به‌هێزتر له‌ یاسا

بۆچوون / بیروڕا :: 07/09/2019

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ى ئه‌لمه‌دا
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

كامیان به‌هێزتره‌، ئه‌وه‌ى ئه‌قڵ و پره‌نسیپ و نیشتمانپه‌روه‌رى هه‌یه‌ و بێ چه‌كه‌ یاخود ئه‌وه‌ى چه‌كداره‌ و خاوه‌نى ئه‌قڵ و پره‌نسیپ و هه‌ستى نیشتمانى نییه‌؟

زۆر ده‌وڵه‌ت چه‌كى فڕێدا و خۆى به‌هێزكرد به‌ نیشتمانپه‌روه‌ریى و پره‌نسیپه‌ مرۆییه‌كان و ئه‌قڵ، له‌ ئاكامدا حكومه‌ته‌كان و گه‌له‌كانیشیان سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا و وڵاته‌كان گه‌شه‌یان كرد و بوونه‌ پێشه‌نگ له‌ جیهانى پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانیدا، بۆ نموونه‌ یابان و مالیزیا و سه‌نگافوره‌ و وڵاته‌كانى دیكه‌، به‌ڵام ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى كه‌ خۆى په‌یوه‌ست كرد به‌ چه‌كه‌وه‌ وه‌ك بیروباوه‌ڕێك بۆ سزادانى گه‌له‌كه‌ی و ده‌رگاى به‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیى و بێ سه‌روبه‌ریدا كرده‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى راوه‌دونانى ئه‌قڵ و سه‌ركوتكردنى پره‌نسیپ و هه‌ستى نیشتمانپه‌روه‌ریى، چاره‌نوسى هه‌ر هه‌رسهێنان بووه‌ و هاووڵاتییانى له‌ حاڵه‌تێكى گیانكێشانى هه‌میشه‌یدا ژیاون.

زۆر مایه‌ى ئازار و ناخۆشحاڵییه‌ كه‌ پاش ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌ى قوربانیدانى خه‌ڵكى عێراق له‌پێناو دروستكردنى ده‌وڵه‌تێكى یاساپه‌روه‌ردا كه‌چى ببیستین هێشتا له‌ عێراقدا كه‌سانێك هه‌ن له‌ یاسا به‌هێزترن، چونكه‌ چه‌كیان پێیه‌. ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ یاسا به‌هێزتر ده‌بێت یان نه‌یارى هه‌ڵه‌ و كرداره‌ خراپه‌كانى حكومه‌ته‌ و به‌دڵنیاییه‌وه‌ خاوه‌نى ئه‌قڵ و پره‌نسیپ و هه‌ستى نیشتمانییه‌ یاخود لایه‌نێكه‌ نه‌ حكومه‌ت و نه‌ یاسا و نه‌ دروستكردنى ده‌وڵه‌تى به‌لاوه‌ گرنگه‌ و نه‌ گوێ ده‌داته‌ پێشكه‌وتنى وڵات. ئه‌مه‌ خاوه‌نى یاسا و زمانى تایبه‌تى خۆیه‌تى كه‌ هیچ نیشانه‌یه‌كى نیشتمانپه‌روه‌ریى و پره‌نسیپ و ئه‌قڵانیه‌تێكى تێدا نییه‌ و گرنگترین ئامانج به‌لایه‌وه‌ خۆسه‌پاندنه‌ به‌ زۆریى چه‌ك بۆ به‌ده‌ستهێنانى ده‌ستكه‌وتى تایبه‌ت. ئه‌وه‌ى كه‌ ئێستا له‌ عێراقدا باڵاده‌سته‌ جۆرى دووهه‌مه‌، به‌تایبه‌ت له‌وكاته‌وه‌ كه‌ به‌ده‌ستهێنانى چه‌ك كارێكى ئاسان و بێ لێپرسینه‌وه‌ و بێ سزایه‌. 

له‌وكاته‌وه‌ى كه‌ حیزبه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان له‌نێوان خۆیاندا دابه‌ش كردووه‌ و هه‌ر حیزبێك بۆ پاراستنى خۆى چه‌ك و ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ئه‌ندامه‌كانیدا دابه‌ش ده‌كات، ئه‌م جۆرى دووهه‌مه‌ كۆنترۆڵى عێراقى كردووه‌، بۆیه‌ زۆر ئاساییه‌ ببیستین كه‌ زوو زوو ناكۆكیى خێڵه‌كى جۆراوجۆر رووده‌دات و تیایاندا چه‌كى قورس و مامناوه‌ندیى به‌كارده‌هێنرێن و كوژراو و بریندارى زۆریان لێده‌كه‌وێته‌وه‌، هۆكاره‌كانیش یان تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ یان كێشه‌ى ژنه‌ یان له‌سه‌ر زه‌وى و زه‌رعاته‌.

به‌م دواییه‌ش هۆكارێكى تازه‌ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، ناكۆكیى نێوان خێڵه‌كان له‌ مه‌سه‌له‌ى بازرگانیكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌. له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ئه‌م خێڵانه‌ حیساب بۆ یاسا ناكه‌ن و له‌ سزاى حكومه‌ت ناترسن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر چه‌ند كه‌سێكیشیان لێ ده‌ستگیر بكرێت چونكه‌ ده‌زانن ده‌سه‌ڵاتێكى هێنده‌ به‌هێزیان كه‌ ده‌توانن حكومه‌ت ناچار بكه‌ن ئازادیان بكات كه‌ ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ ئاماژه‌یه‌ك بێت بۆ هه‌بوونى په‌یوه‌ندى له‌نێوان ئه‌و خێڵانه‌ و هه‌ندێك گروپى چه‌كداریى ده‌سه‌ڵاتدار له‌ناو ده‌وڵه‌تدا، كه‌ ئه‌ویش حیساب بۆ حكومه‌ت و یاسا ناكات.
كه‌واته‌ ئیتر چۆن ده‌توانین خه‌و به‌ بنیادنانى ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ببینن یان لانیكه‌م خه‌ون به‌وه‌وه‌ ببینین حكومه‌ت بتوانێت هاووڵاتى بپارێزێت له‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌ستدرێژیى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌ یاسا به‌هێزترن؟ چۆن ده‌توانین ئه‌قڵ و پره‌نسیپ و هه‌ستى نیشتمانى بگێڕینه‌وه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر چه‌كداریى و خۆپه‌رستى و لاساریى په‌روه‌رده‌ كراون؟

ئه‌ركى سه‌رشانى حكومه‌ته‌ ته‌واوى تواناكانى خۆى بخاته‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌ بۆ گه‌مارۆدان و هێرشكردنه‌ سه‌ر ئه‌م خێڵانه‌ و ناچاركردنیان به‌ فڕێدانى چه‌كه‌كانیان. به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ پێویسته‌ كۆنترۆڵى هه‌موو حیزبه‌ ده‌ستدڕۆیشتووه‌كان بكات و ناچاریان بكات ته‌نیا هه‌ر كارى سیاسى بكه‌ن نه‌ك ببنه‌ مافیا و تاقم و گروپى گێره‌شێوێن ئه‌گینا وڵات سه‌قامگیریى بۆ ناگه‌ڕێته‌وه‌ و هاووڵاتییه‌كانیشى هه‌ست به‌ ئاسایش ناكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م ئه‌ركه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاسان نییه‌، پێویستى به‌ هێز و باوه‌ڕێكى پته‌وه‌، به‌وه‌ى كه‌ ئاینده‌ بۆ ئێمه‌ نابێت ئه‌گه‌ر هێزى چه‌ك به‌رزتر بێت له‌ ده‌سه‌ڵاتى یاسا. ئێمه‌ پێویستمان به‌ حكومه‌تێكه‌ سه‌رى ماره‌كان بپه‌ڕێنێت، پێویستمان به‌ میلله‌تێكه‌ نیشتمانه‌كه‌ى خۆى خۆش بوێت و هه‌وڵى بنیادنانى بنێت.

به‌داخه‌وه‌ وا پێده‌چێت، ئه‌م چاوه‌ڕوانی و پێویستییه‌ زۆر بخایه‌نن، چونكه‌ هێشتا هێزى چه‌ك زاڵه‌ به‌سه‌ر ئه‌قڵ و پره‌نسیپ و نیشتمانپه‌روه‌ریدا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure