بۆچى له‌ جیهانى بزنسدا پێویسته‌ دوژمنت هه‌بێت؟

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

سه‌رچاوه‌ : ماڵپه‌ڕى ئه‌لمه‌یدان 
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنى : دواڕۆژ

له‌ دنیاى بازرگانى و بزنسدا مرۆڤ پێویستى به‌ دوو مه‌سه‌له‌ هه‌یه‌: یه‌كه‌میان دوژمن یاخود ركابه‌ر و ناحه‌ز و هه‌رچییه‌كى ناو ده‌نێى بینێ كه‌ هه‌میشه‌ روو به‌ رووت وه‌ستابێته‌وه‌ ئه‌گینا مه‌سه‌له‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى لێ دێت ته‌نیا هه‌ر خۆت شه‌تڕه‌نج بكه‌یت. 

مه‌سه‌له‌ى دووه‌میان میتۆدى مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دوژمنه‌دا كه‌ پێویسته‌ به‌ هه‌موو واتاكانه‌وه‌ پڕ بێت له‌ وریایى و سڵكردنه‌وه‌ و چاودێرى و ركابه‌رى و داهێنان و له‌ هه‌مان كاتیشدا خۆشه‌ویستى له‌ هه‌ناودا بێت یان لانى كه‌م رێزگرتن، چونكه‌ ئه‌م دوژمنه‌یه‌ ده‌بێته‌ تاقه‌ پاڵنه‌رى بنه‌ڕه‌تى بۆ هه‌ر سه‌ركه‌وتنێك كه‌ به‌ ده‌ستى ده‌هێنین. هه‌موو گه‌شه‌پێدانێك كه‌ له‌ كۆمپانیاكه‌تدا ئه‌نجامى ده‌ده‌یت له‌ پشتیه‌وه‌ ئاره‌زوویه‌ك هه‌یه‌ بۆ ململانێكردن له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كه‌تدا.

ره‌نگه‌ رۆژێك له‌ رۆژان ئه‌م دوژمنه‌ ده‌ستى یارمه‌تیت بۆ درێژ بكات ره‌نگیشه‌ سوكایه‌تى پێكردنت له‌ لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌ ببێته‌ پاڵنه‌ر بۆ دامه‌زراندنى كۆمپانیایه‌كى زه‌به‌لاح یاخود دوور نیه‌ وریابوونى به‌رده‌وامت له‌و دوژمنه‌ كه‌ بترسیت بۆرت بداته‌وه‌ گه‌وره‌ترین هانده‌رت بێت بۆ پەلەکردن له‌ داهێنان و گه‌شه‌پێداندا نموونه‌یه‌كى به‌رجه‌سته‌ ئه‌وه‌یه‌ كاتێك كه‌ كۆمپانیای ئه‌پڵ تووشى قه‌یران و بێ بازاڕى و كێشه‌ى دارایی و ئابورى گه‌وره‌ بوو له‌ ساڵى 1997دا كۆمپانیاى مایكرۆسۆفت كه‌ گه‌وره‌ترین ركابه‌رى ئه‌پڵ بوو 150 ملیۆن دۆلارى سه‌رمایه‌گوزارى كرد له‌ پشكه‌كانى كۆمپانیاى ئه‌پڵدا به‌ مه‌به‌ستى رزگاركردنى له‌و قه‌یرانه‌ كه‌مه‌رشێكنه‌.

ئه‌م سه‌رمایه‌گوزارى كردنه‌ وه‌رچه‌رخانێكى گه‌وره‌ى دروست كرد له‌ كۆمپانیاى ئه‌پڵدا چونكه‌ پاش چه‌ند ساڵێك توانى ئامێرى ئایپۆد بخاته‌ بازاڕه‌وه‌ له‌ ساڵى 2001دا كه‌ به‌ ئامێرێكى ئه‌فسانه‌یى له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درا، دواتریش له‌ ساڵى 2007دا ئایفۆنى خسته‌ بازاڕه‌وه‌ و به‌م هه‌نگاوانه‌ توانى به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رچاو پێش كۆمپانیاى مایكرۆسۆفت بکەوێت كه‌ له‌ ساڵى 1997دا له‌ مردن رزگارى كرد، مایكرۆسۆفت له‌ رووى سۆزدارى و جوامێرییه‌وه‌ كۆمپانیاى ئه‌پڵى رزگار نه‌كرد به‌ڵكو ئه‌و یارمه‌تییه‌ ده‌ره‌نجامى كۆمه‌ڵێك بڕیارى وابوون كه‌ زۆر به‌ باشى لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر كراوه‌. هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ مایكرۆسۆفت ده‌یویست كۆمپانیاى ئه‌پڵ بمێنێته‌وه‌ وه‌ك كۆمپانیایه‌كى متمانه‌پێكراو له‌ بواره‌كانى  گه‌شه‌پێدانى ئامێره‌ كۆمپیوته‌رییه‌كاندا و له‌ هه‌مان كاتدا گرەنتى ئه‌وه‌ بدرێت كه‌ كۆمپانیاى مایكرۆسۆفت له‌ بوارى سۆفت وه‌یردا هه‌ر خۆى پێشه‌نگ و پادشاى جیهان بێت. جگه‌ له‌وه‌ش مانه‌وه‌ى ئه‌پڵ مایكرۆسۆفتى ده‌پاراست له‌ تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى كه‌ گوایه‌ ده‌یه‌وێت بازاڕى جیهانى كۆمپیوته‌ر بۆ خۆى قۆرخ بكات و تووشى لێپێچینه‌وه‌ى یاسایی ببێت.

سوكایه‌تیكردن به‌ كه‌سى به‌رامبه‌رت و به‌ كه‌م سه‌یركردنى، به‌ تایبه‌ت له‌ بوارى بازرگانیدا هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌ و بگره‌ كوشنده‌یه‌. ئه‌م راستییه‌ به‌ دامه‌زراندنى كۆمپانیاى لامبۆرگینى ئیتاڵیدا ده‌بینین كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ى بۆیه‌ دایمه‌زراند چونكه‌ دامه‌زرێنه‌رى كۆمپانیاى فیرارى گوێى له‌ تێبینییه‌كانى ئه‌م نه‌گرت و گاڵته‌ى به‌ قسه‌كانى هات سه‌ره‌نجام لامبۆرگینى بوو به‌ یه‌كێك له‌ باشترین كۆمپانیا جیهانییه‌كان له‌ به‌رهه‌مهێنانى ئۆتۆمبێلى كه‌شخه‌ و به‌هێزى وه‌رزشیدا.

چیرۆكێكى دیكه‌ چیرۆكى دوو برایه‌ به‌ ناوه‌كانى رادۆڵف و ئه‌دۆڵف كه‌ كوڕى پیاوێكى ئه‌ڵمانى بوون به‌ ناوى ( دایسله‌ره‌)وه‌.

ناوبراو كارگه‌یه‌كى بچووكى دروستكردنى پێڵاوى هه‌بوو له‌ یه‌كێك له‌ شاره‌كانى ئه‌ڵمانیادا پێش به‌رپابوونى جه‌نگى دووه‌مى جیهانى دایسله‌ر توانى بووى سه‌رنجى وه‌رزشكاران بۆ به‌رهه‌مه‌كەى خۆى رابكێشێت و كارگه‌كه‌ى بكات به‌ناوبانگترین كارگه‌ى دروستكردنى پێڵاو كه‌ جه‌نگى دووه‌مى جیهانى هه‌ڵگیرسا هه‌موو شتێك گۆڕا و پاشان دایسله‌ر مرد. به‌ مردنى باوكه‌كه‌ شه‌ڕ و ناكۆكى له‌ نێوان دوو براكه‌دا سه‌رى هه‌ڵدا كه‌ هه‌ندێكجار زۆر توندوتیژ ده‌بوو.

ناكۆكییه‌کەش له‌سه‌ر چۆنیه‌تى به‌ڕێوه‌بردنى كارگه‌كه‌ بوو له‌ دواى باوكیان. سه‌ره‌نجام له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتن كه‌ كارگه‌یه‌كه‌ بكه‌ن به‌ دوو به‌شه‌وه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌ سه‌ربه‌خۆیی به‌شێكى به‌ڕێوه‌ ببات. رۆدۆڵف به‌شه‌ كارخانه‌كه‌ى خۆى ناو نا پۆما و ئه‌دۆڵفیش به‌شه‌كه‌ى خۆى ناو نا ئه‌دیداس دوژمنایه‌تى و ناكۆكى نێوان ئه‌م دوو برایه‌ وایكرد دوو كارخانه‌كه‌ ببنه‌ گه‌وره‌ترین ماركه‌ى بازرگانى له‌ جیهانى وه‌رزشدا. دوژمنایه‌تییه‌كه‌ هۆكارى داهێنان بوو له‌ لایه‌ن هه‌ردوو كۆمپانیاكه‌وه‌ و دوواجار سوودى به‌ هه‌ردووكیان گه‌یاند و هه‌روه‌ها به‌ پیشه‌سازى جیهانى و له‌ بوارى جلوبه‌رگ و كه‌ره‌سته‌ى وه‌رزشیدا. له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێین فێرببه‌ دوژمنه‌كانت خۆش بوێت و حسابى هانده‌ر و پاڵنه‌ریان بۆ ببێته‌ پاڵنه‌رت بۆ ڕه‌نج و شه‌ونخونى تا داهێنان و گه‌شه‌كردن به‌ده‌ست بهێنیت.

پ: چ.ع

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure