ده‌رباره‌ى دیكارت

بۆچوون / بیروڕا :: 02/09/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


له‌سه‌رده‌مى رێنیساینسى ئه‌وروپیدا كۆمه‌ڵێك فه‌یله‌سوف هه‌بوون، به‌ڵام یه‌كه‌م فه‌یله‌سوفى مه‌زن كه‌ بنیادێكى فه‌لسه‌فى هاوچه‌رخى كامڵى دروست كرد، فه‌یله‌سوفى فڕه‌نسى رینیه‌ دیكارت بوو (1596-1650).

دیكارت له‌ رووخسار و جه‌سته‌دا كه‌سێكى جوان و سه‌رنجڕاكێش نه‌بوو، به‌ڵام زۆر زۆر زیره‌ك بوو، پێده‌چێت زیره‌كى هیچ په‌یوه‌ندى نه‌بێت به‌ جوانى و قۆزییه‌وه‌. رۆژێكیان كه‌ رینیه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ بێزاریى دانیشتبوو، مێشێك كه‌ به‌ناو ژووره‌كه‌دا ده‌فڕى سه‌رنجى راكێشا. مێشه‌كه‌ ئه‌و بێده‌نگییه‌ى ژووره‌كه‌ى چه‌ند به‌رامبه‌ر ده‌كرد به‌ گیزه‌گیزه‌كه‌ى و به‌ملاولادا به‌ ئاڕاسته‌ى چاوه‌ڕواننه‌كراودا ده‌فڕى. له‌پڕ رینیه‌ خه‌یاڵێك به‌ مێشكیدا هات، خه‌یاڵى ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌توانێت شوێنى مێشه‌كه‌ له‌ ژووره‌كه‌دا دیارى بكات به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ دوورییه‌وه‌ له‌ دیواره‌كان و بنمیچه‌كه‌. ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شێتییه‌كانى زاناكان و بۆمان ده‌سه‌لمێنێت كه‌ شێوازى بیركردنه‌وه‌یان جیاوازه‌ له‌ خه‌ڵكانى دیكه‌. مرۆڤى ئاسایى به‌ مێشكوژێكه‌وه‌ دواى مێشه‌كه‌ ده‌كه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى بیكوژێت، به‌ڵام زانا لەجوڵه‌ى مێشه‌كه‌ ده‌توێژێته‌وه‌.

ئه‌م بیرۆكه‌ ساده‌یه‌ واى كرد دیكارت پێگه‌یه‌كى به‌رز وه‌ربگرێت له‌ناو زه‌به‌لاحه‌كانى هزردا، چونكه‌ بنه‌ماكانى ئه‌ندازه‌ى شیكارى دۆزییه‌وه‌. ئه‌م لقه‌ى ئه‌ندازه‌ بریتییه‌ له‌ پێناسه‌كردنى شێوه‌ ئه‌ندازه‌ییه‌كان به‌ له‌به‌رچاوگرتنى ره‌هه‌نده‌كانى و دوورییه‌كانى له‌ چه‌ند ته‌وه‌رێكى دیاریكراوى نه‌گۆڕه‌وه‌. به‌م رێگه‌یه‌ دیكارت په‌یوه‌ندییه‌كى پته‌وى دۆزییه‌وه‌ له‌نێوان هه‌ردوو زانستى ئه‌ندازه‌ و جه‌بردا كه‌ یارمه‌تیده‌ر بوو بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى زۆرێك له‌ پرسیار و مه‌ته‌ڵه‌ بیركارییه‌كان. به‌مه‌ش زانستى جیاكاریى و ته‌واوكارى قه‌رزارى مێشەكه‌ى ماڵى دیكارتن.

دیكارت پاش ئه‌وه‌ى ئه‌و خزمه‌ته‌ گه‌ورانه‌ى پێشكه‌شى بیركارى كرد، له‌سه‌روكارى ئه‌وه‌دا بوو كتێبێك له‌ بوارى فیزیادا بڵاوبكاته‌وه‌، به‌ڵام كه‌ بیستى گالیلۆ گالیلێى زاناى ئیتاڵى حه‌ڤده‌ ساڵ له‌وه‌وبه‌ر زیندانى كراوه‌ به‌هۆى بڵاوكردنه‌وه‌ى چه‌ند بیرۆكه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌رباره‌ى ئه‌ستێره‌ناسى كه‌ نزیكن له‌ بیروبۆچوونه‌كانى ئه‌مه‌وه‌، ئیتر دیكارت وه‌ك شێت به‌ شه‌قامه‌كه‌دا رایكرد بۆ ئه‌وه‌ى له‌كاتى گونجاودا بگاته‌ كابراى خاوه‌ن چاپخانه‌ و نه‌هێڵێت كتێبه‌كه‌ى بڵاو بكاته‌وه‌.

تاوانه‌كه‌ى گالیلۆ كه‌ له‌ڕێى تلیسكۆبه‌ سه‌ره‌تاییه‌كه‌ى خۆیه‌وه‌ بۆى ده‌ركه‌وت هه‌ساره‌ى مشته‌رى چوار مانگى هه‌یه‌ به‌ده‌وریدا ده‌سووڕێنه‌وه‌، به‌ڵام زه‌وى ته‌نیا یه‌ك مانگى زیوینى جوان به‌ده‌وریدا ده‌سووڕێته‌وه‌.
ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه‌ى گالیلۆ كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ بوو بۆ پیاوانى كه‌نیسه‌ى كاسۆلیكى، چونكه‌ له‌ سه‌ده‌كانى ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ چه‌سپیبوو كه‌ گۆى زه‌وى ناوه‌ندى گه‌ردونه‌ و ئاسمانه‌كان دایپۆشیون، ئاسمان له‌پشت ئاسمان وه‌ك چۆن ئه‌ڵقه‌كانى پیاز ده‌ورى یه‌كترى ده‌ده‌ن.

له‌و سه‌رده‌مه‌دا پڕوپاگه‌نده‌ى ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ ناوه‌ندى گه‌ردوون زه‌وى نییه‌، به‌ڵكو خۆره‌. ئه‌مه‌ كفرێكى گه‌وره‌یه‌. هه‌ر زانا و فه‌یله‌سوفێك ئه‌م پڕوپاگه‌نده‌یه‌ بڵاوبكاته‌وه‌ پێویسته‌ له‌ كه‌نیسه‌ ده‌ربكرێت و سزاى قورس بدرێت. هه‌ر له‌م پێناوه‌دا پێشتر فه‌یله‌سوفى ئیتاڵى بڕۆنۆ به‌ زیندویى سوتێنرا و بیروبۆچونه‌كانى كیبله‌ر ره‌تكرانه‌وه‌ و گالیلۆ ده‌ستگیر كرا.

ئێمه‌ ده‌بینین خۆر و مانگ به‌ده‌ورى زه‌ویدا ده‌سووڕێنه‌وه‌. كه‌واته‌ كێ حه‌ددى هه‌یه‌ بڵێ زه‌وى ناوه‌ندى گه‌ردوون نییه‌. بۆیه‌ كه‌ گالیلۆ دێت و ده‌ڵێت به‌ تلیسكۆبه‌كه‌ى بینیویه‌تى چوار مانگ به‌ده‌ورى مشته‌ریدا ده‌سووڕێنه‌وه‌ ئه‌وا ئه‌و تیۆرییه‌ لنگه‌وقوچ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت زه‌وى ناوه‌ندى گه‌ردوونه‌. ده‌بوایه‌ ئه‌و مانگانه‌ به‌ده‌ورى زه‌ویدا بسووڕانایه‌ته‌وه‌. به‌درۆخستنه‌وه‌ى ناوه‌ندبوونى زه‌وى یه‌كه‌م زه‌بره‌ له‌ لوتبه‌رزى مرۆڤ ده‌دات و یه‌كه‌م دژایه‌تیكردنى زانستییه‌ بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ى كه‌ هه‌رسێ ئایینه‌ ئاسمانییه‌كه‌ ده‌ڵێن گوایه‌ هه‌موو گه‌ردوون له‌پێناوى مرۆڤدا دروست كراوه‌.

زریانى دووهه‌م له‌گه‌ڵ تیرۆییه‌كه‌ى دارویندا هه‌ڵیكرد كه‌ ده‌ڵێت مرۆڤ هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ ئاژه‌ڵێك وه‌ك هه‌موو ئاژه‌ڵه‌كانى دیكه‌. لوتبه‌رزى مرۆڤ سێهه‌مین زه‌برى له‌لایه‌ن سیگمۆند فرۆیده‌وه‌ به‌ركه‌وت كاتێك كه‌ وتى مرۆڤ نه‌ك ته‌نیا ئاژه‌ڵه‌، به‌ڵكو ئاژه‌ڵێكى ده‌روون نه‌خۆشه‌. ئه‌وه‌ى گالیلۆ هێنایه‌ ئاراوه‌ شتێك نه‌بوو قابیلى قبوڵكردن بێت له‌به‌رئه‌وه‌ خرایه‌ زیندانه‌ تاریكه‌كانه‌وه‌.

دیكارت كاسۆلیكییه‌كى میانڕه‌و بوو. پێى وابوو كه‌نیسه‌ هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌ى كردووه‌ كه‌ دژایه‌تیكردنى گالیلۆى راگه‌یاندووه‌. دیكارت له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو ئه‌گه‌ر دین و باوه‌ڕ بیانه‌وێت رووبه‌ڕووى شه‌پۆلى بێ پایانى پێشكه‌وتنى زانستى ببنه‌وه‌ و دژایه‌تى بكه‌ن له‌برى رێكکه‌وتن و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵیدا ئه‌وا پێشكه‌وتنى زانستى دین و باوه‌ڕ پێكه‌وه‌ وێران ده‌كات و ئاسه‌واریان ناهێڵێت.

دیكارت نه‌یده‌ویست بۆ سه‌لماندنى ئه‌م وته‌یه‌ بخرێته‌ زیندانه‌وه‌. پێویست بوو بیروباوه‌ڕه‌ فیزیایى و ئه‌ستێره‌ناسییه‌كانى خۆى بشارێته‌وه‌ و له‌ناو كتێبێكى فه‌لسه‌فه‌دا ئاماژه‌یان پێ بكات له‌ژێر ناونیشانى (چه‌ند رامانێكى میتافیزیكى له‌ فه‌لسه‌فه‌ى یه‌كه‌مدا). دیكارت ئه‌م كتێبه‌ى پێشكه‌ش كرد به‌ ده‌سته‌ى وانه‌بێژانى به‌شى ئایینزانى له‌ زانكۆى پاریس.

دیكارت ده‌یویست پیاوانى ئایینى بهێنێته‌ سه‌ر بیروباوه‌ڕه‌كانى خۆى كه‌ پێچه‌وانه‌ى قسه‌كانى ناو ئینجیل بوون. دیكارت به‌دواى بناغه‌یه‌كى پته‌وى چه‌سپاوى وادا ده‌گه‌ڕا كه‌ هیچ گومانێك قبوڵ نه‌كات، بناغه‌یه‌كى وا كه‌ بتوانین كۆشكه‌ تازه‌كه‌ى زانستى له‌سه‌ر بنیاد بنێین. ئه‌و بناغه‌ پۆڵایینه‌ خودى گومان بوو.

پێویسته‌ گومان له‌ هه‌موو شتێك بكه‌ین. گومان بكه‌ین له‌ قسه‌ى سیاسییه‌كان و شێخ و قه‌شه‌ و بانگه‌وازخواز و ته‌نانه‌ت دارتاشه‌كانیش. هه‌روه‌ها گومان بكه‌یت له‌ قسه‌ى كتێبه‌ پیرۆزه‌كان و كتێبى زانكۆكانیش، گومان بكه‌ین له‌ كتێبه‌كانى مێژوو، له‌ فه‌لسه‌فه‌ى كلاسیكى، له‌ قسه‌كانى ئه‌رستۆ، له‌ ئه‌ده‌بى كۆنى یۆنانى. هیچكام له‌و زانیارییانه‌ بناغه‌یه‌كى پته‌ویان نییه‌.

بنه‌ماكانى بیركردنه‌وه‌ى دیكارت له‌م چوار خاڵه‌دا كورت ده‌بنه‌وه‌:
1- هیچ بیرۆكه‌یه‌ك قبوڵ مه‌كه‌ ئه‌گه‌ر روون و ئاشكرا نه‌بێت. 
2- هه‌موو كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ كه‌ چاره‌سه‌ركردنى زه‌حمه‌ته‌ دابه‌ش بكه‌ بۆ چه‌ند به‌شێكى بچكۆله‌.
3- هزرت ریزبه‌ندى بكه‌ له‌ ئاسانه‌وه‌ بۆ زه‌حمه‌ت و قورس.
4- هه‌میشه‌ به‌ بیروباوه‌ڕه‌كانتدا بچۆره‌وه‌ نه‌ك به‌ هه‌ڵه‌دا چووبیت.

هه‌سته‌كانى مرۆڤ به‌كه‌ڵكى ئه‌وه‌ نایه‌ن ببنه‌ بناغه‌ى زانیارى راسته‌قینه‌، چونكه‌ زۆر جار سنووردار و خه‌ڵه‌تێنه‌رن.

له‌ دووره‌وه‌ هێڵى شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌بینین یه‌كیان گرتووه‌. كه‌وچك له‌ناو په‌رداخه‌ ئاودا ده‌بینین شكاوه‌ته‌وه‌ و چه‌ندین نموونه‌ى تر.

دیكارت رسته‌یه‌كى دۆزییه‌وه‌ كه‌ هیچى كه‌متر نییه‌ له‌ هاوكێشه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى ئه‌نیشتاین، رسته‌كه‌ ده‌ڵێت من بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌واته‌ من هه‌م. كه‌واته‌ دیكارت باوه‌ڕى وایه‌ گه‌وهه‌رى بوون و سروشته‌كه‌ى بریتییه‌ له‌ ئه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure