توركیا زیاتر له‌ خۆرهه‌ڵاتى فوراتى ده‌وێت

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ
توركیا هه‌ستى به‌وه‌ كردووه‌ ئه‌مریكا ده‌ستى ده‌ستى پێده‌كات له‌ مه‌سه‌له‌ى به‌رنامه‌كانى ئه‌نقه‌ره‌دا بۆ دامه‌زراندنى ناوچه‌یه‌كى ئه‌منى له‌ باكوورى خۆرهه‌ڵاتى سووریادا. رازیبوونه‌ سه‌ره‌تاییه‌كه‌ى ئه‌مریكا نه‌بووه‌ته‌ مایه‌ى دڵنیایى ئه‌نقه‌ره‌، چونكه‌ ده‌ترسن نموونه‌كه‌ى مه‌نبج دووباره‌ ببێته‌وه‌ و له‌م رووه‌وه‌ هیچ دڵ ته‌ئمین نین له‌ به‌ڵێنه‌كانى واشینتۆن. 


حكومه‌تى سه‌رۆك ترامپ پێویسته‌ بڕیار بدات كه‌ یان قوربانى بدات به‌ كورده‌كانى سوریا یان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ توركیادا. ترامپ كه‌ داره‌كه‌ى له‌ ناوه‌ڕاستدا گرتووه‌ نه‌ فیزى توركیا تێرده‌كات و نه‌ كورده‌كانیشى لێ رازى ده‌بن. گه‌مه‌كردنى دانوستانكاره‌ ئه‌مریكییه‌كان به‌ گوزارشت و ده‌سته‌واژه‌كان بۆ تێپه‌ڕاندنى گرێبه‌ستێك كه‌ هه‌م ئه‌نقه‌ره‌ پێى رازى ببێت و هه‌م كورده‌كان ره‌دى نه‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌ركێكى زۆر زۆر قورسه‌.

كوردى سووریا بوونه‌ هاوپه‌یمانى واشینتۆن له‌ دژى داعش و رژێمى دیمه‌شق. ئه‌وان به‌ردى بناغه‌ى سیاسه‌تى ئه‌مریكا بوون له‌ سووریادا پاش هه‌ڵوه‌رینى ئه‌و خه‌ونه‌ به‌تاڵه‌ى دروستكردنى ئۆپۆزسیۆنێكى یه‌كگرتووى سوورى كه‌ جیهادى نه‌بێت.

كورده‌كان باشترین هاوپه‌یمانى ئه‌مریكا بوون له‌ سووریادا هه‌ر له‌ ده‌ستپێكى یه‌كه‌م پریشكى رووداوه‌كانى ساڵى 2011ه‌وه‌ تا گه‌رمبوونى شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانیش. هه‌روه‌ها وه‌ك هێزى پیاده‌ى هاوپه‌یمانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ كاریان ده‌كرد له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ هه‌ر چالاكی ئاسمانیى ئه‌نجام ده‌دا به‌ سه‌ركردایه‌تى واشینتۆن دژى داعش. ئه‌مه‌ ماناى وانییه‌ كه‌ وڵاته‌ گه‌وره‌كان له‌كاتى بڕیارداندا به‌تایبه‌ت بڕیاره‌ گرنگ و گه‌وره‌كان به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان ده‌خه‌نه‌ پێش هه‌موو شتێكه‌وه‌.

توركیا نایه‌وێت هیچ چه‌كدارێكى كورد له‌ پشتێنه‌ سنوورییه‌كه‌یدا هه‌بێت هه‌تا قووڵایى سى چل كیلۆمه‌تر له‌ناو خاكى سووریادا. ئه‌مه‌ش به‌كرده‌وه‌ واتا دورخستنه‌وه‌ى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل و له‌گه‌ڵیشیدا زوربه‌ى دانیشتووانه‌ كورده‌كه‌ بۆ ناو قووڵایى سووریا، واته‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ زۆرینه‌یان عه‌ره‌بن، ئه‌مه‌ش له‌ ئاینده‌دا گیروگرفتى زۆریان بۆ دروست ده‌كات.

نموونه‌یه‌كى زیندوى دیكه‌ كه‌ ده‌توانین له‌م بواره‌دا ئاماژه‌ى بۆ بكه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورده‌كانى عه‌فرین له‌ ده‌وروبه‌رى حه‌ڵه‌ب ئاواره‌ كران له‌ ئاكامى كرده‌وه‌ سه‌ربازییه‌كانى توركیادا و ژماره‌یه‌كى زۆریان په‌نایان برده‌ به‌ر ناوچه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى رووبارى فورات. 

پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌گه‌ر سوپاى توركیا بێته‌ ناوه‌وه‌ بۆ پاراستنى ناوچه‌ ئه‌منییه‌كه‌، كورده‌كانى خۆرهه‌ڵاتى فورات بۆ كوێ ده‌چن؟ چونكه‌ گومانى تێدا نییه‌ ئه‌نقه‌ره‌ پێشنیاره‌كه‌ى ئه‌مریكا قبووڵ ناكات كه‌ ده‌ڵێت هێزى هاوبه‌شى ئه‌مریكى و توركى بۆ پاراستنى ناوچه‌كه‌ به‌و ناوه‌دا بگه‌ڕێن. ئه‌م پێشنیاره‌ له‌ مه‌نبج شكستى هێنا ئیتر چۆن له‌ خۆرهه‌ڵاتى فوراتدا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنێت.

له‌به‌رئه‌وه‌ ئامانجى توركیا گه‌وره‌تره‌ له‌ مه‌سه‌له‌ى رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ناوچه‌یه‌كى ئه‌منى. ئامانجه‌كه‌ى توركیا خودى مه‌سه‌له‌ى كورده‌ چ له‌ سووریا بێت یان له‌ عێراقدا یان له‌ناو توركیا.

راگه‌یاندنه‌كه‌ى ئه‌م دوواییه‌ى سه‌رۆكى زیندانیكراوى پارتى كرێكارانى كوردستانیش، عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌یى كورد بۆ ده‌ستپێكردنى وتوێژ له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌دا بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ى مه‌سه‌له‌ى كورد هه‌وڵێك بووه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى گوشارى توركیا له‌سه‌ر كورده‌كان. به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێى تێناچێت سه‌رۆكى توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان وتووێژ قبووڵ بكات له‌گه‌ڵ كورددا له‌كاتێكدا كه‌ له‌ توركیادا ئه‌ردۆغان هیچ هاوپه‌یمانێكى نییه‌ جگه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ توندڕه‌وه‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تى باخچه‌لى.

خۆرهه‌ڵاتى فورات ته‌نیا بریتییه‌ له‌ ناوچه‌ى به‌ریه‌ككه‌وتنى به‌رژه‌وه‌ندى و ستراتیجه‌ گه‌وره‌كان وه‌ك چۆن سوریا و ته‌واوى ناوچه‌كه‌ش ته‌نیا هه‌ر ئه‌و بایه‌خه‌یان هه‌یه‌.


سه‌رچاوه‌: ئه‌لنه‌هار

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure