ئایا خۆرئاوا له‌ مه‌رگى خۆى نزیك بووه‌ته‌وه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 17/08/2019

سه‌رچاوه‌: صه‌دا ئه‌لبه‌له‌د
وه‌رگێڕان: دواڕۆژ

مه‌سه‌له‌ى له‌ناوچوونى ئیمپراتۆریه‌ته‌كانى پێشوو، كه‌ چۆن دامه‌زراون و چۆن جێ پێى خۆیان داكوتیووه‌ و چۆن له‌ناوچوون، مایه‌ى سه‌رسووڕمان و سه‌رنجه‌!. به‌ڵام ئه‌و راستیه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ هه‌موو سه‌ره‌تایه‌ك كۆتایى هه‌یه‌ و هه‌موو هێزێك لاواز ده‌بێت و هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ناوده‌چێت و هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێز هه‌روا به‌ به‌هێزى نامێنێته‌وه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌ كتێبێك هه‌یه‌ به‌ناوى (مه‌رگى خۆرئاوا) له‌ نووسینى (پاتریك جه‌ى بوچانان)ى سیاستمه‌دار و نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسى ئه‌مریكى كه‌ كارى راوێژكاریى بۆ سێ سه‌رۆكى پێشووى ئه‌مریكا كردووه‌.

له‌و كتێبه‌یدا بوچانان، پێیوایه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى خۆرئاوایى به‌ره‌و تیاچوون ده‌چێت، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر دوو هۆكار: نه‌مانى ره‌وشت كه‌ ده‌ره‌نجامى كه‌لتووره‌ خۆرئاواییه‌كانه‌ و پیربوونى ژماره‌ى زۆرینه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى خۆرئاوایى كه‌ سێیه‌كى خه‌ڵكه‌كه‌ى چوونه‌ته‌ ته‌مه‌نه‌وه‌ و پیر بوون، هه‌ر بۆیه‌ زۆربه‌یان ده‌رگایان له‌به‌رده‌م كۆچى به‌لێشاودا كردووه‌ته‌وه‌ بۆ هێنانى گه‌نج.

پاتریك، به‌ڵگه‌كانى له‌ناوچوونى كۆمه‌ڵى ئه‌وروپیى گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌مان و مردنى چاكخوازى و به‌ها و ئه‌خلاق، ئه‌و چه‌مكانه‌ى كه‌ له‌ زۆربه‌ى خێزانه‌ ئه‌ورپییه‌كاندا نه‌ماون و به‌مه‌یش به‌ها ئایینیه‌كان له‌ناوچوون و به‌ره‌ڵایى و هاوسه‌رگیریى نێوان هاوڕه‌گه‌زه‌كان بڵاوبووته‌وه‌. له‌مه‌یشدا نموونه‌ى هاوسۆزیى هیلارى كلینتۆن دێنێته‌وه‌ كه‌ پشتیوانیى له‌ هاوسه‌رگیریى نێوان هاوڕه‌گه‌زه‌كان ده‌كات.

نووسه‌رى كتێبه‌كه‌، مه‌ترسییه‌كانى ئه‌م دیارده‌یه‌ى به‌ به‌ڵگه‌وه‌ خستووه‌ته‌ڕوو و به‌ ژماره‌ باس له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى دانیشتوانى وڵاتانى ئه‌ورپا ده‌كات له‌ ماوه‌ى په‌نجا ساڵى داهاتوودا. ته‌نانه‌ت به‌ كاره‌ساتى (به‌ڵاى تاعون)ه‌كه‌یش خراپترى داده‌نێت كه‌ له‌سه‌ده‌ى چوارده‌دا سێیه‌كى خه‌ڵكى ئه‌ورپاى له‌ناوبرد. 

له‌م باره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ تێكڕاى منداڵبوون لاى ژنانى ئه‌ورپا بووه‌ته‌ تاقه‌ یه‌ك منداڵ بۆ هه‌ر ژنێك، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ پێویسته‌ كه‌میى ژماره‌ى دانیشتوان پڕ بكرێته‌وه‌. له‌به‌رامبه‌ردا ژماره‌ى دانیشتوانى وڵاتانى جیهانى سێیه‌م، له‌ نموونه‌كانى هندستان و چین و وڵاتانى ئه‌مریكاى لاتین زیادبووه‌ و به‌تایبه‌ت له‌ناو موسڵماناندا تێكڕاى له‌دایكبوون زۆر زیادى كردووه‌ و ساڵانه‌ نزیكه‌ى 80 ملیۆن موسڵمان زیاد ده‌كات. ته‌نانه‌ت پێشبینیى ئه‌وه‌ ده‌كرێت هه‌تا ساڵى 2050 ژماره‌ى دانیشتوانى ئه‌و وڵاتانه‌ بگاته‌ چوار ملیار كه‌س ئه‌مه‌یش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى تر ده‌بێت بۆ سه‌ر ئه‌ورپا.

ده‌رباره‌ى ئه‌مریكایش، پاتریك باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئاستى له‌باربردنى منداڵ لاى ژنانى ئه‌مریكا زۆر زیادى كردووه‌. له‌ساڵى 1996دا ژماره‌ى له‌باربردنى منداڵ نزیكه‌ى شه‌ش هه‌زار بووه‌، به‌ڵام دواى ده‌ ساڵ زیادى كردووه‌ بۆ 600 هه‌زار و ساڵانه‌یش له‌زیادبووندایه‌ به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى كه‌ پرۆسه‌ى له‌باربردن وه‌ك مافێكى ژنان سه‌لمێنرا و گه‌یشته‌ نزیكه‌ى دوو ملیۆن حاڵه‌ت له‌ساڵێكدا. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ى كه‌ رێژه‌ى 25%ى كۆى منداڵانى ئه‌مریكا منداڵى ناشه‌رعین و دایك و باوكیان دیار نییه‌ و نازانرێت كێَن. هه‌موو ئه‌مانه‌یش هۆكارى به‌ره‌ڵایى و ئازادیى بێسنوورى رابواردن و ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و نه‌مانى بنه‌ما به‌رزه‌كانه‌ كه‌ خۆى له‌خۆیدا ماناى لێكترازان و فه‌نابوون و نه‌مانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌. ژماره‌ى گه‌نج-یش كه‌ خۆى له‌خۆیدا كه‌مه‌، له‌ناو ئه‌و ژماره‌ كه‌مه‌یشدا رێژه‌یه‌كى كه‌میان ده‌یانه‌وێت هاوسه‌رگیریى بكه‌ن و خێزان پێكه‌وه‌ بنێن، گه‌نجێك كه‌ هه‌موو ئازادییه‌كى سێكسیى به‌یاسا بۆ رێكخرابێت و ئه‌و مافه‌ى پێدابێت ئیتر هاوسه‌رگیرى و خێزانى بۆچییه‌؟!.

پاتریك جه‌ى، نموونه‌ى ئه‌ڵمانیا دێنێته‌وه‌ كه‌ پێشبینى ده‌كرێت ژماره‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى له‌ 82 ملیۆنه‌وه‌ دابه‌زێت بۆ نزیكه‌ى 60 ملیۆن و له‌و ژماره‌یه‌یش زیاتر له‌ سێیه‌كیان كه‌سانى پیر و به‌ته‌مه‌ن بن. له‌ ئیتالیا ژماره‌ى دانیشتوان به‌ڕێژه‌ى 10% و له‌ ئه‌مریكایش به‌ هه‌مان رێژه‌ و له‌ ئوسترالیا 25% و له‌ روسیا به‌ڕێژه‌ى 30% و له‌ ژاپۆن 40% ژماره‌ى دانیشتوانه‌كانیان له‌ كه‌مبوونه‌وه‌دایه‌.

ئینجا پاتریك جه‌ى بوچانان پرسیارى ئه‌وه‌ ده‌كات: ئه‌م كه‌مردنه‌وه‌یه‌ى منداڵبوونه‌ له‌ خۆرئاوادا بۆ؟ هه‌ر خۆیشى وه‌ڵامده‌داته‌وه‌ و هۆكاره‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ بیرۆكه‌ى كه‌لتوورى ئازاد كه‌ مه‌رگى ئه‌خلاقى به‌دواوه‌یه‌ و به‌ها ئایینى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ناوده‌بات و په‌یوه‌ندییه‌ شازه‌كان په‌ره‌پێده‌كات، به‌مه‌یش كۆمه‌ڵى خۆرئاوایى ورده‌ورده‌ له‌ناو ده‌چێت. كۆمه‌ڵى ئه‌ورپایى كه‌تووه‌ته‌ ناو ئه‌و خۆشى و رابواردن و به‌ره‌ڵاییه‌وه‌ كه‌ ئیمپاتۆریه‌تى رۆمانى و زۆر له‌ ئیمپراتۆریه‌ته‌كانى دیكه‌ى داڕووخاند و له‌ناوى بردن. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure