ئیسرائیل به‌ره‌و كۆتایى ده‌چێت

بۆچوون / بیروڕا :: 26/08/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


ئه‌و رووداوه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌ دژوارانه‌ى كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا رووده‌ده‌ن، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك بێ وێنه‌ن. ئیسرائیل له‌سه‌روبه‌رى هه‌ڵبژاردندایه‌ و هه‌وڵده‌دات سه‌ركه‌وتنێك بدۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نه‌تانیاهۆ و ده‌سته‌ودائیره‌كه‌ى، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ببنه‌وه‌ ئه‌گینا ئه‌گه‌ر ده‌رنه‌چێت زیندانى ده‌كرێت.

ره‌فتاره‌كانى ئه‌م دواییه‌ى ئیسرائیل زۆر ترسناكن، چونكه‌ بۆردوومانكردنى حه‌شدى شه‌عبى له‌ عێراق-دا مه‌سه‌له‌یه‌كى زۆر ترسناكه‌. ئه‌م حه‌شده‌ له‌لایه‌ن ئێران-ه‌وه‌ پشتیوانى لێده‌كرێت و ده‌كرێت زۆر به‌ ئاسانى له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ چه‌كدار بكرێت به‌ چه‌ك و مووشه‌كى جۆراوجۆرى وا كه‌ بگه‌نه‌ ئه‌و ئامانجه‌ى كه‌ ئه‌م فڕۆكه‌ ئاڕاسته‌كراوانه‌ى لێوه‌ هه‌ستاون.

ره‌فتارى ترسناكتر ئه‌وه‌بوو كه‌ لوبنان دوو فڕۆكه‌ى ئاڕاسته‌كراوى له‌ ئاسمانى لوبنان-دا خسته‌خواره‌وه‌ كه‌ به‌ ئامانجى كوشتن یان مه‌به‌ستى له‌وجۆره‌ ئاڕاسته‌كرابوون. حكومه‌تى لوبنانیش به‌شێوه‌یه‌كى ئاسایى سكاڵاى لاى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پێشكه‌ش كرد و ناڕه‌زایى ده‌ربڕی و سه‌ركۆنه‌ى ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ى كرد، له‌كاتێكدا كه‌ ئیسرائیل نكوڵى لێ نه‌كرد به‌ڵكو جه‌ختى له‌سه‌ر كرده‌وه‌. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ لوبنانییه‌ به‌ڵگه‌یه‌ بۆ یه‌كگرتوویى هه‌موو هێزه‌ ناوخۆییه‌كانى لوبنان بۆ پارێزگاریكردن له‌ گه‌لى لوبنان و یه‌كێتى و سنوورى ئه‌و وڵاته‌.

حه‌سه‌ن نه‌سروڵـڵا روون و ئاشكرا و راشكاوانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ ئیسرائیل كرد و وتى كه‌ كاردانه‌وه‌ ده‌بێت. حیزبوڵـڵایش به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ قسه‌یه‌كى كرد ده‌یباته‌ سه‌ر. ئه‌مانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى جددین بۆ لێدانى چه‌ند ئامانجێكى دیاریكراو له‌ ئیسرائیل یان هه‌ر ئامانجێكى گشتگیرى تر و به‌هه‌ر نرخێك بێت حیزبوڵـڵا رێگه‌نادات ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ى ئیسرائیل دووباره‌ ببێته‌وه‌. به‌پێى قسه‌كانى نه‌سروڵـڵا وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ زۆر نزیكه‌ و  گونجاو ده‌بێت و له‌كاتى گونجاویشدا ئه‌نجام ده‌درێت. 

ئیسرائیلى ئێستا له‌ هیچ كاتێكى پێشووترى ناچێت. گه‌لى ئیسرائیل ترسێكى گه‌وره‌ى لێنیشتووه‌ به‌هۆى ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى حه‌سه‌ن نه‌سروڵـڵاوه‌ چونكه‌ ده‌زانێت ئه‌م كابرایه‌ راستگۆیه‌ له‌ قسه‌ و بڕیاره‌كانیدا و ئه‌زموونى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیدا.

حكومه‌تى ئیسرائیل كه‌وتووه‌ته‌ گێژاوێكه‌وه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێت لێى ده‌ربچێت، چونكه‌ به‌رگرییه‌ك هه‌یه‌ كه‌ له‌ بۆسه‌دایه‌ بۆى، چ له‌سه‌ر سنوورى ئیسرائیل چ له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنووره‌كانیدا، بۆ نموونه‌ حه‌شدى شه‌عبى له‌ عێراق یان حوسییه‌كان له‌ یه‌مه‌ن ئه‌گه‌ر وه‌كو نه‌تانیاهۆ رایگه‌یاند ئه‌وانیش بۆردوومان بكرێن.

رۆژانى داهاتوو زۆر گرنگن چونكه‌ تێكشكانێكى گه‌وره‌ى ئیسرائیل به‌خۆوه‌ ده‌بینێت له‌سه‌ر ده‌ستى نه‌تانیاهۆدا كه‌ ده‌یه‌وێت وڵاتانى عه‌ره‌ب بخاته‌ ناو گێژاوى جه‌نگێكى بێ كۆتاییه‌وه‌، له‌هه‌مانكاتیشدا بیرى چووه‌ته‌وه‌ یان له‌بیر خۆى بردووه‌ته‌وه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ به‌رگرییه‌ نه‌ك چه‌ند ده‌وڵه‌تێك. ئه‌مه‌یه‌ یاساكانى گه‌مه‌ تازه‌كه‌.

پ: ل. م

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure