تۆ جیاوازیت

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

بیرم نایه‌ت ته‌نیا بۆ یه‌ك جاریش خه‌ونم به‌ جلى بوكێنییه‌وه‌ بینیبێت، یاخود ویستبێتم بچمه‌ ته‌عزێ یان ئاهه‌نگى ژنهێنانه‌وه‌ كه‌ خێزانه‌كان تیایدا كۆده‌بنه‌وه‌. من هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ رقم له‌و بونه‌وه‌رانه‌ بووه‌ كه‌ به‌ ریزى هاوچه‌شن به‌ یه‌ك ده‌نگ و جووڵه‌ رۆیشتوون و هه‌ركاتێك یه‌كێك له‌و ره‌شه‌ خه‌ڵكه‌ جیابووبێته‌وه‌ هه‌ستى به‌ ترس كردووه‌و به‌په‌له‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ شوێنه‌كه‌ى خۆى، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌دواى دواوه‌ش بووبێت و له‌ نزمترین ئاستیشدا بووبێت وه‌ك كۆیله‌ و كه‌نیزه‌ك.

من له‌ مێژووى دوور و نزیكدا بۆ ئه‌و هۆكارانه‌ ده‌گه‌ڕام كه‌ كارێكیان كردووه‌ كۆیلایه‌تى هه‌تا سه‌ده‌ى بیست و یه‌كه‌م به‌رده‌وام بێت سه‌ره‌ڕاى شۆڕشى به‌رده‌وامى ژنان و كۆیله‌.
 
بۆچى شۆڕشه‌ میلـلییه‌كان له‌ خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا و باشوور و باكووردا له‌بار ده‌برێن؟ بۆچى سه‌ركوتكردنى ئابوورى و سێكسى پێكه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بن؟ بۆچى پیاوێكى ره‌گه‌زپه‌رستى سه‌رمایه‌دارى ئیستیعمارى شه‌ڕانى وه‌كوو دۆناڵد ترامپ ئه‌بێته‌ سه‌ركرده‌ى جیهان؟

دوێنێ رۆژنامه‌نووسێكى میسرى لێى پرسیم رات چییه‌ له‌سه‌ر زنجیره‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كانى مانگى ره‌مه‌زان. زۆر سه‌رسام بوو كه‌ گووتم ته‌ماشایان ناكه‌م.

گووتى هه‌موو كه‌س ته‌ماشایان ده‌كات چۆن تۆ ته‌ماشایان ناكه‌یت؟ وه‌ڵامم دایه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌موو كه‌س ته‌ماشاى ده‌كات. كابرا سه‌رى سووڕما. تۆ له‌ هه‌مووان جیاوازى ئه‌مه‌ى به‌ بێزاریى و ناڕه‌زاییه‌وه‌ ده‌ربڕى. تۆش رێك له‌ هه‌مووان ده‌چیت مامۆستا. كاغه‌زه‌كانى كۆده‌كاته‌وه‌ و دیارنامێنێت.

به‌هه‌مانشێوه‌ش زۆر كه‌س سه‌ریان سووڕ ده‌مێنێت كه‌ ده‌ڵێم ته‌ماشاى یارییه‌كانى فتبۆڵێن ناكه‌م. ئه‌و یارییانه‌ به‌لامه‌وه‌ وه‌كو په‌تا وان. به‌ وێنه‌ى مه‌لاریا ملیۆنه‌ها كه‌س تووشى ئازار و هه‌وكردن و تا و سه‌ره‌گێژه‌ ده‌كه‌ن. هۆڕمۆنه‌كانى توندوتیژى به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌. له‌ ئه‌مریكاى لاتینى جه‌ماوه‌ر یاریزانێك سه‌رده‌بڕن، چونكه‌ به‌ هه‌ڵه‌ گۆڵى له‌ تیپه‌كه‌ى خۆیان كرد. باوكێكیش كچه‌كه‌ى خۆى كوشت، چونكه‌ لاسایى ژنه‌ ئه‌كته‌رێكى زنجیره‌یه‌كى ره‌مه‌زانى كرده‌وه‌.

به‌ ده‌گمه‌ن سه‌رسام ده‌بم به‌ پیاوێك وه‌كو هه‌موو پیاوه‌كانى دیكه‌ بێت یان به‌ ژنێك كه‌ له‌ هه‌موو ژنه‌كانى تر بچێت. مه‌رجى سه‌رسامبوون و مه‌رجى داهێنان ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ له‌ كه‌س نه‌چێت. چیرۆكى سه‌ركه‌وتوو به‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ كوڕه‌كه‌ به‌ كچه‌كه‌ بڵێت تۆ له‌ ژنانى تر جیاوازى و ئه‌ویش پێى بڵێت تۆ له‌ پیاوانى تر جیاوازیت.

له‌ یاداشتنامه‌ى منداڵیمدا باسى ئه‌و خه‌ونه‌ گه‌وره‌یه‌م كردووه‌ كه‌ ژنان و كچانى ده‌وروبه‌رم خه‌ونیان پێوه‌ نه‌ده‌بینى. خه‌ونم به‌و وزه‌ قه‌تیسكراوه‌ى ناخمه‌وه‌ ده‌بینى و هه‌ستم پێ ده‌كرد رێك له‌ژێر دڵمدایه‌، له‌ سه‌نگه‌رێكى قووڵى ژێر په‌راسووه‌كانمدا، ئه‌و خه‌ونه‌ چییه‌؟ تووڕه‌بوونه‌، دڵخۆشییه‌، خه‌مه‌، ئازاره‌، چێژه‌، خه‌ونى فڕینه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ى دیوار و ته‌لبه‌نگه‌كان، له‌ ده‌ره‌وه‌ى ماڵه‌وه‌ و چێشتخانه‌ و قوتابخانه‌ و هه‌موو شوێنه‌ داخراوه‌كان؟
خه‌ونه‌كه‌ له‌ژێر په‌راسووه‌كاندا كۆده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ خه‌ونێكى كۆنه‌، كۆنتر له‌ بیره‌وه‌ریى و مێژوو، كات و شوێنى خۆى جێده‌هێڵێت و له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ندا له‌دایك ده‌بێته‌وه‌ و پاكتر و راستگۆترى لێده‌رده‌چێت. به‌ده‌م خه‌وه‌وه‌ ده‌یگرمه‌ باوه‌ش، ئه‌وه‌ منداڵه‌ پیرۆزه‌كه‌ى منه‌. خه‌رمانه‌یه‌ك له‌ پاكیزه‌یى ده‌ورى داوه‌، ده‌بێته‌ جه‌سته‌یه‌كى گه‌رم، ده‌بێته‌ دوو قۆڵى میهره‌بان و وه‌ك قۆڵى دایكم له‌ئامێزم ده‌گرن. ئه‌گه‌ر جێم بهێڵێت هیچ هێزێكم تیادا نامێنێت، بیرى ده‌كه‌م وه‌ك ئه‌وه‌ى گه‌رمایى دڵ بێت و وزه‌ى بزوێنه‌رى جه‌سته‌م بێت. كاتێكیش كه‌ له‌ ئاستى خۆى زیاتر ده‌بێت له‌ تاڤگه‌یه‌كى به‌خوڕیى تووڕه‌یى ده‌چێت، وێرانم ده‌كات. شه‌وانیش كه‌ له‌ خه‌ودام ئه‌و تاڤگه‌یه‌ ده‌بێته‌ رووبارێكى هێمن و میهره‌بان، ده‌بێته‌ تیشكێكى به‌تینى خۆر.

به‌یانیان چاوم ده‌كه‌مه‌وه‌ و سه‌رنج له‌ چاوى خوشك و براكانم ده‌ده‌م، له‌ چاویاندا به‌دواى ئه‌و شته‌دا ده‌گه‌ڕێم، به‌دواى ئه‌و خه‌ونه‌دا كه‌ شه‌وان خه‌وم ده‌زڕێنێت. ده‌بینم چاویان هێمن و رۆشنه‌ هیچ نیگه‌رانى و شه‌ونخونى و نیشانه‌یه‌كى بێ خه‌وییان تیادا نییه‌. له‌ قوتابخانه‌ و زانكۆ و شوێنى كار و هه‌موو شوێنكى دیكه‌شدا سه‌رنجم له‌ چاوى هاوكار و كچان و ژنانى دیكه‌ ده‌دا، به‌دواى ئه‌و خه‌ونه‌دا ده‌گه‌ڕام به‌ڵام بێ سوود بوو هیچ خه‌ونێك نه‌بوو جگه‌ له‌ جلى بووكێنى و سووراو و سپیاو.

هه‌ر له‌ قۆناغى منداڵییه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ و كه‌لتوور و خوێندن و ئایین و راگه‌یاندن رۆڵ ده‌بینن له‌ دروستكردنى هه‌ست و نه‌ستى مرۆڤدا. كچ به‌وه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كرێت كه‌ هاوسه‌رگیریى شتێكى سه‌پاوه‌ به‌سه‌ریدا وه‌كو مردن. له‌به‌ر چاوى من كفنه‌ سپییه‌كه‌ له‌ جلى بووكێنى ده‌چوو. له‌ ژیانمدا جلى بووكێنیم له‌به‌ر نه‌كردووه‌ و ئاماده‌یى هیچ شاییه‌ك نه‌بووم ته‌نانه‌ت شاییه‌كه‌ى خۆیشم. به‌ منداڵى كه‌ سه‌یرى فڕۆكه‌م ده‌كرد به‌ ئاسمانه‌وه‌ نه‌نكم ئه‌و شه‌وقه‌ دره‌وشاوه‌یه‌ى له‌ چاومدا هه‌ست پێده‌كرد و به‌ ترسه‌وه‌ ده‌یوت خوا ره‌حم بكات ئه‌مه‌ خه‌ونى كچ نییه‌. خۆمم ده‌بینى به‌ سوارى ئه‌سپێكى سپییه‌وه‌ به‌ ئاسماندا ده‌فڕم و شمشێرێكم به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ئه‌یده‌م له‌ دوژمنه‌كانم. ده‌مویست سوارى فڕۆكه‌ ببم، بۆ ئه‌وه‌ى ئینگلیز له‌ كه‌ناڵى سویسدا بۆمباران بكه‌م. مامۆستاى په‌روه‌رده‌ى نیشتمانى پێى ده‌گوتین نیشتمانپه‌روه‌رى ئه‌وه‌یه‌ دوژمنه‌كان بكوژین. به‌یانیان له‌ ریزدا سروودمان بۆ نیشتمان ده‌گوت. خه‌ونم به‌وه‌وه‌ ده‌بینى ببمه‌ فیدائیى و له‌پێناوى خوا و نیشتمان و پادشادا بمرم. كه‌ باوكم وتى پادشاكه‌مان گه‌نده‌ڵه‌ ئیتر پادشام له‌و سێكوچكه‌ پیرۆزه‌ ده‌ركرد.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure