بنه‌ما هزرییه‌كانى هه‌لپه‌رستى شۆڕشگێڕانه‌ و ریفۆڕمخوازیى ناوه‌ڕاست

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا


له‌كاتى هه‌ڵگیرسانى جه‌نگه‌ ئیمپریالیسته‌كان و سه‌ركه‌وتنى دژه‌شۆڕشه‌كان هه‌ڵه‌ و لادانه‌ فكرییه‌ شۆڕشگێڕییه‌كان زۆر ده‌بن و له‌ شێوه‌ى سازش و هاوپه‌یمانیكردن له‌گه‌ڵ بۆرجوازى رزیودا به‌رجه‌سته‌ ده‌بن.

بۆ تێگه‌یشتن له‌م جۆره‌ لادانانه‌ ده‌توانین بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مشتومڕه‌ تیۆرییه‌كه‌ى نێوان رۆزا لۆكسمبۆرگ و لینین كه‌ یه‌كێكیان نوێنه‌رى ره‌وتى گۆڕانكاریى ریشه‌یى بوو و ئه‌ویدیكه‌یان نوێنه‌رى ره‌وتى ریڤیژینزم و ریفۆرمخوازى میانڕه‌و بوو كه‌ بێرنشتاین یه‌كێك بوو له‌ سیمبوله‌ هه‌ره‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌كانى، پاشانیش كارڵ كاوتسكى شوێنى كه‌وت و خلیسكایه‌ هه‌مان هه‌ڵوێسته‌وه‌.

وا پێده‌چێت په‌ككه‌وتنى جموجۆڵى ره‌وتى شۆڕشگێڕى به‌هۆى ده‌ستوه‌ردانى ئیمپریالییه‌وه‌ كه‌ پشتیوانى هێزه‌كانى دژه‌شۆڕشه‌ سه‌نگى مه‌حه‌ك بێت بۆ تاقیكردنه‌وه‌ى پته‌وى و پێداگرى فكرى شۆڕشگێڕانه‌. له‌م ئه‌زمونه‌دا هه‌ندێك پته‌وتر و ره‌گداكوتاوتر ده‌بن و هه‌ندێكى دیكه‌ش لاده‌ده‌ن و له‌ ماركسیزم هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ده‌خزێنه‌ باوه‌شى ئیمپریالیزم و چینه‌ باڵاده‌سته‌كانه‌وه‌. له‌سه‌رده‌مى ئێستاماندا نموونه‌كان هێنده‌ زۆرن كه‌ له‌ ژماردن نایه‌ن.

ناكۆكى سه‌ره‌كى له‌ سه‌رمایه‌داریدا بریتییه‌ له‌ ناكۆكى نێوان تواناى به‌رهه‌مهێنان و تواناى به‌كاربردن. نه‌بوونى به‌كاربه‌ر له‌ناو بازاڕه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌كاندا پاڵ به‌و بازاڕانه‌وه‌ ده‌نێت به‌دواى فراوانبووندا بگه‌ڕێن له‌و ناوه‌ندانه‌دا كه‌ له‌ قۆناغى پێش سه‌رمایه‌داریدان به‌ مه‌به‌ستى به‌دیهێنانى زێده‌بایى و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر بازاڕه‌كاندا. ئه‌م ململانێیه‌ ده‌بێته‌ هۆى هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕى خوێناوى له‌نێوان وڵاته‌ ئیمپریالییه‌كاندا. له‌مه‌وه‌ ئیمپریالیزم ده‌بێته‌ هاوواتاى ئیستیعمار، وڵاته‌ داگیركراوه‌كانیش ده‌بنه‌ پێویستییه‌كى ژیان بۆ ئیمپریالیزم.

ئه‌گه‌ر داگیركارییه‌ ئیستیعمارییه‌كان نه‌بوونایه‌ ده‌مێك بوو سه‌رمایه‌دارى هه‌ره‌سى هێنابوو له‌ژێر گوشارى ناكۆكى و قه‌یرانه‌كانیدا، له‌ حاڵێكدا كه‌ جووتیاران هه‌ژارتر كران و مڵكه‌كانیان لێ زه‌ود كرا، كه‌چى هێزه‌ ئیمپریالییه‌كان قازانجى زۆریان ده‌ستكه‌وت له‌ڕێگه‌ى چه‌وساندنه‌وه‌ى هێزى كار و هه‌نارده‌كردنى به‌رهه‌مه‌كان. پشتیوانیكردنى ئه‌م داگیركارییه‌ زوربه‌ى سۆشیالیسته‌كانى ئه‌وروپاى خۆرئاواى گه‌نده‌ڵ و ئاڵوده‌ كرد.

به‌كورتییه‌كه‌ى ئه‌م ره‌وته‌ هه‌لپه‌رسته‌ ده‌ستبه‌ردارى تیۆرییه‌كه‌ى ماركس بووه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ى زێده‌بایى و ناكۆكى چینایه‌تیدا و رێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ بۆرجوازى لیبڕاڵیدا پێ باشتره‌. له‌ ئه‌نجامیشدا حیزبه‌ سۆشیال دیموكراته‌كان و ئینته‌ر ناسیۆنالیزمى دووه‌هه‌م ناهه‌قیان ده‌رهه‌ق به‌ جه‌ماوه‌رى شۆڕشگێڕ كرد و بوون به‌ كۆمه‌ڵێك حیزبى نیشتمانى لیبراڵى كه‌ له‌ جه‌وهه‌ردا دژى پڕۆلیتاریایه‌ چونكه‌ هه‌وڵى رزگاركردنى سه‌رمایه‌دارى ده‌ده‌ن له‌پێناوى قازانج و ده‌ستكه‌وتى خۆیاندا.

زۆر روون و ئاشكرایه‌ كه‌ تیرۆرییه‌كه‌ى لینین سه‌باره‌ت به‌ ئیمپریالیزم وه‌ك قیبله‌ نمایه‌ك وابوو بۆ كارى سیاسى شۆڕشگێڕانه‌ چونكه‌ ده‌ریخست كه‌ جه‌نگى جیهانیى و شۆڕش په‌یوه‌ستن به‌ یه‌كترییه‌وه‌. له‌سه‌رده‌مى ئه‌مڕۆشماندا وڵاته‌ ئیمپریالیسته‌كان ده‌توانن كاڵا و ته‌كنه‌لۆجیاكانیان له‌ هه‌موو بازاڕێكدا بفرۆشن و ئابووریى وڵاته‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌كان بكه‌ن به‌ پشتیوانێك بۆ ئابوورییه‌ قه‌یراناوییه‌كانیان. له‌ ئه‌نجامى ئه‌مه‌دا بۆرجوازییه‌كى لۆكاڵیى كۆمپرادۆرى مشه‌خۆر به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه‌ دارایى سه‌رف ده‌كات بۆ خۆشگوزه‌رانى له‌سه‌ر حسابى په‌راوێزخستن و برسیكردنى گونده‌كان و له‌ ئاكامدا جوتیاران كۆچ ده‌كه‌ن بۆ شاره‌كان به‌ مه‌به‌ستى به‌ده‌ستهێنانى نان و كار. ئه‌م بۆرجوازییه‌ش ته‌نیا رۆڵى ده‌ڵاڵ ده‌بینێت كه‌ زیاده‌كارى جوتیاران و به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان ده‌گوێزێته‌وه‌ بۆ میترۆپۆڵه‌ زه‌به‌لاحه‌كان. له‌ڕێى ئه‌م میكانیزمه‌وه‌ ئیمپریالیزم كۆنترۆڵى وڵاته‌ هه‌ژاره‌كان ده‌كات و ده‌یانكاته‌ ملكه‌چ و شوێنكه‌وتووى خۆى، شوێنكه‌وتنێك كه‌ رێگرى ده‌كات له‌ دروستبوونى بۆرجوازییه‌كى به‌رهه‌مهێن كه‌ گه‌شه‌ بدات به‌ هێزه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان نه‌ك ته‌نیا ده‌ڵاڵێك بێت له‌نێوان بازاڕه‌ لۆكاڵییه‌كان و بازاڕه‌ ده‌ره‌كییه‌كانى ئه‌وروپادا.

سه‌رمایه‌دارى وه‌ك چۆن به‌رهه‌مى زیاد له‌ پێویست به‌رهه‌م ده‌هێنێت هه‌ر به‌و میكانیزمه‌ش بڕێكى زۆرى دانیشتوان بێ كار ده‌كات و ده‌یانكاته‌ هێزێكى زیاده‌. ئه‌م كه‌ڵه‌كه‌بوونه‌ له‌كاتى قه‌یرانه‌كاندا شێوازێكى توندوتیژ به‌خۆوه‌ ده‌بینێت. جگه‌ له‌مه‌ش كه‌ڵه‌كه‌بوون هاوواتاى هه‌ژاركردنى ره‌هایه‌ كه‌ به‌رده‌وام سوپایه‌ك له‌ بێكاران ده‌خوڵقێنێت چونكه‌ به‌ ده‌ردى ماركس ده‌ڵێت هه‌تا كه‌ڵه‌كه‌بوون له‌ شاره‌ پیشه‌سازییه‌كاندا خێراتر ببێت لێشاوى ئه‌و مرۆڤانه‌ خێراتر و زیاتر ده‌بێت كه‌ بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ باشن و له‌گه‌ڵیدا كوێره‌وه‌رى كرێكاران چه‌ند به‌رامبه‌ر ده‌بێت و له‌ ماڵ و حاڵى خۆیان ده‌رده‌كرێن و ده‌بنه‌ ئاواره‌ و لانه‌واز.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure