توركیا و نه‌مانى بژارده‌كان

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 1 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


زۆرجار سیاسییه‌كان به‌ پشتبه‌ستن به‌ گروپێكى سه‌ركه‌وتووى ده‌وروبه‌رى خۆیان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنن به‌ڵام هه‌ندێكیان ناتوانن پارێزگارى له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ بكه‌ن و ده‌كه‌ونه‌ درۆى به‌رده‌وام بۆ له‌خشته‌بردنى راى گشتى. سه‌رۆكى توركیا نموونه‌یه‌كى ئه‌و سه‌ركرده‌ سیاسییانه‌یه‌.

ئه‌ردۆگان واى لێهاتووە هه‌ندێك جار له‌ لێدوانه‌كانیدا ئاماژه‌ بۆ هه‌ندێك راستى ده‌كات كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك حه‌ز ناكات رووبدات و بووه‌ته‌ مایه‌ى خه‌و زڕانى، چونكه‌ قه‌یرانى سیاسى زیاترى بۆ دروست ده‌كه‌ن. یه‌كێك له‌و لێدوانانه‌ى ئه‌ردۆگان ده‌ڵێت ئه‌مریكا به‌ یه‌ك چاو سه‌یرى توركیا و هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات ده‌كات. ئه‌ردۆگان ئه‌مه‌ى به‌ داخ و خه‌فه‌ت و تووڕه‌یى و نائومێدبوونێكى زۆره‌وه‌ راگه‌یاند، نائومێدبوون له‌ ئه‌مریكاى هاوپه‌یمانى كه‌ ناچارى كرد له‌ تۆڵه‌ى ئه‌وه‌دا بچێته‌ باوه‌شى روسیاوه‌ و سیاسه‌ته‌كانى مۆسكۆ له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ڵببژێرێت به‌و هیوایه‌ى ئه‌مریكییه‌كان ناچار ببن چاو به‌ ستراتیجه‌كانى خۆیاندا بگێڕنه‌وه‌ به‌تایبه‌ت به‌ خنكاندنى خه‌ونى كورد له‌ ناوچه‌كه‌دا.

به‌ڵام ئه‌ردۆگان ئه‌وه‌ له‌بیر خۆى ده‌باته‌وه‌ كه‌ له‌دواى 11ى ئه‌یلولى ساڵى 2011ه‌وه‌ ستراتیجى ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا گۆڕاوه‌. پێشتر ستراتیجه‌كه‌ى واشینتۆن هاوكاریكردن بوو له‌گه‌ڵ ئیسلامى سیاسیدا به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ حیزبه‌كه‌ى ئه‌ردۆگان و ئیخوان موسلیمیندا به‌گشتى، به‌ڵام ئێستا ستراتیجى ئه‌مریكا له‌ناوبردنى كۆمه‌ڵه‌ ئیسلامییه‌ رادیكاڵییه‌كانه‌.

هه‌ڵوێستى چه‌ند ساڵى رابوردووى ئه‌ردۆگان به‌تایبه‌ت له‌ پشتیوانیكردنى ئیخوانه‌كاندا خۆرئاواى وریاكرده‌وه‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌. ئه‌و خۆرئاوایه‌ى كه‌ چاوه‌ڕوان بوو توركیا نموونه‌یه‌كى ئیسلامیى لیبڕاڵى پێشكه‌ش بكات كه‌ له‌برى ئه‌وه‌ ئه‌ردۆگان سیاسه‌تێكى ترسناكى په‌یڕه‌و كرد بۆیه‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا به‌دواى هاوبه‌ش و ئه‌ڵته‌رناتیڤى تازه‌دا گه‌ڕان و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا روویان كرده‌ سعودیه‌ كه‌ وه‌كو ڤاتیكانى موسوڵمانه‌كان وایه‌ بۆ خۆرئاوا و جیاوازه‌ له‌و كۆمه‌ڵه‌ ئیسلامیانه‌ى كه‌ پشتگیریى ده‌كه‌ن له‌ گوتارى توندوتیژى.

هه‌روه‌ها ستراتیجێكى ترى ئه‌مریكا پشتیوانیكردنه‌ له‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌ كوردییه‌كان كه‌ بوونه‌ته‌ هه‌وێنى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات بۆ دژایه‌تیكردنى تیرۆر و توندڕه‌وى.
به‌م شێوه‌یه‌ كورد و هێزه‌كانى بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ ستراتیجى تازه‌ى ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا. ئه‌مه‌ مایه‌ى سه‌رسامى و باوه‌ڕنه‌كردنى زۆر كه‌س و لایه‌نه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهاندا. ته‌نانه‌ت رێژه‌یه‌كى زۆرى گه‌لى كوردیش له‌م هه‌ڵوێسته‌ى ئێستاى واشینتۆن سه‌رسامن. به‌ڵام به‌ بڕواى من ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین گۆڕانكارییه‌ جومگه‌ییه‌كانى سیاسه‌تى ئه‌مریكا له‌به‌رئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ى كورد و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى و خۆرهه‌ڵاتى فورات هیچ مه‌ترسییه‌كیان له‌سه‌ر نییه‌، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌نگه‌ له‌ قۆناغه‌ مێژووییه‌كانى داهاتوودا سه‌ركه‌وتنى زیاترى مه‌سه‌له‌ى كورد ببینین نه‌ك ته‌نیا له‌ رۆژئاواى كوردستاندا به‌ڵكو له‌ خودى توركیاشدا واته‌ له‌ كوردستانى باكووردا. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ توركیا و ئه‌ردۆگان زه‌نده‌قیان چووه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ ده‌ده‌ن زریانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ دوابخه‌ن له‌كاتێكدا كه‌ حكومه‌تى توركیا شكستى ته‌واوى هێناوه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنى دۆسییه‌ ناوخۆیى و ده‌ره‌كییه‌كاندا.

هه‌ڕه‌شه‌ بێ ئاكامه‌كانى ئه‌ردۆگان له‌ قسه‌ى به‌تاڵ زیاتر نین به‌تایبه‌ت كه‌ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر پێش كۆتایى ئه‌م مانگه‌ ناوچه‌ ئه‌منییه‌كه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتى فوراتدا ده‌ست به‌ دامه‌زراندنى نه‌كرێت ئه‌وا هیچ رێگه‌یه‌كى ترمان نییه‌ جگه‌ له‌ جێبه‌جێ كردنى نه‌خشه‌ تایبه‌ته‌كانى خۆمان.

ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ سنوورى پێگه‌ ئیعلامییه‌كان تێپه‌ڕ ناكات چونكه‌ بۆ سه‌رخستنى هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كى سه‌ربازى له‌و ناوچه‌یه‌دا پێویسته‌ هێزى ئاسمانى به‌كاربهێنێت ئه‌گینا پڕۆسه‌كه‌ ده‌بێته‌ خۆكوشتنێكى سیاسى به‌ر له‌وه‌ى خۆكوشتنێكى سه‌ربازى بێت و ئاشكراشه‌ ئه‌مریكا رێگه‌ به‌ ئه‌نقه‌ره‌ نادات فڕۆكه‌كانى به‌ ئاسمانى خۆرهه‌ڵاتى فوراتدا بسوڕێنێته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ بارودۆخێكدایه‌ كه‌ هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات خاوه‌نى چه‌ك و جبه‌خانه‌ى پێشكه‌وتویى سه‌ربازیى ئه‌مریكین. بۆیه‌ له‌ ئه‌نجامدا ئه‌ردۆگان هیچى بۆ نامێنێته‌وه‌ جگه‌ له‌ قبوڵكردن و راده‌ستبوون بۆ ئه‌مرى واقیع و قبوڵكردنى ئیداره‌ ئۆتۆنۆمییه‌كه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتى فوراتدا. واته‌ هه‌مان ئه‌زمونى توركیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تادا ئه‌نقه‌ره‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى ره‌ت كرده‌وه‌ و دژایه‌تى كرد دواتر ناچار بوو قبوڵى بكات و هاریكاری بێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure