بازرگانیكردن به‌ سیاسه‌ته‌وه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 20/08/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لیحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


له‌ عێراقدا ئه‌مڕۆ ته‌نیا هه‌ر تلیاك و سێكس و بازرگانیكردن به‌ جگه‌ر و گورچیله‌ى مرۆڤه‌وه‌ له‌ ره‌ونه‌قدا نین، به‌ڵكو پیشه‌ى بازرگانیكردنیش به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ پیشه‌یه‌كى مسۆگه‌ره‌ و ئه‌گه‌ر مرۆڤ باشى لێنه‌زانێت ناتوانێت هیچكام له‌و كارانه‌ى سه‌ره‌وه‌ بكات و سه‌ركه‌وتنى تێدا به‌ده‌ستبهێنێت.

له‌سه‌ره‌تاى مانگى ئابه‌وه‌ هه‌تا ئێستا گرنگترین رووداوه‌ سیاسییه‌كان كه‌ زۆرترین ده‌نگه‌ده‌نگیان لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ بریتین له‌ كێشه‌ى ئه‌و كچه‌ مۆسیقاره‌ى كه‌ به‌بێ حیجاب له‌ یاریگاى كه‌ربه‌لادا كه‌مانچه‌ى ژه‌نى له‌ رۆژى ده‌ستپێكردنى پاڵه‌وانیه‌تییه‌كانى یارى فتبۆڵێنى وڵاتانى خۆرئاواى ئاسیا. ئینجا مه‌سه‌له‌ى ته‌رمه‌ نه‌ناسراوه‌كانى پارێزگاى بابل و بڵاوبوونه‌وه‌ى دیارده‌ى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ كۆمه‌ڵگادا و ته‌قینه‌وه‌ یاخود ته‌قاندنه‌وه‌ى باره‌گاكانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ ناوه‌ندى شاره‌كاندا و دواترینیشیان به‌رزبوونه‌وه‌ى ده‌نگى ناڕه‌زایه‌تى و هه‌وڵى رووخاندنى عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌ به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى گوایه‌ شكستى هێناوه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانه‌كان و دژایه‌تیكردنى گه‌نده‌ڵیدا، وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌سانى وه‌ك مالیكى و عه‌بادى سه‌ركه‌وتوو بووبن له‌ به‌دیهێنانى دروشم و ئامانجه‌كانى شاره‌ نموونه‌ییه‌ ئیسلامییه‌كه‌ له‌ سایه‌ى قۆڵ و بازووى حیزبى ده‌عوه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانییه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له‌و هه‌موو رووداوانه‌ و له‌ لێدوان و هه‌ڵوێست و كۆنگره‌ رۆژنامه‌ییه‌ جۆراوجۆره‌كان ده‌بینین هه‌ر هه‌موویان یه‌ك لۆجیك و یه‌ك ریتم و یه‌ك ره‌نگ و یه‌ك مه‌به‌ستیان هه‌یه‌ كه‌ بازرگانیكردنه‌ به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ و چه‌واشه‌كاریى و دووڕووییه‌. هه‌موو كۆمه‌ڵه‌ و تاقمه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌ شیعه‌كان له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدا زۆر پیشه‌ییانه‌ ئه‌م سێ رێبازه‌یان په‌یڕه‌و كردووه‌ و له‌ ساڵى 2003وه‌ به‌رده‌وامن له‌سه‌رى. دیاره‌ عه‌ره‌بى سووننه‌ش له‌و رووه‌وه‌ هیچ قوسورێكیان نییه‌، به‌ڵام نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئاستى هێزه‌ ئیسلامییه‌ شیعه‌كان.

ئه‌و گێژه‌ڵوكه‌ گه‌وره‌یه‌ى كه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تى مالیكى وروژێنرا سه‌باره‌ت به‌ گڵاوكردنى شارى كه‌ربه‌لا، چونكه‌ ژنێكى سه‌ر رووت كه‌مانچه‌ى تێدا ژه‌نیوه‌ له‌ڕاستیدا هه‌وڵێكى شكستخواردو بوو به‌ مه‌به‌ستى شاردنه‌وه‌ى هه‌موو تاوانه‌كانى كوشتن و رفاندن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و دزین و تاڵانكردن و راده‌ستكردنى پاره‌ و سامانى خه‌ڵكى عێراق به‌ دامه‌زراوه‌ داراییه‌كانى ئیمپریالیزمى جیهانى وه‌ك سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى و بانكى نێوده‌وڵه‌تى. مالیكى و ده‌سته‌ودائیره‌كه‌ى ویستیان ئه‌و بۆنه‌یه‌ بقۆزنه‌وه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى ناسنامه‌ ئیسلامییه‌كه‌ پاش ئه‌وه‌ى كه‌ سروشت و ناوه‌ڕۆكى فكر و سیاسه‌تى حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان ده‌ركه‌وتن.

چیرۆكى ته‌رمه‌ نه‌ناسراوه‌كانیش كه‌ له‌ پارێزگاى بابل ئاشكراكران ئه‌ویش هه‌وڵێكى شكستخواردووى عه‌ره‌به‌ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان بوو كه‌ خۆیان به‌ عه‌ره‌بى سووننه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و ركابه‌رى برا دوژمنه‌كانیانن كه‌ ئیسلامییه‌ شیعه‌كانن. له‌كوێدا؟ له‌ بازاڕى بازرگانیكردن به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ و دووڕوویى سیاسى به‌و هیوایه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكاندا شانسیان باشتر ببێت، هه‌روه‌ها به‌و هیوایه‌شن له‌م رێگه‌یه‌وه‌ هێزه‌ شیعه‌كان بۆ بێده‌نگ كردنیان خێرێكیان پێ بكه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانیش كه‌ زه‌نگى مه‌ترسى بۆ كۆمه‌ڵگاى عێراق لێده‌دات هه‌موو كه‌س ده‌زانێت ئه‌وانه‌ى بۆ گه‌نجانى عێراق ده‌گرین خۆیان راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به‌شێكن له‌و بازرگانه‌ سیاسییانه‌ى كه‌ بره‌و به‌م بازرگانییه‌ ده‌دات. ئه‌مه‌ سیاسه‌تێكى به‌رنامه‌ بۆداڕێژراوه‌ بۆ بێهۆشكردنى گه‌نجان و كۆمه‌ڵگا پاش ئه‌وه‌ى كه‌ ئایین نه‌یتوانى ئه‌و كاره‌ بكات. به‌تایبه‌ت دواى سووتاندنى باره‌گاى حیزبه‌ ئیسلامییه‌كانى ناو شارى به‌سره‌ له‌ مانگى ئه‌یلولى ساڵى رابوردوودا.

به‌ڵام گه‌وره‌ترین مه‌سه‌له‌ كه‌ تاقم و میللیشیا ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كانى ناڕه‌حه‌ت كرد ته‌قینه‌وه‌ یاخود ته‌قاندنه‌وه‌ى ئۆردوگا سه‌ربازییه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى بوو كه‌ هه‌ر هۆكارێكى هه‌بێت ئه‌نجامه‌كه‌ى یه‌ك راستییه‌ ئه‌ویش خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌ به‌رپرسیارێتى به‌رامبه‌ر ئاساییش و سه‌لامه‌تى هاووڵاتییانى مه‌ده‌نى له‌پێناو مه‌به‌ستى میللیشیاكان كه‌ چه‌ندین سه‌ده‌ عێراقیان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆ دواوه‌. جا بۆ خۆڵكردنه‌وه‌ چاوى خه‌ڵكه‌وه‌ و له‌ پێناو شاردنه‌وه‌ى هه‌قیقه‌تى ئه‌م سیاسه‌ته‌ دۆزه‌خییانه‌ به‌درۆوه‌ ده‌نگ هه‌ڵئه‌بڕن گوایه‌ ده‌یانه‌وێت لێپرسینه‌وه‌ له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى بكه‌ن. به‌ كورتییه‌كه‌ى ئه‌م هێزه‌ سیاسییانه‌ى ئێستاى عێراق هه‌موو كارته‌كانیان سووتاوه‌ و ئاماژه‌كان پێمان ده‌ڵێن هه‌ر رۆژێك بێت رووداوه‌كانى ئه‌یلولى ساڵى رابوردووى به‌سرا له‌ هه‌موو شاره‌كانى عێراقدا جارێكى دیكه‌ رووده‌ده‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌ ده‌ركه‌وتنێكى تازه‌ و ئه‌ڵته‌رناتیڤێكى نوێوه‌ كه‌ ئاساییش و خۆشگوزه‌رانى و ئازادى دابینبكات. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure