تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چۆن ژیانمان ده‌شێوێنێت

بۆچوون / بیروڕا :: 07/09/2019

نوسینى : ئایه‌ ته‌نتاوى
سه‌رچاوه‌ : ماڵپه‌ڕى ئه‌لمه‌یدان
وه‌رگێران و ئاماده‌كردنى: دواڕۆژ

تۆ هه‌تا وێنه‌ گریمانه‌ییه‌كه‌ت له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ت وێنه‌یه‌كى باش بێت و كۆمێنته‌كانت جوان بن و وه‌ڵامه‌كانت سه‌رنجڕاكێش بن، ماناى وایه‌ كه‌سێكى خۆشه‌ویست و هه‌ڵكه‌وتوو متمانه‌ به‌ خۆ بوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژماره‌ى هاوڕێ گریمانه‌ییه‌كانت و شوێنكه‌تووه‌كانت زیاد ببن، ئه‌وا به‌خته‌وه‌رى و متمانه‌ به‌خۆبوونت په‌یوه‌ست ده‌بن به‌ زۆربوونى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌و كۆمه‌ڵگا گریمانه‌ییه‌ له‌ ده‌ورى تۆ و له‌ هه‌موو پۆستێكدا سه‌دان و بگره‌ هه‌زاران لایك و كۆمێنتت بۆ دێت، كه‌واته‌ تۆ كه‌سێكى نموونه‌یت و هه‌مووان خۆشیان ده‌وێیت و جێگاى سه‌رنجیانیت زۆر كه‌س هه‌وڵده‌دات لێت نزیكببێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ خه‌یاڵێكه‌ هه‌موومان پێیدا تێپه‌ڕبووین و ئاواتێكه‌ هه‌موومان خه‌ونى پێوه‌ ده‌بینین. ئێستا كه‌وتووینه‌ته‌ سه‌رده‌مێكه‌وه‌ كه‌ زیاتر بیر له‌ ژیانه‌ گریمانه‌ییه‌كه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ نه‌ك له‌سه‌ر ژیانه‌ واقعیه‌كه‌ و بایه‌خ به‌ زۆركردنى ژماره‌ى هاوڕێ و شوێنكه‌وتووه‌ گریمانه‌ییه‌كان ده‌ده‌ین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دووریش بێت له‌ ڕاستییه‌وه‌.

له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ ڕووخساره‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌كه‌ى ژیانى گریمانه‌ییه‌و سه‌رده‌مى ئه‌مڕۆمان سه‌رده‌مێكه‌ فۆتۆكۆپى لا باشتره‌ له‌ نموونه‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ و وێنه‌ى پێ باشتره‌ له‌ خودى شته‌كه‌ و نمایشى پێ په‌سه‌ندتره‌ له‌ واقیع و فه‌زڵى دیمه‌ن ده‌دات به‌سه‌ر بووندا. پسپۆڕانى بوارى بازاڕكردنى ئه‌لیكترۆنى ده‌ڵێن یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى گوشارى ده‌مارى كه‌ له‌ ئه‌نجامى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ تووشى مرۆڤ ده‌بن شتێكه‌ پێى ده‌گوترێت دراوى كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌ به‌پێى پێناسه‌كه‌ى وه‌كو دۆلار وایه‌ و به‌كارده‌هێنرێت بۆ نرخاندنى كاڵایه‌ك یاخود خزمه‌تگوزارییه‌ك له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. لایك و كۆمێنێت و شه‌یر وێنه‌یه‌كت له‌ وێنه‌كانى دراوى كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ نرخى شته‌كان داده‌نرێت پێى ده‌گوترێت ئابوورى بایه‌خ پێدان. هه‌موو شتێك له‌ پێشبڕكێدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بایه‌خى پێبده‌یت كاتێك بایه‌خه‌كه‌ى پێده‌ده‌یت ده‌بێته‌ پڕۆسه‌یه‌كى تۆماركراوى به‌هادار. له‌م پڕۆسه‌یه‌دا ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین سه‌رنج ڕابكێشین بۆ ئه‌وه‌ى خۆمان بكه‌ین به‌ كاڵاى مرۆیی كه‌ هه‌ناسه‌بڕكێیه‌تى به‌دواى ئافه‌رین و سه‌رنجى هه‌موواندا. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ش ساخته‌ و درۆ بێت.

له‌م ڕۆژگاره‌دا ناسنامه‌ دیجیتاڵییه‌كه‌مان له‌ ناسنامه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌مان گرنگتره‌، چونكه‌ له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدا ئه‌و دادگایمان ده‌كات. ئێستا مرۆڤایه‌تى له‌ دووڕیانێكدا ده‌ژى و پێویسته‌ پسپۆڕان و شاره‌زایانى گه‌شه‌پێدانى مرۆیی و ده‌روونناسى كارێك بكه‌ن له‌ مرۆڤدا بتوانێت ئاشته‌واى دروست بكات له‌ نێوان جیهانه‌ گریمانه‌ییه‌كه‌ و جیهانه‌ ماددییه‌كه‌دا، چونكه‌ مه‌حاڵه‌ بتوانین به‌بێ ته‌كنه‌لۆجیا بژین، پێویسته‌ له‌ ڕه‌نگه‌ بریقه‌داره‌ ڕزگارمان ببێت كه‌ ئه‌قڵى كۆنتڕۆڵ كردووین ئه‌گینا ترس له‌ ئاینده‌ ده‌بێته‌ ترسێكى ڕاسته‌قینه‌. له‌م ڕووه‌وه‌ حكومه‌تى چین سیستمێكى هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ ناوى لێناوه‌ سیستمى متمانه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و مه‌به‌ست لێى زانینى ئاستى متمانه‌كردنى به‌ گه‌لى چین له‌ نزیكه‌ى 1,4 ملیار كه‌سه‌ به‌ پێى ئه‌م سیستمه‌ هه‌موو هاووڵاتیه‌ك 100 خاڵى پێده‌درێت له‌ ئه‌كاونته‌كه‌یدا كه‌ په‌یوه‌ستكراوه‌ به‌ ناسنامه‌كه‌یه‌وه‌. ئه‌و كه‌سه‌ ئه‌گه‌ر كارێكى باشى كرد بۆ نموونه‌ به‌خشینى خوێن، كارى خۆبه‌خشى له‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى خێرخوازیدا، به‌شداریكردن له‌ پاككردنه‌وه‌ى ژینگه‌ و تا دواى. ئه‌وا خاڵه‌كانى زیاد ده‌بن و له‌ به‌رامبه‌ردا ده‌توانێت به‌خۆڕاى به‌شدارى بكات له‌ یانه‌ وه‌رزشییه‌كاندا یاخود كرێى هاتووچۆى بۆ كه‌م ده‌كرێته‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كارى خراپ بكات ئه‌وا خاڵه‌كانى كه‌مده‌بنه‌وه‌ و له‌ ئاكامدا ڕێگرى زۆرى ده‌خرێته‌ ڕێ له‌ ژیانى ڕۆژانه‌یدا بۆ نموونه‌ ئینته‌رنێته‌كه‌ى خاو ده‌كرێته‌وه‌ یان ڕێى پێنادرێت بچێته‌ چێشتخانه‌ به‌ناوبانگه‌كان.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure