ئایا ئه‌مریكا بووه‌ته‌ وڵاتێكى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست؟

بۆچوون / بیروڕا :: 05/08/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ بڕیار تیایاندا بڕیارى تاكه‌ كه‌سێكى ده‌سه‌ڵاتداره‌ هاوشێوه‌ى سیستمه‌ رژێمه‌ دیكتاتۆرییه‌كان كه‌ له‌ هه‌موو ره‌هه‌نده‌ ناخۆیى و ده‌ره‌كییه‌كاندا بڕیاره‌كان بڕیارى حوكمدارى ره‌هایه‌... له‌ڕووى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ تاریق عه‌زیزى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وساى عێراق نه‌یده‌توانى له‌ هیچ كۆبوونه‌وه‌ و كۆنگره‌یه‌كى هه‌رێمى یان نێوده‌وڵه‌تیدا بڕیار بدات پێش ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ سه‌دامه‌وه‌ بكات و ره‌زامه‌ندى ئه‌و وه‌ربگرێت. ئه‌م شێوازه‌ حوكمڕانییه‌ ئه‌وسا و ئێستاش له‌ هه‌موو وڵاتانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا به‌رده‌وامه‌.

به‌ڵام ئه‌مه‌ مایه‌ى شه‌رم و خه‌جاڵه‌تبوونه‌ بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى كه‌ قۆناغێكیان له‌ سه‌ربه‌خۆیى بڕیاردا بڕیوه‌ و خاوه‌نى په‌رله‌مان و سه‌رۆكى ده‌وڵه‌ت و ده‌زگاى قه‌زایى و دامه‌زراوه‌ى دیكه‌ى سه‌ربه‌خۆن. كه‌چى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ترامپ، پۆمپیۆ وه‌كو تووتى لێهاتووه‌، هیچ ره‌ئێكى نییه‌ و ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ش رێك پێكهاتووه‌ له‌ ترامپ و له‌و بڕیارانه‌ى كه‌ ئه‌م پیاوه‌ مڵكداره‌ ده‌یدات. به‌م شێوه‌یه‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا بووه‌ته‌ فۆتۆكۆپییه‌كى ته‌واوى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.

نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵكو به‌ ئاشكرا ده‌بینین و ده‌بیستین له‌ناو خودى ئه‌مریكاوه‌ هاوار به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و ده‌ڵێت سه‌رۆكه‌كه‌یان بێ ئه‌قڵه‌ و سه‌ره‌ڕاى بێ ئه‌قڵییه‌كه‌شى خزمه‌ بێ ئه‌قڵه‌كانى داده‌مه‌زرێنێت: كچه‌كه‌ و زاواكه‌ى، كه‌ رۆژانه‌ كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كانى ئه‌مریكا ده‌یان و سه‌دان نوكته‌ و بابه‌تى گاڵته‌جاڕییان له‌سه‌ر دروست ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ كاره‌ساته‌ له‌ وڵاتێكى وه‌كو ئه‌مریكادا خزمه‌كانى سه‌رۆك وه‌ك خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ببنه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات. ده‌ڵێى له‌ سه‌ده‌كانى ناوه‌ڕاستداین یاخود له‌ شێخنشینه‌كانى پترۆڵداین یان له‌ حوزورى مالیكیى و سیسى و بته‌كانى دیكه‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ئه‌مریكاى باشوور و دیكتاتۆره‌كانى ئه‌فریقاداین.

كێ باوه‌ڕى ده‌كرد ئه‌و ئه‌مریكایه‌ى كه‌ سه‌دان ساڵ ره‌نجى كێشا له‌ رێگه‌ى گه‌له‌ كۆچبه‌ره‌كانییه‌وه‌ و ئه‌و نه‌ته‌وه‌ مه‌زنه‌ى دروست كرد به‌م ده‌رده‌ى ئه‌مڕۆ بچێت. ره‌نگه‌ هه‌ندێك كه‌س بڵێن ئه‌مه‌ى ئێستا رووده‌دات گێژه‌ڵوكه‌ى ناو فنجانێكه‌.. قۆناغێكى بچكۆله‌یه‌ و تێده‌په‌ڕێت.
جا من هه‌قم چییه‌ به‌سه‌ره‌وه‌، خۆ من فریشته‌ نیم.. فۆكۆیاما فریشته‌ بوو فریشته‌یه‌كى درۆزن.

 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure