ له‌ دایكبووى ساڵى 1983یه‌ و كارمه‌ندێكى پێشووى CIA ئه‌مریكایه‌و له‌ ساڵى 2013ه‌وه‌ بووه‌ته‌ كه‌سایه‌تییه‌كى ناسراو له‌سه‌ر ئاستى جیهان، پاش ئه‌وه‌ى كه‌ زۆرترین بڕه‌ زانیارى له‌ مێژوودا ئاشكرا كرد ده‌رباره‌ى ئه‌و ڕێ و شوێنه‌ نایاساییانه‌ى كه‌ ئاژانسه‌ سیخوڕییه‌كانى ئه‌مریكا ده‌یگرنه‌به‌ر بۆ سیخوڕى كردن به‌سه‌ر خه‌ڵكیه‌وه‌ له‌ هه‌موو جیهاندا، بۆ نموونه‌ گوێگرتن له‌ ته‌له‌فۆنه‌كانیان و چونه‌ ناو ئه‌كاونته‌كانیانه‌وه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ تایبه‌تیه‌كانیاندا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure