ئایا ترامپ ئه‌مریكا به‌ره‌و جه‌نگى ناوخۆ ده‌بات؟

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ى ئه‌لنه‌هار
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


له‌ هاوینى ساڵى 2015ه‌وه‌ كه‌ دۆناڵد ترامپ هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى ده‌ستپێكرد، مشتومڕى سیاسى و كه‌لتوورى له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكادا پێى ناوه‌ته‌ ئاستێكى توندوتیژتر. له‌و كاته‌شه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ به‌ سه‌رۆك هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته‌كانى له‌ جاران زیاتر توندڕه‌و و ده‌مارگیرانه‌یه‌، گوتاره‌ سیاسییه‌كه‌ى ده‌مارگیرییه‌كى ئاشكراى تێدایه‌ كه‌ لێوانلێوه‌ له‌ ره‌گه‌زپه‌رستى دژى كه‌مایه‌تییه‌كانى ناوخۆى وڵات و هه‌روه‌ها دژى وڵاته‌ ئه‌فریقى و ئیسلامییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌. چاودێره‌كان پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ دیارده‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌په‌رستى راستڕه‌وى جیهانییه‌ كه‌ چه‌ندین وڵاتى جۆراوجۆرى گرتووه‌ته‌وه‌ هه‌ر له‌ به‌ڕازیله‌وه‌ هه‌تا هه‌نگاریا و پۆڵۆنیا بۆ روسیا و توركیاى ئیسرائیل و چه‌ندین وڵاتى دیكه‌.
له‌م وڵاتانه‌دا به‌هاكان گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه‌ و هیچ بایه‌خێك بۆ هه‌مه‌چه‌شنى كه‌لتوورى نه‌ماوه‌ به‌ڵكو هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بایه‌خ ده‌ده‌ن به‌ لایه‌نه‌ ناسیۆنالیستى و شۆڤێنى و ئاینییه‌كان له‌سه‌ر حیسابى به‌ها لیبراڵى و دیموكراسییه‌كان له‌ ناوخۆدا و زۆر به‌ ئاشكرا دژى كۆچبه‌ران و په‌نابه‌رانن.

له‌وه‌ته‌ى ترامپ بووه‌ته‌ سه‌رۆك كارى توندوتیژى به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ى كه‌ دژى ترامپن له‌ هه‌ڵكشاندان و ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ له‌وه‌دا به‌رجه‌سته‌ بووه‌ كه‌ كۆمه‌ڵكوژى له‌ڕووى ژماره‌ و چۆنایه‌تییه‌وه‌ له‌ سێ ساڵى رابوردوودا زیادى كردووه‌. به‌پێى ئامارى رێكخراوه‌كانى مافه‌ مه‌ده‌نییه‌كان ژماره‌ى قوربانییانى هێزه‌ ره‌گه‌زپه‌رست و توندڕه‌وه‌ سپی پێسته‌كان به‌رده‌وام له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌ كه‌ دواهه‌مینیان كوشتاره‌ گه‌وره‌كه‌ى (باسوو) بوو كه‌ بكوژه‌كه‌ ئه‌مریكاییه‌ لاتینییه‌كانى كرده‌ ئامانج به‌ جۆرێك كه‌ هه‌ندێك مێژوونووس ئه‌م قۆناغه‌ى ئه‌مریكا ده‌شوبهێنن به‌ ساڵانى په‌نجاكانى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌م كه‌ دواتر جه‌نگى ناوخۆى ئه‌مریكاى لێكه‌وته‌وه‌.

سبه‌ى رۆژ مێژوو ئه‌و راستییه‌ ده‌نووسێت كه‌ له‌ ساڵى 1865ه‌وه‌ هیچ سه‌رۆكێك وه‌كو ترامپ بابه‌ته‌ ره‌گه‌زپه‌رستییه‌كانى بۆ ئامانجه‌ تایبه‌ت و سیاسییه‌كانى خۆى به‌كارنه‌هێناوه‌ و زیاتر له‌ 100 ساڵه‌ هیچ سه‌رۆكێك هێنده‌ دژى موسوڵمانان و ئه‌مریكییه‌ ره‌شپێسته‌كان نه‌بووه‌. ته‌نانه‌ت تێڕوانینیشى بۆ جوله‌كه‌ هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه‌، له‌سه‌رده‌مى ئه‌ودا گه‌وره‌ترین تاوان به‌رامبه‌ر جولكه‌ ئه‌مریكییه‌كان ئه‌نجام درا.

جه‌نگى ناوخۆ له‌ كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ته‌كاندا ئه‌وكاته‌ به‌رپا ده‌بێت كه‌ ده‌مه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت نه‌توانن ناكۆكى و جه‌مسه‌رگیرییه‌ سیاسى و كه‌لتوورى و ئیتنییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و تاقمێك یاخود هێزێكى سیاسى په‌نا ده‌باته‌ به‌ر ناشیرین كردنى هێز و پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى دیكه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر چه‌ك به‌ ئاسانى ده‌ستبكه‌وێت و خه‌ڵكێك هه‌بن ئاماده‌ییان تێدا بێت به‌كارى بهێنن.

ئێستا ترسه‌كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى ساڵى ئاینده‌یه‌. ئه‌گه‌ر ترامپ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ رێژه‌یه‌كى كه‌م بدۆڕێنێت و پڕۆسه‌كه‌ى قبوڵ نه‌كرد ئه‌وا ره‌نگه‌ داوا له‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى بكات بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان. ره‌نگه‌ ئه‌گه‌رى روودانى جه‌نگى ناوخۆ له‌ ئه‌مریكادا ئه‌گه‌رێكى زۆر دوور بێت به‌ڵام مه‌ترسى سه‌رهه‌ڵدانى توندوتیژى سیاسى و ره‌گه‌زپه‌رستى له‌سه‌رده‌مى ترامپدا مه‌ترسییه‌كى راسته‌قینه‌.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure