سودان و نیل و ره‌وانه‌وه‌ى شه‌وه‌ درێژه‌كه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 19/08/2019

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ى ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


كه‌ زانیم ناویان ناوه‌ شاییه‌كه‌ى سودان هه‌ستم به‌ بێزاریى و سه‌رسووڕمان كرد چونكه‌ ئه‌زموونه‌كان فێریان كردوین كه‌ دڵخۆشی و وڵاتى عه‌ره‌بییان نه‌وتووه‌. خاكه‌كه‌ى ئێمه‌ ئه‌م جۆره‌ گیایه‌ى لێ شین نابێت. له‌ باشترین حاڵه‌تدا پێكه‌نین میوانێكى مه‌زاجییه‌ و زۆرجار پێمان ده‌ڵێت دێم و نایه‌ت.

ناونانه‌كه‌م به‌لاوه‌ نامۆ بوو چونكه‌ له‌ خه‌یاڵدانى ئێمه‌دا سودان په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ وه‌رزه‌كانى دڵخۆشییه‌وه‌. له‌و رۆژه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆیى وه‌رگرتووه‌ ئاهه‌نگ و شادى له‌ سوداندا ته‌مه‌ن كورت بوون. بۆیه‌ هه‌میشه‌ به‌ وڵاتێكى به‌دبه‌ختمان له‌قه‌ڵه‌م داوه‌. له‌سه‌ره‌تادا جوگرافیا زه‌برى لێ وه‌شاند كه‌ كردى به‌ شوێنى به‌یه‌كگه‌یشتنى شكسته‌ به‌رده‌وامه‌كانى عه‌ره‌ب و خه‌مه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانى ئه‌فریقا. وه‌ك چۆن له‌ شارى خه‌رتومدا هه‌ردوو نیلى شین و سپى پێك ده‌گه‌ن به‌و شێوه‌یه‌ش نائومێدییه‌ عه‌ره‌بیى و ئه‌فریقییه‌كان له‌سه‌ر خاكى سودان به‌یه‌ك ده‌گه‌ن.

دیدار و گفتوگۆ دوورودرێژ و به‌رده‌وامه‌كانى نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدارانى سودان ئه‌و باوه‌ڕه‌یان لامان دروست كرد كه‌ په‌نجه‌ره‌ى هیوا داخراوه‌ و به‌م زووانه‌ ناكرێته‌وه‌.

له‌ مانگى حوزه‌یرانى ساڵى 1989دا كۆشكى ده‌سه‌ڵاتى سودان رووخا و له‌گه‌ڵیدا وڵاته‌كه‌ كه‌وته‌ چنگ (شۆڕشى رزگاركردنه‌وه‌) له‌ رێگه‌ى فێڵێكه‌وه‌ كه‌ دكتۆر حه‌سه‌ن ئه‌لتورابى دایڕشت و بریتى بوو له‌ ده‌ستنیشانكردنى ئه‌لبه‌شیر وه‌كو سه‌رۆك و له‌هه‌مان كاتدا ئه‌ندازیارى كوده‌تاكه‌ رۆڵى زیندانیكراوى پێدرا. ئه‌مه‌ پڕۆسه‌یه‌كى چه‌واشه‌كارى بلیمه‌تانه‌ بوو كه‌ ناسنامه‌ ئیسلامییه‌كه‌ى ئه‌و كوده‌تایه‌ى شارده‌وه‌ و ده‌رفه‌تى خوڵقاند شێخ و سه‌رۆك وڵات بگرن به‌ده‌سته‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ى كه‌ جه‌نراڵه‌كه‌ له‌ شێخه‌ رابه‌ره‌كه‌ى هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه‌. 

چوار مانگ پاش ئه‌وه‌ى كه‌ عومه‌ر ئه‌لبه‌شیر سه‌ركردایه‌تیكردنى وڵاته‌ پان و پۆڕه‌كه‌ى سودانى گرته‌ ده‌ست جیهان به‌ته‌واوى گۆڕا. دیوارى به‌رلین روخا و گه‌لانى ئه‌وروپاى خۆرهه‌ڵات له‌ قه‌فه‌سه‌كه‌ى یه‌كێتى سۆڤێت بازیان دا و خودى وڵاته‌كه‌ى لینینیش په‌ناى برد بۆ مۆزه‌خانه‌كانى مێژوو. ئه‌و رۆژه‌ ده‌گوترا ئیتر سه‌رده‌مى حوكمى تۆتالیتارى كۆتایى هاتووه‌.

دنیا گۆڕا و سودان نه‌گۆڕا هیچ دوودڵییه‌كى نه‌نواند له‌ ئه‌نجامدانى ترسناكترین گه‌مه‌ى سیاسییدا. بوو به‌ خانه‌خوێى پیاوێكى ترسناكى به‌ناوبانگى وه‌كو كارلۆس. ئه‌و راستییه‌شى فه‌رامۆش كرد كه‌ سودان وڵاتێكى فره‌ ڕه‌گه‌ز و فره‌ نه‌ته‌وه‌یه‌. له‌ ئه‌نجامدا باكوور و باشوور یه‌كتریان ته‌ڵاقدا و سودان به‌شێك له‌ گه‌ل و خاكه‌كه‌ى و زۆرێك له‌ سامانه‌ نه‌وتییه‌كه‌ى له‌كیس چوو. شانبه‌شانى ئه‌مه‌ش كاره‌ساتى دارفور و ناوچه‌كانى تر به‌رده‌وام بوون.

كاتێكیش كه‌ به‌هارى عه‌ره‌بى له‌ چه‌ند وڵاتێكدا هه‌ڵیكرد و هه‌ندێك رژێمى رووخاند زۆر كه‌س وتیان سودانیش ده‌گۆڕێت به‌ڵام نه‌گۆڕا. به‌شیر وایزانى زریانه‌كه‌ دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام خه‌ڵكه‌ ماندووه‌كه‌ى ئه‌و وڵاته‌ راپه‌ڕینێكى ئاشتیخوازانه‌ى سازش نه‌كه‌ریان به‌رپا كرد و داموده‌زگاكانى حكومه‌ت ئه‌مجاره‌ نه‌یانتوانى بڵاوه‌ى پێ بكه‌ن یان له‌خشته‌ى ببه‌ن. ژماره‌یه‌ك گه‌وره‌ ئه‌فسه‌ر تێگه‌یشتن كه‌ ماوه‌ى رژێمه‌كه‌ى ئه‌لبه‌شیر به‌سه‌رچووه‌ بۆیه‌ خستیانه‌ ئه‌و زیندانه‌وه‌ كه‌ پێشتر ئه‌لبه‌شیر ناحه‌زه‌كانى تێدا زیندانى ده‌كرد.

ئه‌وه‌ى روویدا ئه‌نجامى سووربوونى هێزه‌كانى ئازادیى و گۆڕانكارین له‌سه‌ر به‌دیهێنانى ده‌وڵه‌تێكى مه‌ده‌نیى و هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ و لوولكردنى لاپه‌ڕه‌ى حوكمى دیكتاتۆریى و كه‌لتوورى رژێمى تۆتالیتاری. ئه‌وه‌ى روویدا زۆر گرانتر ده‌كه‌وت له‌سه‌ر سودان ئه‌گه‌ر دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ پشتیوانى له‌ گۆڕانكارى نه‌كردایه‌ و واقیعه‌ تازه‌كه‌ى له‌به‌رچاو نه‌گرتایه‌.

ئیمزاكردنى به‌ڵگه‌نامه‌ ده‌ستوورییه‌كه‌ رووداوێكى گرنگه‌ له‌ مێژووى سوداندا كه‌ بڕیاره‌ پاش قۆناغێكى گواستنه‌وه‌یى سێ ساڵه‌ حوكمێكى مه‌ده‌نی له‌و وڵاته‌دا بهێنێته‌ ئاراوه‌. قۆناغه‌كه‌ ئاسان نابێت چونكه‌ سودان میراتییه‌كى قورسى بۆ به‌جێماوه‌ و خه‌ونى ده‌وڵه‌تى مه‌ده‌نی له‌م به‌شه‌ى جیهاندا ئاسان نییه‌. ئاسان نییه‌ بته‌وێت دیموكراسى بنیاد بنێیت و رێز له‌ فره‌یى بگریت و له‌ڕێى سندوقه‌كانى ده‌نگدانه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنى پاكوخاوێن بكه‌یته‌ رێگاى گرتنى ده‌سه‌ڵات.

پێویسته‌ گه‌وره‌ ئه‌فسه‌ره‌كان تێبگه‌ن كه‌ گێڕانه‌وه‌ى زه‌مه‌ن بۆ دواوه‌ كارێكى مه‌حاڵه‌ و ده‌بێت واقیعییانه‌ بڕواننه‌ بارودۆخى وڵاته‌كه‌یان. به‌ره‌ى ئازادیى و گۆڕانكاریش پێویسته‌ بزانێت كه‌ ئه‌م سه‌ما سودانییه‌ پێویستى به‌ پشوودرێژییه‌. كێشه‌كان زۆر و كه‌ڵه‌كه‌بوون. ئابوورییه‌كه‌ ماندووه‌ و داموده‌زگاكان له‌سه‌ر توانا و لێهاتوویى بنیاد نه‌نراون.

ئێستا سودانییه‌كان په‌نجه‌ره‌ى ئومێدیان كردووه‌ته‌وه‌ و پێویسته‌ بیپارێزن له‌ڕێى پشوودرێژیى و واقیعیبینى و بێ فیزیى و پێداگرییه‌وه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure