ئایا ئینته‌رنێت زمانى دایك ده‌كوژێت؟

بۆچوون / بیروڕا :: 15/08/2019

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕى ئه‌لجه‌زیره‌
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


ئینته‌رنێت له‌ رۆژى په‌یدابوونییه‌وه‌ هه‌تا ئێستا شێوازى نووسینى خه‌ڵكیى گۆڕیوه‌ واته‌ له‌ كاتێكدا كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ شێوه‌ فه‌رمییه‌كه‌ به‌كارده‌هێنن بۆ هه‌ندێك بابه‌ت و مه‌به‌ست به‌ڵام زوربه‌مان كاتێك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌نووسین به‌ شێوازێكى دیكه‌ ده‌نووسین كه‌ پێى ده‌گوترێت شێوازى كۆمپیوته‌رى.

ئه‌مه‌ ورده‌ ورده‌ كارێكى كردووه‌ له‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا چه‌ندین زمانى په‌یوه‌ندیكردنى تازه‌ بێنه‌ ئاراوه‌ و له‌ نووسینى كورته‌نامه‌ى ئه‌لیكترۆنیى و چاتكردنى سه‌ر ئینته‌رنێت و گفتوگۆ ده‌ستبه‌جێكانى سه‌ر فه‌یسبووك و واتسئاپ و پێگه‌كانى دیكه‌ سه‌رهه‌ڵبده‌ن.

به‌پێى لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر پسپۆڕانى زمان ئه‌نجامیان دا له‌ كۆى حه‌وت هه‌زار زمان ته‌نیا كه‌متر له‌ 5%یان وه‌ك زمانى دیجیتاڵى له‌سه‌ر ئینته‌رنێت به‌كارده‌هێنرێن.

گۆڤارى پلۆس وه‌ن، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت ئینته‌رنێت ده‌بێته‌ هۆى له‌ناوچوونى 95%ى زمانه‌ زیندووه‌كان و زۆر زمان نامێنن چونكه‌ ناتوانن بچنه‌ ناو بواره‌ دیجیتاڵییه‌كه‌وه‌. لێكۆڵینه‌وه‌ى پسپۆڕانى زمان ده‌ریخستووه‌ كه‌ زوربه‌ى زمانه‌كانى جیهان هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره‌ به‌هۆى شكستییانه‌وه‌ له‌ چوونه‌ ناو جیهانى ئینته‌رنێته‌وه‌.

نوێ نه‌كردنه‌وه‌ى زمان له‌لایه‌ن نه‌وه‌ گه‌نجه‌كانه‌وه‌ و بێ توانایى له‌ به‌كارهێنانى زمان له‌ بواره‌كانى بازرگانى و بواره‌ گرنگه‌كانى دیكه‌دا هۆكارى یاریده‌ده‌رن بۆ په‌ككه‌وتنى زمان و ئه‌گه‌رى له‌ناوچوونى. له‌وانه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌وه‌ى نوێ زمانى باووباپیرى كه‌متر له‌ جاران به‌كارده‌هێنێت. له‌م گه‌شته‌ مه‌رگباره‌دا زمان كاریگه‌رى خۆى له‌ چالاكى رۆژانه‌ و به‌كارهێنانى ئینته‌رنێتدا له‌ده‌ست ده‌دات.

شانبه‌شانى ئه‌مه‌ زمانى ئینگلیزى به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌ژموونى خۆیدا به‌سه‌ر ئینته‌رنێت، چونكه‌ تائێستاش نزیكه‌ى 55%ى ناوه‌ڕۆكى ئه‌لیكترۆنى به‌م زمانه‌ ده‌نووسرێت هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ زیادبووندایه‌ كه‌ ئینگلیزى نازانن یاخود پێیان باشتره‌ به‌ زمانى خۆیان ئه‌و زانیارییانه‌یان پێبگات.

ساڵى 1996 كاتێك كه‌ ئینته‌رنێت هاته‌ ناو بوارى گشتییه‌وه‌، زیاتر 80%ى به‌كارهێنه‌رانى ئینته‌رنێت له‌و كه‌سانه‌ بوون كه‌ ئینگلیز زمان بوون. له‌ ساڵى 2010دا ئه‌و رێژه‌یه‌ نزم بووه‌وه‌ و گه‌یشته‌ 27.3%.

به‌كارهێنانى وشه‌ى كورتكراوه‌ و ناوه‌ سیمبولییه‌كان و ئیمۆجى و وێنه‌ جۆره‌وجۆره‌كان ئێستا به‌كارهێنانى ئینته‌رنێت و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌ره‌سته‌ى زۆر فراوانیان له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ گوزارشت كردن له‌ هه‌ست و بیروباوه‌ڕیان و ئه‌م سیمبولانه‌ زۆر وشه‌یان كورتكردووه‌ته‌وه‌ ته‌نانه‌ت بوارى ئه‌وه‌ش هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ى ئه‌و جۆره‌ نووسینه‌وه‌ ته‌نانه‌ت گوزارشت له‌ تۆنى ده‌نگیش بكرێت.

به‌كارهێنانى پیته‌ لاتینییه‌كانیش كه‌ له‌ رواڵه‌تدا كارئاسانییه‌ بۆ به‌كارهێنه‌رانى ئینته‌رنێت خۆى له‌خۆیدا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى تره‌ له‌سه‌ر ئه‌لف و بێى زمانه‌كانى تر به‌جۆرێك كه‌ ئێستا زۆر ئاساییه‌ له‌باتى چه‌ند پیتێك كه‌ له‌ ئه‌لف و بێى لاتینیدا نین به‌ ژماره‌ گوزارشتیان لێ بكرێت وه‌ك پیتى (ح) بۆ نموونه‌.

هه‌رچه‌نده‌ ئۆباڵى ئه‌م دیارده‌یه‌، واته‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌م زمانى دووهه‌مه‌ ته‌نیا هه‌ر له‌ ئه‌ستۆى ئینته‌رنێتدا نییه‌ به‌ڵام تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رۆڵى گرنگیان گێڕاوه‌ له‌ گشتاندن و ئاساییكردنیاندا وه‌ك جۆرێك له‌ رۆشنبیرى باوى جیهانگیریى.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure