لەنێوان ناتۆ و روسیادا

بۆچوون / بیروڕا :: 14/05/2016

دواى تێپەڕبوونى زیاتر لە چارەکە سەدەیەک بەسەر هەڵوەشانى یەکێتى سۆڤیەتدا، هێشتا روسیا مەیلى بۆ ئەو سەردەمە دەچێت کە هێزێکى گەورەبوو. ئەتڵەسییش هێشتا هەوڵ دەدات لە رووى سیاسى و سەربازییەوە گەمارۆى بدات ئیتر بەشێوەیەکى راستەخۆ لەڕێى وڵاتانى بەڵتیک و ئەوروپاى خۆرهەڵاتەوە بێت کە بەسەرکردایەتیى خۆى پەیمانى وارسۆیان دامەزراندبوو، یاخود لەڕێى ئاسیاى ناوەڕاست و قەوقازەوە بێت ئەویش بەهۆى فراوانکردنەوەى پەیمانى ناتۆوە کە یان لەڕێى لەخۆگرتنى ئەو وڵاتانە لە ریزەکانیدا و پڕچەککردن و خستنە ژێر پارێزگاریى خۆیەوە یاخود فراوانکردنەوەى بە شێوەیەکى ناڕاستەخۆ لەڕێى بڵاوکردنەوەى بنکەى ئەمریکى یان فرەنسى یاخود بریتانى لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، بەتایبەت لە کەنداوى عەرەبیدا. با ئەوەیشمان لەبیرنەچێت تورکیا کە لە دواى ویلایەتە یەکگرتووەکان دووەمین هێزى سەربازیى ناتۆیە، بەرەى پێشەوەى رووبەڕووبوونەوەى مۆسکۆ پێکدێنێت.

ئابڵۆقەدانى روسیا ستراتیژیەکى کۆن و نوێى ئەتڵەسییە و بە شێوەى جیاواز پەیڕەوى کردووە، جارێک بە هەڵایسانى شۆڕشە رەنگاوڕەنگەکان لە ناو ماڵى خۆیدا وەک ئەوەى لە ئۆکرانیا روویدا و جارێکیش بەهۆى مانۆڕى گەورەى جۆرجیا و بڵاوکردنەوەى زرێى دژە مووشەک لەسەر سنوورەکانى وەک ئەوەى ئێستا لە رۆمانیا جێگیرى دەکات. وەک زیادەڕۆییەکیش لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا بنکەیەکى سۆڤیەتیى هەڵبژاردووە بۆ دانانى دژەمووشەک. بەڵام لەهەمانکاتیشدا هەوڵیداوە بۆ هێورکردنەوەى تووڕەییەکانى روسیا لەڕێى هەندێک لێدوانەوە کە منداڵێکیش قەناعەتى پێناکات نەخوازە فلادیمێر پوتینێک کە خۆى بەلاوە یاریزانێکى ستراتیژییە و بانگەشەى هاوسەرۆکیى خۆى دەکات لە بەڕێوەبردنى جیهاندا.

لەکاتى داناى زرێى دژە مووشەکەکان لە رۆمانیا، رۆبێرت وۆک یاریدەدەرى وەزیرى بەرگرى ئەمریکا وتى:"مادام ئێران بەردەوامە لە پەرەپێدانى مووشەکى بالستی و بڵاوکردنەوەى، ویلایەتە یەکگرتووەکانیش لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا کار دەکات بۆ بەرگریکردن لە ئەتڵەسى". بەڵام جینس ستۆڵتینبێرگ ئەمیندارى گشتى پەیمانەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە سیستمە مووشەکیەکە" ئاستى تواناى بەرگریى هاوپەیمانە ئەوروپاییەکان بەهێز دەکات لە رووبەڕووبوونەوەى ئەو مووشەکانەى کە لەدەرەوەى ناوچەى ئەتڵەسییەوە ئاراستە دەکرێن بەتایبەت لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاستەوە". هەروەک داواى لە مۆسکۆیش کرد نیگەران نەبێت چونکە" ئەو پێگەیەى ناو رۆمانیایش هەروەک ئەوە وایە کە لە پۆڵەدا دادەنرێت و لەدژى ئەو نییە".

روسەکان پرسیارى ئەوە دەکەن: ئێرانێک کە بە بنکەى ئەمریکى و وڵاتانى نەیار لە ئازەربایجان و تورکیا و پاکستان و کەنداوەوە ئابڵۆقە دراوە، ئاخۆ دەتوانێت مووشەکى بالستى بە ئاراستەى ئەوروپادا بهاوێژێت؟ ئەى چى دەربارەى رێکەوتننامەى ئەتۆمی لەگەڵ تاران دەوترێت؟ ئایا ئەوە تەنیا مەرەکەبى سەر کاغەزە؟ ئاخۆ دەقەکەى، چاودێریکردنى پێگە سەربازیەکانى ئێرانى تێدا نییە؟ ئایا ئەتڵەسى ناتوانێت چاودێرى جموجوڵەکانى بکات و پێش ئەوەى تاقە موشەکێک بهاوێژێت وەڵامى بداتەوە؟ ئینجایش ئاخۆ ئێران هەر بەڕاست پلانى جەنگێکى جیهانیى هەیە؟

ئەمە جەنگى ساردى نێوان روسیا و ئەتڵەسییە بەهەموو دەرکەوتە کۆنە زانراوەکان و گۆڕانکارییە تازەکانیەوە لە ئەوروپاى خۆرهەڵات و ئاسیاى ناوەنددا. بەڵام ئێمە، بەتایبەت لە خۆرهەڵاتى عەرەبیدا ئامێرەکانى و سووتەمەنیەکانى دە ساڵ و زیاتریشە گڕیانگرتووە. وڵاتەکانمان دەسوتێنین و خۆمان وێران دەکەین.

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure