نهێنى سه‌ركه‌وتنى ئێران له‌ به‌رگه‌گرتنى سزا تازه‌كاندا

بۆچوون / بیروڕا :: 04/09/2019

سه‌رچاوه‌: ساسه‌پۆست
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

له‌ مانگى ئایارى ساڵى 2018دا سه‌رۆكى ئه‌مریكا كۆمه‌ڵێك سزاى تازه‌ى به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاند و ئابڵوقه‌یه‌كى سه‌ختى خسته‌ سه‌ر نه‌وتى ئه‌و وڵاته‌. ئه‌وا ساڵێكیش به‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى ئه‌و بڕیار و سزایانه‌دا تێده‌په‌ڕێت به‌ڵام تائێستا ئێران هیچ پاشه‌كشێیه‌كى گه‌وره‌ى نه‌كردوه‌ و هه‌تا ئێستا په‌یوه‌سته‌ به‌ سیاسه‌ته‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌ و سزاكان هیچ كاریگه‌رییان نه‌بووه‌ له‌سه‌ر بڕیاره‌كانى تاران. هه‌رچه‌نده‌ هیچ ده‌وڵه‌تێك پێشتر رووبه‌ڕووى سزاى وا قورس نه‌بووه‌ته‌وه‌.

نهێنى به‌رگه‌گرتنى ئێران تا ئه‌م چركه‌ساته‌ چییه‌؟ چۆن ئابورى ئه‌و وڵاته‌ هه‌ره‌سى نه‌هێناوه‌؟

نكوڵى له‌وه‌ ناكرێت كه‌ سزاكانى ترامپ زه‌ره‌رى ئابوورى گه‌وره‌ به‌ ئێران ده‌گه‌یه‌نن، دراوى ئێرانى دوو له‌سه‌ر سێى به‌هاكه‌ى خۆى له‌ده‌ست داوه‌ و هه‌نارده‌كردنى نه‌وت زیاتر له‌ نیوه‌ دابه‌زیوه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت زیاتریش داببه‌زێت له‌كاتێكدا كه‌ زوربه‌ى ئێرانییه‌كان له‌ قه‌یرانێكى مرۆیدان و چه‌ندین خێزانى ئه‌و وڵاته‌ ده‌مێكه‌ گۆشتیان نه‌خواردوه‌ و قه‌یرانى ده‌رمانى گرنگ یه‌خه‌ى گرتون.

كه‌چى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ ئاماژه‌یه‌ك له‌ ئارادا نییه‌ كه‌ سیاسه‌ته‌ ناوچه‌ییه‌كانى ئێران ده‌گۆڕێن یاخود سه‌ركرده‌كانى ئه‌و وڵاته‌ ئاماده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ مێزى گفتوگۆ یان مل كه‌چ بكه‌ن داواكارییه‌كانى ترامپ. له‌هه‌مان كاتیشدا هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ ناڕه‌حه‌تى و دژوارییه‌ ئابورییه‌كان بووبێته‌ هۆى ناڕه‌زایى و خۆپیشاندانى وا كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ مانه‌وه‌ى رژێمه‌كه‌ بكات.

له‌ دێڕه‌كانى خواره‌وه‌دا هه‌ندێك له‌و هۆكارانه‌ باس ده‌كه‌ین كه‌ یارمه‌تیده‌ر بون بۆ به‌رگه‌گرتنى تاران به‌رامبه‌ر سزا تازه‌كان.

حكومه‌تى تاران پێى وایه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى په‌ڕۆى سپى و ددان نان به‌ كاریگه‌رى سزاكان گه‌وره‌ترین شكسته‌ بۆى. بۆیه‌ گرنگترین ستراتیجى به‌لایه‌وه‌ بریتییه‌ له‌ به‌رگه‌گرتن و مانه‌وه‌. ئه‌مه‌ گرنگترین سه‌ركه‌وتنه‌ هه‌رچه‌نده‌ نرخه‌كه‌ى زۆر زۆریش بێت. ئابڵوقه‌ و ناڕه‌حه‌تى ئابورى درێژخایه‌ن شتێكى تازه‌ نین بۆ سه‌ركرده‌كانى ئێران و خه‌ڵكى ئه‌و وڵاته‌. بۆیه‌ دروستكه‌رانى بڕیار له‌ تاراندا پێیان وایه‌ ده‌زانن چۆن خۆیان له‌و سزایانه‌ بدۆزنه‌وه‌ و به‌پێوه‌ راوه‌ستن.

به‌ كرده‌وه‌ش سزاكان قه‌باره‌ى چینى ناوه‌ڕاست له‌ ئێران كه‌مده‌كاته‌وه‌ كه‌ چینێكى كۆمه‌ڵایه‌تى لایه‌نگرى خۆرئاوایه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا توندڕه‌وه‌كانى رژێم سوود له‌ سزاكان ده‌بینن له‌ڕووى ئابورییه‌وه‌ چونكه‌ كۆنترۆڵى بازاڕى ره‌ش ده‌كه‌ن. له‌ڕووى سیاسیشه‌وه‌ سزاكان یارمه‌تى حكومه‌تى تاران ده‌دات زیاتر كۆنترۆڵى وڵات بكات و ئۆپۆزسیۆن دابپڵۆسێت. به‌ كورتییه‌كه‌ى ئه‌م سزایانه‌ بۆ حكومه‌تى تاران سه‌ركه‌وتنێكى سیاسییه‌ به‌ تامى شكستێكى ئابوریى.

له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر شكستى سیاسى رووبدات ئه‌وا كاریگه‌رییه‌كه‌ى له‌سه‌ر ئابوریى ئه‌و وڵاته‌ توندتتر ده‌بێته‌وه‌. چونكه‌ هه‌ره‌سهێنانى حكومه‌ت واته‌ هه‌ره‌سهێنانى ته‌واوى ئابوریى.
ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى ناكۆكى نێوان ئه‌مریكا و ئێران مه‌سه‌له‌ى نه‌وته‌. ترامپ له‌ چه‌ندین بۆنه‌دا به‌ ئاشكرا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى ئێرانى بگه‌یه‌نێته‌ سفر. به‌ڵام هه‌تا ئێستا شكستى له‌و ئامانجه‌دا هێناوه‌. ئێران توانیویه‌تى سزاكان تێبپه‌ڕێنێت و نه‌وته‌كه‌ى خۆى هه‌نارده‌ بكات.

رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمزى ئه‌مریكى له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌دا نوسیویه‌تى: چین و چه‌ند وڵاتێكى تر له‌ جاران زیاتر نه‌وتى ئێرانیان پێده‌گات و له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ ئاشكرا ده‌كرێن.

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ هه‌ندێك به‌ڵگه‌نامه‌ ده‌ڵێن ئێران چه‌ند رێگایه‌كى ترى گرتووه‌ته‌به‌ر بۆ هه‌نارده‌كردنى نه‌وته‌كه‌ى له‌ڕێى به‌نده‌ره‌كانى ئیماراته‌وه‌. و پاش ئه‌وه‌ى ئاڵاى په‌نه‌ما به‌ كه‌شتییه‌كانیدا هه‌ڵده‌واسێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ بازگه‌كان تێپه‌ڕ ببێت، دواتر نه‌وته‌كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى ده‌ریادا له‌ كه‌شتى بچكۆله‌تردا به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌. له‌ به‌نده‌ر و شوێنه‌كانى نزیك سنورى ئیمارات.

رێگه‌یه‌كى دیكه‌ بۆ رزگاربوون له‌ ئابڵوقه‌كان بوار ره‌خساندنه‌ بۆ كۆمپانیا تایبه‌ته‌كان كه‌ نه‌وتى خاوى ئێرانى هه‌نارده‌ بكه‌ن. ئێران له‌م رووه‌وه‌ ئه‌زمون و مێژوویه‌كى به‌هێزى هه‌یه‌ كه‌ توانیویه‌تى تا ئێستا ته‌حه‌داى ئابڵوقه‌كانى پێ بكات. به‌ جۆرێك كه‌ زوربه‌ى هاورده‌كارانى نه‌وتى ئێران ده‌وڵه‌ته‌كان نین به‌ڵكو كه‌سان و كۆمپانیاى جیاوازن كه‌ كۆنترۆڵكردنیان كارێكى ئاسان نییه‌.

رێگه‌یه‌كى دیكه‌ بریتییه‌ له‌ فرۆشتنى نه‌وتى خاو له‌ به‌رامبه‌ر كه‌لوپه‌لى دیكه‌دا، واته‌ نه‌وت ناده‌ن به‌ پاره‌ به‌ڵكو ده‌یده‌ن به‌ كاڵا و پێداویستییه‌كانى دیكه‌. جگه‌ له‌وه‌ش ئێران بڕێكى زۆر نه‌وت و غازى له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنوورى خۆیدا ئه‌نبار كردووه‌ له‌ وڵاتانى وه‌ك روسیا و چین و عوممان.

خاڵێكى دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌نارده‌كردنى نه‌وت گرنگترین سه‌رچاوه‌ى داهاتى ئێران نییه‌. به‌پێى دوایین بودجه‌ى وڵاتى ئێران، پشتبه‌ستن به‌ هه‌نارده‌كردنى نه‌وت ته‌نیا 27% بووه‌. كه‌رته‌كانى پیشه‌سازیى و كشتوكاڵ و كانزا له‌ ساڵانى رابوردودا به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو له‌ ئێراندا گه‌شه‌یان كردووه‌ و زوربه‌ى زۆرى هه‌نارده‌كانى ئه‌م كه‌رتانه‌ به‌شێوه‌یه‌كى نافه‌ڕمى ئه‌نجام ده‌درێن بۆ خۆدزینه‌وه‌ و خه‌ڵه‌تاندنى سزا ئه‌مریكییه‌كان.

ساڵانى ئابڵوقه‌ و جه‌نگى عێراق ئێران زۆر كه‌رتى پیشه‌سازیى له‌ ئێراندا دروست كرد و بوژانده‌وه‌. بۆ نمونه‌ حاڵى حازر ئێران ده‌توانێت 97%ى پێداویستییه‌ ده‌رمانییه‌كانى خۆى به‌رهه‌م بهێنێت. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو به‌شێكیشى لێ هه‌نارده‌ ده‌كات بۆ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌.

وڵاتى ئیماراتیش هاوكارێكى باشى ئێرانه‌ چونكه‌ تۆڕێك له‌ په‌یوه‌ندى ئاڵۆز هه‌یه‌ له‌نێوان بزنسمانه‌كاندا كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئیمارات بووه‌ته‌ گرنگترین رێگا بۆ تێپه‌ڕاندنى سزا ئه‌مریكییه‌كان و سه‌رمایه‌گوزارى ئێرانى له‌ ئیماراتدا له‌ پله‌ى دووهه‌مدایه‌ پاش سه‌رمایه‌گوزارى ئه‌مریكیى. بۆ نموونه‌ ته‌نیا له‌ شارى دوبه‌ى ئێران 7660 كۆمپانیاى تۆماركراوى هه‌یه‌. ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان ئێران و ئیمارات سه‌ره‌ڕاى ئابڵوقه‌كانیش تائێستا له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدایه‌ به‌ به‌راورد به‌ وڵاته‌كانى دیكه‌ى ناوچه‌ى كه‌نداو. خه‌مڵاندنه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ئه‌ڵێن سه‌رمایه‌گوزارییه‌كانى ئێران له‌ ئیماراتدا نزیكه‌ى 300 ملیار دۆلاره‌.

كۆڵه‌كه‌یه‌كى دیكه‌ى ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا عێراقه‌. هه‌ژمونى ئێران له‌ عێراقدا هه‌ر له‌ڕووى سه‌ربازیى و سیاسییه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵكو په‌لى هاویشتووه‌ بۆ بوارى ئابوریش. كۆمپانیا و كرێكارانى ئێرانى به‌ رێژه‌یه‌كى به‌رچاو له‌ عێراقدا كارده‌كه‌ن. ئێران به‌ بڕى 6.2 ملیار دۆلار كاڵاى جۆراوجۆر هه‌نارده‌ى عێراق ده‌كات. به‌رزترین رێژه‌ى ئاڵوگۆڕى گه‌شتیار له‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دایه‌. 90%ى هاورده‌كانى عێراق به‌رهه‌مى ئێرانین. 

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ئابورییه‌ نهێنییه‌كانى سوپاى پاسداران یارمه‌تیده‌رێكى گه‌وره‌ى حكومه‌تى تارانه‌ بۆ به‌رگه‌ گرتنى ئابڵوقه‌كانى ئه‌مریكا. به‌شێكى زۆرى كۆمپانیا و په‌یكه‌ره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانى ئابوریى ئێران مڵكى سوپاى پاسدارانن، بۆ نموونه‌ كۆمپانیاى خزمه‌تگوزارى ته‌له‌فون. توانا ئابورییه‌كانى سوپاى پاسداران رۆڵێكى گرنگى گێڕاوه‌ له‌ گه‌شه‌كردنى ئابوریى ئه‌و وڵاته‌ و پڕكردنه‌وه‌ى پێویستییه‌كانى بازاڕ. به‌تایبه‌ت كه‌ سوپاى پاسداران شاره‌زاییه‌كى بێ وێنه‌ى هه‌یه‌ له‌ تێپه‌ڕاندنى ئابڵوقه‌ ئه‌مریكییه‌كاندا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure