ئه‌مریكا و ئێران ... جه‌نگ مه‌حاڵه‌، ئاشتى رێى تێده‌چێت

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لعه‌ره‌بى ئه‌لجه‌دید
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


هه‌رگیز رۆژێك له‌ رۆژان جه‌نگ له‌نێوان ئه‌مریكا و ئێراندا یه‌كێك نه‌بووه‌ له‌ بژارده‌كان ته‌نانه‌ت له‌كاتى هه‌ڵكشانى گرژى و ئاڵۆزییه‌كانى ئه‌م ماوه‌یه‌ى كه‌نداویشدا كه‌ كه‌س ناتوانێت پێشبینى هه‌ڵوێست و ره‌فتاره‌كانى سه‌رۆكى ئه‌مریكا بكات. جه‌نگ له‌ئارادا نییه‌. ئه‌وه‌ى ئاگادارى مێژووى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان تاران و واشنتن بێت له‌ 40 ساڵى رابوردوودا زۆر باش ده‌زانێت كه‌ مه‌یدانى ململانێ له‌نێوانیاندا ده‌توانێت هه‌موو شتێك بێت بێجگه‌ له‌وه‌ى كه‌ جه‌نگێكى راسته‌وخۆ له‌نێوانیاندا رووبدات. ته‌نانه‌ت ده‌توانن هه‌ردووكیان سوود له‌ ترس و نیگه‌رانییه‌كانى عه‌ره‌بیش وه‌ربگرن به‌ مه‌به‌ستى ملكه‌چكردن و دادۆشینیان.

له‌ هۆشى ده‌سته‌جه‌معى ئه‌مریكادا ئێران یاخود وڵاتى فارس نه‌ته‌وه‌یه‌كى شارستانییه‌، وڵاتى سیحر و شیعر و هونه‌ر و خۆراكى به‌تامه‌، واته‌ هه‌مان وێنه‌ى توركیاى عوسمانییه‌ له‌ خه‌یاڵدانى ئه‌مریكادا. وێنه‌ى ئێران په‌یوه‌سته‌ به‌ حافیز و سه‌عدى و فیرده‌وسییه‌وه‌. ناوى شاعیره‌ ئێرانییه‌كان له‌ بیره‌وه‌رى رۆشنبیرى ئه‌مریكى و هه‌موو خۆرئاوادا زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌ وێنه‌ى شاعیره‌ عه‌ره‌به‌كانى وه‌ك موته‌نه‌بى و ئه‌بوته‌مام. ئه‌مه‌ش له‌خۆوه‌ نه‌هاتووه‌. عه‌ره‌ب به‌تایبه‌ت سه‌ركرده‌ و حكومه‌ته‌كانیان ئه‌وساش و ئێستاش هێنده‌ بێ ئه‌قڵیى و نه‌فامییان نیشان داوه‌ كه‌ ئاسایى بێت خۆرئاوا وێنه‌ى عه‌ره‌ب به‌ ناشیرینى ببینێت.

هه‌رچه‌نده‌ ئێران له‌ ساڵى 1979دا پاش شۆڕشه‌كه‌ى خومه‌ینى له‌ دۆسته‌وه‌ بوو به‌ دوژمنى ئه‌مریكا، به‌ڵام ئه‌م گۆڕانكارییه‌ زۆر كارى نه‌كرده‌ سه‌ر هۆشى میللى ئه‌مریكی به‌ڵكو ته‌نیا ده‌سته‌بژێره‌ سیاسییه‌كه‌ى ئه‌مریكا هه‌ڵوێستیان گۆڕى، واته‌ ئه‌و تاقم و لۆبییانه‌ى كه‌ لایه‌نگرى ئیسرائیل و كۆمپانیاكانى چه‌كن. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ بگره‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌سته‌بژێره‌ش ئاماده‌یى تێدایه‌ هه‌ڵوێست و تێڕوانینى به‌رامبه‌ر ئێران بگۆڕێت به‌ڵام وێنه‌ى عه‌ره‌ب له‌لاى وێنه‌یه‌كى نه‌گۆڕ و چه‌سپیوه‌.

به‌ كورتییه‌كه‌ى، هاووڵاتى ئاسایى ئه‌مریكی پێى وایه‌ گه‌لى ئێران شایسته‌ى ئه‌و ئابڵوقه‌ ئابوورییه‌ نییه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تاى شۆڕشى ئیسلامییه‌وه‌ به‌سه‌ریدا سه‌پێندراوه‌. چونكه‌ ئێرانییه‌كان مرۆڤى ئاسایى و باش و كراوه‌ن و رۆڵه‌كانیان له‌سه‌ر خۆشه‌ویستى و لێبورده‌یى و كرانه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ ئه‌كه‌ن. دروشمى مردن بۆ ئه‌مریكاش ته‌نیا ئاڕاسته‌ى دامه‌زراوه‌ سیاسییه‌كه‌ى ئه‌مریكا كراوه‌ نه‌ك هه‌موو گه‌لى ئه‌مریكا.

ئۆباما كه‌ هه‌ڵقوڵاوى ئه‌و كه‌لتووره‌یه‌ هه‌وڵى دا ئێران بكاته‌ ده‌وڵه‌تێكى ئاسایى له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهاندا له‌ڕێى كۆتاییهێنان به‌ ئابڵوقه‌ ئابوورییه‌كه‌ و كردنه‌وه‌ى بازاڕى ئێران به‌ڕووى ئابوورى جیهانیدا و راگرتنى به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى و نه‌هێشتنى هیچ پاساوێك بۆ ده‌ستوه‌ردان له‌ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ به‌ڵام هاتنى دۆناڵد ترامپ كۆتایى به‌م ئاڕاسته‌یه‌ هێنا.

كێشه‌ى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئێراندا نه‌ له‌سه‌ر ئێرانه‌ و نه‌ له‌سه‌ر ده‌ستوه‌ردانێتى له‌ وڵاتانى عه‌ره‌بیدا چونكه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌گه‌ر بیه‌وێت یاخود ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى ئابووریى و ئه‌منى و نه‌ته‌وه‌یى گرنگى هه‌بێت له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا ده‌توانێت ده‌ستوه‌ردانه‌كانى تاران بوه‌ستێنێت. سه‌باره‌ت به‌ عێراقیش به‌رژه‌وه‌ندى هه‌ردوو وڵات تیایدا زۆر ئاڵۆز و تێكئاڵاوه‌ و هه‌ردووكیان قبوڵیانه‌ ده‌سه‌ڵات له‌و وڵاته‌دا له‌نێوان خۆیاندا دابه‌ش بكه‌ن.

كێشه‌ى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانیدایه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ دوژمنى ئێرانن. له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ ئیسرائیل و سعودیه‌ و به‌ راده‌یه‌كى كه‌متر میرنشینى ئه‌بوزه‌بى. ئه‌مانه‌ گوشاریان خستووه‌ته‌سه‌ر ئیداره‌ى ئه‌مریكا تا له‌ڕێى ئابڵووقه‌ و گوشاره‌وه‌ كۆمارى ئیسلامى بڕوخێنێت. ئێستا كۆمه‌ڵێك گۆڕانكارى سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ كه‌ ئاماژه‌ن بۆ خاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و گرژى و ئاڵۆزییه‌. ئیمارات داواى گفتوگۆ و دانوستان ده‌كات و له‌ یه‌مه‌ن كشاوه‌ته‌وه‌، له‌سه‌رێكى تره‌وه‌ گرێبه‌ستى سه‌ده‌ له‌ ئارادایه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى فه‌له‌ستین كه‌ ده‌گوترێت له‌ژێره‌وه‌ ئیسرائیل و ئێران سه‌رقاڵى دانوستانن له‌سه‌رى.
كه‌واته‌ هه‌موو ئاماژه‌كان پێمان ده‌ڵێن ئێران و ئه‌مریكا و ئیسرائیل له‌یه‌كترى تێده‌گه‌ن و هه‌ر رێككه‌وتنێك له‌ ئاینده‌دا په‌سه‌ند بكرێت به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌م سێ لایه‌نه‌ ده‌پارێزێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure