هۆشبه‌ر و سێكس له‌ عێراقدا به‌ره‌و كوێ؟

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لیحوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

هێواش هێواش ئافاتى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان خه‌ریكه‌ ناخى مرۆڤ داگیر ده‌كات كه‌ له‌ نیگه‌رانى و ترسێكى به‌رده‌وامدا ده‌ژى كه‌ ده‌بینێت ئاسۆى گۆڕانكارى له‌سه‌ر ئاستى خۆى و له‌سه‌ر ئاستى جیهان ته‌مومژاوییه‌.

ئه‌م ئافاته‌ رۆڵێكى ترسناك ده‌گێڕێت له‌ وێرانكردنى تواناكانى مرۆڤ به‌تایبه‌ت توانا ئه‌قڵییه‌كان و هیچ ئامانج و هیوایه‌ك ناهێڵێت كه‌ هێزه‌ تێكۆشه‌ره‌كان له‌ پێناو به‌دیهێنانیاندا خه‌بات ده‌كه‌ن. ئه‌م ئافاته‌ ته‌نیا هه‌ر له‌ یه‌ك ره‌هه‌نددا كار ناكات، به‌ڵكو چه‌ندین رووكار و شێوازى پێچاوپێچى هه‌یه‌ بۆ بڵاوبوونه‌وه‌و دۆزینه‌وه‌ى ئافاتى دیكه‌ كه‌ پشتیوانى لێ بكه‌ن و سوودى زیاترى پێبگه‌یه‌نن و بڵاوترى بكه‌نه‌وه‌. یه‌كێك له‌وانه‌ كه‌ مه‌ترسییه‌كه‌ى له‌ ئافاتى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان كه‌متر نییه‌ بازرگانى سێكس و بازرگانیكردنه‌ به‌ مرۆڤه‌وه‌، به‌جۆرێك كه‌ پانتاییه‌كى فراوانى لاوان و ته‌نانه‌ت منداڵانیش بگرێته‌وه‌ له‌ هه‌ردوو ره‌گه‌ز.

كاره‌ساته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئێستا تیرۆر و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و میلیشیا تایفییه‌كان له‌ یه‌ك خانه‌دان و كۆمه‌ڵێك ئامانجى هاوبه‌شیان هه‌یه‌. ده‌سه‌ڵاتداربوونى مافییاكانى گه‌نده‌ڵیى و قاچاغچییه‌كانى تلیاك سڵ له‌ هیچ تاوانێك ناكه‌نه‌وه‌ له‌ پێناوى قازانجى خۆیاندا. دیوێكى دیكه‌ى كاره‌ساتى عێراقییه‌كان به‌رفراوانبوونى بازنه‌ى بازرگانى سێكسه‌. هۆكارى هه‌ردوو ئافاته‌كه‌ هه‌ژارى و پێویستیى و برسێتى و نه‌بوونى دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌.

ئاماره‌كانى ساڵى رابوردووى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق پێمان ده‌ڵێن كاره‌ساته‌كه‌ خه‌ریكه‌ له‌ده‌ست ده‌رده‌چێت كه‌ سه‌ربارى ئه‌و هۆكارانه‌ى سه‌ره‌وه‌، خراپ به‌كارهێنانى ته‌كنه‌لۆجیا تازه‌كان و گه‌ڕانه‌ به‌دواى قازانجى خێرادا.

ئاڵۆزى ئه‌م كێشانه‌ و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنیان له‌ ئاستێكدان كه‌ یاسا و رێساكانى ئێستاى عێراق ناتوانن چاره‌سه‌ریان بكه‌ن و پێویسته‌ سوود له‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌ربگیرێت و ده‌بێت له‌ پارێزگاكاندا لیژنه‌ى تایبه‌ت پێكبهێنرێن تا به‌دواداچوون بكه‌ن بۆ مه‌سه‌له‌ى بازرگانیكردن به‌ مرۆڤه‌وه‌. هه‌روه‌ها پێویسته‌ قوربانییه‌كان بپارێزرێن و شوێنى تایبه‌تییان بۆ دابین بكرێت و راهێنانى كۆمه‌ڵایه‌تییان بۆ ئه‌نجام بدرێت و به‌رپرسیاران سزا بدرێن.

ده‌زگاكانى راگه‌یاندن و لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان پێمان ده‌ڵێن رۆژانه‌ مافیا و تۆڕى فراوانترى ئه‌و جۆره‌ تاوانانه‌ ئاشكرا ده‌بن كه‌ رێژه‌یه‌كى به‌رچاویان هه‌ڵگرى ره‌گه‌زنامه‌ى عێراقى نین. 

چاندنى رووەكه‌ هۆشبه‌ره‌كان وا ده‌كات عێراق هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى هه‌نارده‌كار و به‌كاربه‌رى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كاندا نه‌مێنێته‌وه‌ و ببێته‌ وڵاتێكى به‌رهه‌مهێن و هه‌نارده‌كارى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان كه‌ ئه‌مه‌ ترسناكترین خاڵه‌.

راپۆرته‌كان ئاماژه‌ ده‌كه‌ن بۆ چه‌ند ناوچه‌یه‌كى كوت، نزیك له‌ سنوورى ئێرانه‌وه‌. هه‌روه‌ها چه‌ند ناوچه‌یه‌كى سه‌ر به‌ پارێزگاى كه‌ربه‌لا كه‌ حه‌شیشه‌یان تێدا ده‌ڕوێنرێت، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك كه‌ له‌ باخچه‌ى ماڵه‌كانیشدا ده‌ڕوێنرێت. له‌ شاره‌كانى حله‌ و عه‌ماره‌شدا حه‌بى بێهۆشكه‌ر دروست ده‌كرێت.

مه‌ترسییه‌كانى ئه‌م كاره‌ساتانه‌ بۆ سه‌ر عێراق له‌وه‌دان كه‌ عێراق هیچ ئه‌زموونێكى پێشووترى نییه‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كێشه‌كه‌ و چۆنێتى كۆنترۆڵكردن و راوه‌دونانى مافیاكان. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ هه‌ندێك له‌و تاقمانه‌ میلیشیاى تائیفین و ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌وره‌یان هه‌یه‌ و هه‌ندێكی تریشیان سه‌ر به‌ تیرۆریستانن.

بازاڕ و گۆڕه‌پانى عێراق سه‌رنجى مافیا بیانییه‌كانیشى راكێشاوه‌ و ئێستا له‌ژێر په‌رده‌ى جۆراوجۆردا سه‌رقاڵى به‌هێزكردنى مافیاكان و دۆزینه‌وه‌ى شوێنى گونجاون بۆ چاندنى ئه‌و مادده‌ هۆشبه‌رانه‌. چاندنى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ عێراقدا بابه‌تێكى زۆر ترسناكه‌ و ئه‌گه‌ر به‌ توندى و به‌ خێرایى رووبه‌ڕووى نه‌بینه‌وه‌، ئه‌وا وه‌ك ئاگر له‌ پووش به‌رببێت له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا سه‌رتاپاى عێراق ده‌گرێته‌وه‌ و ده‌گاته‌ خاڵێك كه‌ نه‌وه‌كانى داهاتووش پێوه‌ى بناڵێنن.

پێویسته‌ حكومه‌ت بزانێت كه‌ بازرگانیكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و به‌ سێكسه‌وه‌، دوو بابه‌تن هێنده‌ى تیرۆر و رێكخراوه‌ تیرۆریسته‌كان و میلیشیا تائیفییه‌كان ترسناكن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure