بێجگه‌ له‌ شیعر ئه‌ى تاقمه‌كه‌ى ترامپ

بۆچوون / بیروڕا :: 15/08/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لیه‌وم ئه‌لسابیع
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


رژێمى ده‌سه‌ڵاتدارى ئێستاى ئه‌مریكا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى نییه‌ به‌ رۆشنبیرییه‌وه‌. بۆیه‌ هه‌رگیز پێشبینیم نه‌كردووه‌ ده‌ستوپێوه‌نده‌كانى سه‌رۆك ترامپ تاقه‌تى شیعریان هه‌بێت و له‌و ئاسته‌ خراپه‌دا بن كه‌ ده‌ستدرێژى بكه‌نه‌ سه‌ر شیعر و وشه‌كانى بگۆڕن كه‌چى به‌داخه‌وه‌ كردیان.

سه‌رۆكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كۆچى ئه‌مریكى به‌ وه‌كاله‌ت به‌م دواییه‌ یارى به‌ وشه‌كانى لازارۆس كردووه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنكه‌ى په‌یكه‌رى ئازادى له‌ نیویۆرك هه‌ڵكه‌ندراوه‌. ئه‌م كابرایه‌ له‌كاتى گفتوگۆكردنیدا له‌سه‌ر یاسا تازه‌كانى سه‌رۆك دۆناڵد ترامپ بۆ قه‌ده‌غه‌كردنى به‌خشینى كارتى سه‌وز و ره‌گه‌زنامه‌ى ئه‌مریكى به‌ كۆچبه‌ران چه‌ند دێڕێكى ئه‌و شیعره‌ به‌رزه‌ى لازارۆسى ده‌ستكارى كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستى راگه‌یاندنى سیاسه‌تى ترامپ و سووكایه‌تى كردن به‌ كۆچبه‌ران و به‌ بارێكى قورسیان ده‌زانێت له‌سه‌ر شانى حكومه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ شیعره‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ ده‌ڵێت: وه‌رن ئه‌ى هه‌ژاران و رێبواره‌ ماندووه‌كانى رێگاى ئازادى، ئه‌ى چه‌وساوه‌كانى جیهان كه‌ كه‌نارى ده‌ریاكانتان پڕ كردووه‌ وه‌رن.

بێگومان ئه‌م كاربه‌ده‌سته‌ى نزیكى ترامپ هیچ شتێك نازانێت ده‌رباره‌ى شیعره‌كه‌ و واتاكانى و ره‌نگه‌ نه‌یبیستبێت كه‌ ئه‌م شیعره‌ ساڵى 1883 نووسراوه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ك به‌ مه‌به‌ستى دروستكردنى بنكه‌یه‌ك بۆ په‌یكه‌ره‌كه‌، كه‌ په‌یكه‌رسازى فڕه‌نسى فریدریك بارفۆڵدى دروستى كرد و وه‌ك دیارییه‌كى گه‌لى فڕه‌نسا بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ یادى سه‌د ساڵه‌ى دامه‌زراندنى ئه‌و وڵاته‌دا.

ئه‌م جۆره‌ تێڕوانین و مامه‌ڵه‌ كردنه‌ له‌گه‌ڵ شیعردا بۆمان ده‌رئه‌خات ترامپ و تاقمه‌كه‌ى چۆن بیرده‌كه‌نه‌وه‌ و سووكایه‌تى به‌ مرۆڤایه‌تى ده‌كه‌ن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure