تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و خه‌باتى چینایه‌تى

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا


ره‌نگه‌ له‌ مێژووى مرۆڤایه‌تیدا هیچ شتێك هێنده‌ى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى وه‌ك فه‌یسبوك و تویته‌ر و ئه‌وانى دیكه‌ كاریگه‌ر نه‌بووبن له‌سه‌ر راى گشتى و تا ئێستاش هیچ بوارێك هێنده‌ى ئینته‌رنێت به‌رفراوان و بێ سنوور نییه‌ كه‌ جیهانى كردووه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كى بچكۆله‌. بۆیه‌ ناهه‌قمان نییه‌ ئێمه‌ى مرۆڤ له‌هه‌ر كوێیه‌ك بین بایه‌خێكى گه‌وره‌مان داوه‌ به‌م تۆڕه‌ جیهانییه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ و وه‌رگرتن و ئاڵوگۆڕكردنى زانیارییه‌كان.

ئه‌مه‌ راستییه‌كه‌ هه‌موو كه‌س ده‌یزانێت و بووه‌ته‌ به‌شێكى دانه‌بڕاو له‌ ژیانى رۆژانه‌مان. به‌ڵام پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ تا چه‌ند ده‌كرێت سوود له‌م ته‌كنه‌لۆجیایه‌ وه‌ربگیرێت له‌ خه‌باتى چینایه‌تیدا.

گومانى تێدا نییه‌ سیستمى سه‌رمایه‌دارى جیهانى رێكخراوتر و به‌په‌ل و پۆ تر و تایبه‌تمه‌ندتره‌ له‌ به‌كارهێنانى راگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا و تاوتوێكردنى كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌قڵى خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ جۆرێك كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى چینى بۆرجوازى رێگه‌ى شێواندنى راستییه‌كان بگرنه‌ به‌ر له‌پێناو پاراستن و په‌ره‌پێدانى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیدا و رێگریكردن له‌ ناڕه‌زایى و شۆڕشى چینه‌ بێبه‌شكراوه‌كانى وه‌ك كرێكاران و ره‌نجده‌ران و هه‌ژاران.

زۆر به‌ روونى ده‌بینین ئه‌م تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ پاش بڵاوبوونه‌وه‌یان له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهاندا ئێستا دامه‌زراوه‌ داراییه‌ زه‌به‌لاحه‌كان له‌ده‌وریان كۆبوونه‌ته‌وه‌ و سوودیان لێ ده‌بینن بۆ ره‌واجدان به‌ به‌رهه‌م و كاڵاكانیان به‌و مه‌به‌سته‌ى كه‌ به‌ ئاسانى و به‌شێوه‌یه‌كى كاریگه‌ر بگه‌نه‌ به‌كاربه‌ران. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ بگره‌ ده‌بینین ئه‌م تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ چ كاریگه‌رییه‌كیان هه‌یه‌ له‌ ره‌واجدان به‌ بیروباوه‌ڕه‌ كۆنه‌په‌رسته‌كان و چاندنى بیرى ره‌گه‌زپه‌رستى و ئایینى و مه‌زهه‌بى و توندڕه‌وى نه‌ته‌وه‌یى له‌نێوان خه‌ڵكیدا تا ئه‌و راده‌یه‌ى كه‌ خه‌ڵك رابكێشرێت بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ رێكخراوه‌ تیرۆریست و توندڕه‌وه‌كانى وه‌ك داعشه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌بینین كه‌ چۆن بیرى شۆڤێنى و ره‌گه‌زپه‌رستى و موحافیزكارى له‌ ئه‌وروپادا هه‌ڵكشاوه‌ و بووه‌ته‌ هۆى سه‌ركه‌وتنى حیزبه‌ راستڕه‌وه‌ پۆپۆلیسته‌كان له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌كاندا.

به‌ كورتییه‌كه‌ى سه‌رمایه‌دارى جیهانى توانیویه‌تى سوود له‌ ئینته‌رنێت و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ببینێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆى و كه‌ڵه‌كه‌كردنى زیاترى سه‌رمایه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌م تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ به‌ ئاڕاسته‌یه‌كى پێچه‌وانه‌ش به‌كاربهێنرێن، واته‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى كرێكاران و ره‌نجده‌ران و هه‌ژاران. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌كى زانستى و رێكخراو به‌كاریان بهێنین بۆ ئاشكراكردنى راستییه‌كان و بینینى مه‌سه‌له‌كان له‌ روانگه‌یه‌كى چینایه‌تییه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ى روانگه‌ى چینه‌ بۆرجوازییه‌كه‌.

جه‌نگ له‌ بوارى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ئه‌مڕۆ یه‌كێكه‌ له‌ جه‌نگه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانى خه‌باتى چینایه‌تى هاوچه‌رخ چونكه‌ سه‌رمایه‌داره‌كان به‌كارى ده‌هێنن و ده‌بێت ئێمه‌ له‌ دژیان به‌كاریان بهێنینه‌وه‌ و هه‌وڵ بده‌ین كاریگه‌رى له‌سه‌ر خه‌ڵكى دروست بكه‌ین و ئاڕاسته‌یان بكه‌ین بۆ ناڕه‌زایى و خۆپیشاندانى جه‌ماوه‌ریى و به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانیان و هه‌وڵى رێكخستنیان به‌شێوه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى گه‌وره‌ له‌پێناو هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى بارودۆخه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندى چینى كرێكار و جه‌ماوه‌ره‌ چه‌وساوه‌كه‌.

ئاشكراكردنى راستییه‌كان و دیمه‌نه‌كان و رووداوه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ و رێكخراو بۆ به‌درۆخستنه‌وه‌ى قسه‌ و پاساو و بڕوبیانوى بۆرجوازیى و به‌كرێگیراوه‌كانیان هه‌نگاوه‌ راسته‌كانن بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى راستییه‌ چینایه‌تییه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگادا. ئه‌مه‌ش پێویسته‌ به‌ پسپۆڕ و خه‌ڵكى پیشه‌یى بواره‌كه‌ هه‌یه‌. سه‌رده‌مى خه‌باتى چینایه‌تى و ئامڕازه‌كانى تێكۆشانیان گۆڕانى گه‌وره‌یان به‌سه‌ردا هاتووه‌ به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌مى ته‌كنه‌لۆجیاى دیجیتاڵیدا بۆیه‌ به‌كارهێنانى چه‌كه‌ كۆنه‌كه‌ هیچ سوودێكى نییه‌ له‌ خه‌باتى چینایه‌تیماندا.

ده‌بێت بگۆڕێین و كارێك بكه‌ین كه‌ ده‌ستمان بگات به‌ تازه‌ترین ده‌ستكه‌وتى زانستى و زانیارى مرۆڤ و داهێنانه‌تر و رێكخراوتر به‌كاریان بهێنین چونكه‌ ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌ین ئه‌وا چینى بورجوازى ده‌توانێت هه‌موو شتێك به‌ به‌رژه‌وه‌ندى خۆى هه‌ڵبگه‌ڕێنێته‌وه‌. پێشتریش كارڵ ماركس و فریدریك ئه‌نگلس هه‌ر وایان كردووه‌ و هه‌مان چه‌كى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى بۆرجوازییان به‌كار هێناوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام بۆ به‌رژه‌وه‌ندى كرێكاران.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure