تاقیكردنه‌وه‌ باشترین به‌ڵگه‌یه‌

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ى ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


له‌ ده‌ستپێكردنى ساڵى خوێندندا شتێكى ئاساییه‌ كه‌ دایكان و باوكان هه‌موو هه‌وڵ و توانایه‌كیان بخه‌نه‌گه‌ڕ له‌ پێناوى په‌روه‌رده‌كردنى منداڵه‌كانیاندا به‌شێوه‌یه‌كى زانستى و سه‌ركه‌وتوو له‌ڕووى جه‌سته‌ و ده‌روونه‌وه‌، چونكه‌ منداڵانى ئه‌م جیهانه‌ هیواى ئاینده‌مانن. دیاره‌ چه‌ندین رێكار و ئه‌زمون و تیۆرى جۆراوجۆر هه‌یه‌ له‌م بواره‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ گرنگ و چاره‌نوسسازه‌دا، چ له‌ قوتابخانه‌ و چ له‌ ماڵ و چ له‌ یانه‌ جۆراوجۆره‌كان و به‌كورتییه‌كه‌ى له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان.

تازه‌ترین تاقیكردنه‌وه‌ش له‌ ئه‌ڵمانیایه‌ كه‌ هه‌ندێك قوتابخانه‌ رێگایه‌كى سه‌یریان داهێناوه‌ بۆ ته‌مێكردنى قوتابى لاسار ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ جۆره‌ چاكه‌تێكیان پێ له‌به‌ر ده‌كه‌ن كه‌ پڕه‌ له‌ لم بۆ ئه‌وه‌ى له‌كاتى وانه‌ خوێندندا له‌سه‌ر جێگاكانى خۆیان بمێننه‌وه‌.

ئێستا 200 قوتابخانه‌ له‌و وڵاته‌دا ئه‌و جۆره‌ چاكه‌ته‌ به‌كارده‌هێنن كه‌ كێشى هه‌ریه‌كه‌یان نزیكه‌ى 3 كیلۆیه‌. زۆرێك له‌ دایكان ئه‌م رێكاره‌ به‌ چاره‌سه‌رێكى باش ده‌زانن بۆ منداڵه‌ هاروهاج و لاساره‌كانیان و ده‌ڵێن له‌ سایه‌ى ئه‌و جۆره‌ چاكه‌ته‌وه‌ منداڵه‌كانیان ئێستا باشتر گوێ ده‌گرن. به‌ ئه‌زمون ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌م رێگایه‌ زۆر باشتره‌ له‌ به‌كارهێنانى ده‌رمانى ئارامبه‌خش كه‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى جوڵه‌ى زۆر و سه‌رنج نه‌دان له‌ناو منداڵاندا. بێگومان به‌شێك له‌و منداڵانه‌ نه‌ك ئه‌و چاكه‌ته‌ به‌ڵكو چاكه‌تى قوڕقوشمیش چاره‌سه‌ریان ناكات و خوا فرسه‌تى دایك و باوكه‌كانیان بدات. 

به‌ڵام تازه‌ترین به‌رهه‌مى یابانییه‌ بیلمه‌ته‌كان له‌ په‌روه‌رده‌كردنى منداڵه‌كانیاندا په‌نا بردنه‌ بۆ گریان. به‌ڵێ گریان به‌ڵام چۆن و بۆچى؟ ئه‌وان پێیان وایه‌ كاردانه‌وه‌ى ئه‌رێنى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌رونى منداڵ بۆیه‌ پێشبڕكێیان بۆ دروست ده‌كه‌ن له‌م بواره‌دا. رێوڕه‌سمى چالاكییه‌كه‌ش به‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ دایك و باوكى منداڵه‌كان نوێژێكى تایبه‌ت ده‌كه‌ن و دوعا ده‌كه‌ن منداڵه‌كانیان ته‌ندروست بێت. پاشان كۆمه‌ڵێك زۆرانباز منداڵه‌كان به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌ هه‌تا قریشكه‌یان ده‌گاته‌ ئاسمان. براوه‌ى یه‌كه‌میش ئه‌و منداڵه‌ ده‌بێت كه‌ له‌ هه‌موویان قایمتر ده‌گرى. بۆیه‌ باوك و دایكه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن منداڵه‌كان بترسێنن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر بگرین. ئه‌م نه‌ریته‌ له‌سه‌ر بناغه‌ى ئه‌و راستییه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت كه‌ منداڵى شیره‌خۆر ئه‌گه‌ر زۆر بگرى باشتر گه‌شه‌ ده‌كات و گریان ته‌ندروستییه‌كى باشى بۆ ده‌هێنێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure