واشنتۆن و په‌یمانشكێنى و سه‌روه‌رى عێراق

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین


ئێستا هیچ كه‌سێك له‌ عێراقدا بڕواى به‌ وشه‌ى چاكسازیى نه‌ماوه‌ وه‌ك میتۆدێك بۆ ژیانێكى تازه‌. له‌ بارودۆخێكدا كه‌ عێراق وه‌ك ده‌بینین تا ئه‌وپه‌ڕى دژوارى دژواره‌ و له‌سه‌ر ترس و وه‌هم و خه‌یاڵ بنیاد نراوه‌. 

پێمان وایه‌ دروشمى چاكسازیى هه‌وڵێكه‌ پێكهاته‌ سیاسییه‌كان ده‌یگرنه‌ خۆ كاتێك كه‌ باسى حكومه‌تێك ده‌كه‌ن ئێمه‌ هه‌ست ناكه‌ین بوونى هه‌یه‌ و باسى ئازادى و كۆمه‌ڵه‌ مافێك ده‌كه‌ن ئێمه‌ هه‌ست ناكه‌ین به‌ڕاستییانه‌. وتاره‌ به‌تاڵه‌كان موویه‌ك له‌ جه‌سته‌ى مرۆڤ ناجوڵێنن چونكه‌ هه‌موو به‌ڵێن و په‌یمانه‌كانى پێشوویان درۆ ده‌رچوون و متمانه‌یان پێ ناكرێت و چیتر ئه‌و پێكهاتانه‌ ناتوانن ته‌نیا له‌سه‌ر خوانى كاره‌ساته‌كانى رژێمى پێشوو بژین كه‌ شانزه‌ ساڵه‌ له‌ناوچووه‌. ئێمه‌ ده‌بینین سه‌ره‌ڕاى بودجه‌ زه‌به‌لاحه‌كانى ساڵانه‌، ئاستى فێركردن و په‌روه‌رده‌ و پیشه‌سازیى و كشتوكاڵ و گه‌شتیاریى و مافه‌كانى مرۆڤ داده‌به‌زن. بێ كاریى و هه‌ژاریى و خزمه‌تگوزارییه‌ گشتیه‌كانى ئاو و كاره‌با و نیشته‌جێكردن و خۆراكى بایه‌عى هه‌تا ئێستاش چاره‌سه‌ر نه‌كراون. 

له‌مانه‌ گرنگتر و ترسناكتر ئه‌و قه‌یرانه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌ر سه‌روه‌رى عێراقدا دێت له‌ مه‌سه‌له‌ى پاراستنى خاكه‌كه‌یدا له‌و ده‌ستدرێژییه‌ نامۆیانه‌ى كه‌ بوونه‌ته‌ بابه‌تى رۆژانه‌ به‌ ناوى رێككه‌وتنى ستراتیجى له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا. بڕگه‌یه‌كى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌ڵێت هێزه‌كانى ئه‌مریكا ده‌بێت عێراق به‌جێ بهێڵن كاتێك كه‌ مه‌سه‌له‌ى چه‌كداركردنى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق ته‌واو ده‌بێت. رێككه‌وتنه‌كه‌ دیارینه‌كردووه‌ ئه‌مه‌ چۆن و كه‌ى دێته‌ دى. له‌سه‌رێكى تریشه‌وه‌ عێراق ناچاره‌ پابه‌ندى سه‌ره‌تاكانى هاوسێیه‌تى چاك بێت له‌گه‌ڵ دراوسێكانیدا به‌ جۆرێك كه‌ ئاسایشى عێراق و ناوچه‌كه‌ بپارێزێت.

ته‌قاندنه‌وه‌ى باره‌گا و عه‌مبارى هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانى عێراق و زیان گه‌یاندن به‌ هاووڵاتیانى مه‌ده‌نى له‌ شارى به‌غداد كه‌ ده‌یان قوربانییان لێكه‌وته‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى ترسناكه‌ كه‌ به‌ جددى سه‌روه‌رى خاكى عێراقى خستووه‌ته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیل ئاماژه‌ ده‌كات بۆ به‌رپرسیاربوونى وڵاته‌كه‌ى له‌ ئه‌نجامدانى ئه‌و هێرشانه‌دا و هه‌موو كه‌س ده‌زانێت ئیسرائیل ئه‌گه‌ر چراى سه‌وزى ئه‌مریكاى بۆ هه‌ڵنه‌كرابێت ناتوانێت كارى وا بكات.

ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌ى ئیسرائیل بۆ سه‌ر بوارى ئاسمانیى عێراق وه‌ك راگه‌یاندنى جه‌نگ وایه‌ و بێده‌نگ بوون له‌ به‌رامبه‌ریدا هه‌ڵوێستێكى ئاقڵانه‌ نییه‌ به‌ڵكو كارى ئاقڵانه‌ ئه‌وه‌یه‌ په‌نا بۆ بژارده‌ دیبلۆماسییه‌ نیشتمانییه‌كان ببرێت له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ دوورخستنه‌وه‌ى عێراق له‌ سیاسه‌تى گه‌له‌كۆمه‌كى نێوده‌وڵه‌تیى و ده‌ستدرێژییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان و هه‌روه‌ها پێویسته‌ به‌دواى بازاڕى دیكه‌ و هه‌مه‌چه‌شندا بگه‌ڕێین بۆ چه‌كداركردنى سوپاكه‌مان به‌ مه‌به‌ستى پاراستنى ئاسمان و خاكى عێراق.

هه‌موو ئێستا به‌ چاوى خۆمان ده‌بینین كه‌ واشنتۆن به‌ڵێنه‌كه‌ى نه‌بردووه‌ته‌ سه‌ر له‌ مه‌سه‌له‌ى گه‌شه‌پێدانى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراقدا، بۆیه‌ ده‌رچوون له‌و چوارچێوه‌ ستراتیجییه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ گرنگه‌كانە و ده‌بێت په‌له‌ بكرێت له‌ داڕشتنى یاسایه‌كدا كه‌ جموجۆڵى هێزه‌ ئه‌مریكیى و بیانییه‌كان له‌ عێراقدا قه‌ده‌غه‌ بكات.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure