ئێران چۆن شه‌ڕه‌كه‌ ده‌باته‌وه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 30/07/2019

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ى ئه‌لئه‌خبار
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


سه‌ره‌ڕاى گرژى و ئاڵۆزییه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و ئێران كه‌ به‌رده‌وام له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دان به‌تایبه‌ت له‌ مه‌سه‌له‌ى ئابڵوقه‌دانى ئێران و توندكردنى سزاكان له‌سه‌رى، به‌ڵام زۆرینه‌ى بۆچوونه‌كان به‌دوورى ده‌زانن جه‌نگ رووبدات و ئه‌گه‌رى گه‌یشتنه‌ لێكتێگه‌یشتنێك یاخود به‌رده‌وامبوونى ئه‌م گرژى و ئاڵۆزییه‌ زیاتره‌ له‌ ئه‌گه‌رى شه‌ڕ.

به‌ڵام سه‌ربارى ئه‌مانه‌ش كه‌س ناتوانێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ بڵێت ئه‌م رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ به‌ جه‌نگ و پێكدادانى سه‌ربازیى كۆتایى نایات. به‌تایبه‌ت كه‌ ئابڵوقه‌ خودى خۆى جۆرێكه‌ له‌ جۆره‌كانى جه‌نگ به‌تایبه‌ت كه‌ ده‌گاته‌ ئه‌وپه‌ڕى و یه‌كسان ده‌بێت به‌ حوكمى ئیعدام. پاشان ئێران تاكه‌ى ده‌توانێت به‌رگه‌ى ئابڵوقه‌كه‌ بگرێت ئه‌گه‌ر وه‌كو ترامپ به‌ته‌مایه‌ بگاته‌ ئاستى خنكاندنى ته‌واو؟ له‌لایه‌كى تره‌وه‌ تا كه‌ى ئه‌مریكا ده‌توانێت ته‌نیا هه‌ر به‌ ئابڵوقه‌دان رازى ببێت ئه‌گه‌ر ئێران توانى به‌رگه‌ى بگرێت و له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵبكات و بره‌و به‌ به‌رنامه‌ مووشه‌كییه‌كانى بدات و پشتیوانى بكات له‌ هێزه‌كانى به‌رهه‌ڵستكارى له‌ لوبنان و كه‌رتى غه‌زه‌دا و توانا موشه‌كییه‌كانى له‌ سوریادا به‌هێزتر بكات.

وێناكردنى جه‌نگه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ كارێكى ئاسان نییه‌ و كه‌س نازانێت ئه‌نجامه‌كه‌ى چى ده‌بێت ئه‌گه‌ر رووبدات به‌تایبه‌ت كه‌ ئێران نه‌ ئه‌فغانستانه‌ و نه‌ عێراق.

جگه‌ له‌وه‌ش هاوسه‌نگی هێزى نێوده‌وڵه‌تى و بارودۆخى جیهان و كه‌شوهه‌واى گشتى سیاسه‌ت له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مریكادا نییه‌، هه‌روه‌ها پاشه‌كشێیه‌كى هه‌ستپێكراویش به‌رده‌وامه‌ سه‌باره‌ت به‌ تواناكانى ئه‌مریكا له‌ڕووى سه‌ربازیى و راى گشتى ناوخۆوه‌. له‌به‌رامبه‌ردا ئێران له‌ڕووى سه‌ركردایه‌تى و تواناى سه‌ربازى ده‌وڵه‌تی و میللییه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تى به‌هێزى هه‌یه‌ جگه‌ له‌مه‌ش به‌ره‌یه‌كى گرنگ له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌ كه‌ ته‌نیا جێى ناهێڵن.

به‌كورتییه‌كه‌ى ئه‌گه‌ر جه‌نگ له‌نێوان ئێران و ئه‌مریكادا رووبدات دووپاتكردنه‌وه‌ى جه‌نگه‌كانى ئه‌مریكا نابێت له‌گه‌ڵ عێراق و ئه‌فغانستاندا.

یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ له‌ جه‌نگدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌ركه‌وتوو بیت بێ گوێدانه‌ قوربانیى و زیانه‌ مرۆیى و ماددییه‌كان. گه‌وره‌ سه‌ركرده‌كانى مێژوو ئه‌م یاسایه‌یان جێبه‌جێ كردووه‌ بۆیه‌ له‌ خراپترین سیناریۆدا كه‌ به‌كارهێنانى بۆمبى ئه‌تۆمییه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ئه‌وا پێویسته‌ ئێران چیرۆكه‌كه‌ى نێوان تاریق عه‌زیز و جێنسبه‌یكه‌رى وه‌زیرى پێشووترى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكاى بیرنه‌چێته‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى به‌كارهێنانى چه‌كى ئه‌تۆمیى له‌ عێراق كرد و به‌مه‌ش عێراق ناچار بوو به‌پێى مه‌رجه‌كانى ئه‌مریكا جه‌نگه‌كه‌ بكات. ئه‌گه‌ر سه‌دام ئه‌وكاته‌ پێشبینى ئه‌و نامه‌یه‌ى بكردایه‌ و بیگوتایه‌ ئه‌گه‌ر جه‌نگمان له‌ دژ بكه‌ن ده‌روازه‌كانى دۆزه‌خ به‌سه‌ر هێزه‌كانتاندا ده‌كه‌ینه‌وه‌ زۆر رێى تێده‌چوو جه‌نگه‌كه‌ رووینه‌دایه‌. كه‌واته‌ ئێران پێویسته‌ نه‌ترسێت چونكه‌ تاقه‌ رێگه‌یه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتنى ئێران له‌ ئه‌گه‌رى سه‌رهه‌ڵدانى مه‌ترسى جه‌نگدا ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌ترسێت و راستگۆیانه‌ بیسه‌لمێنێت كه‌ ناترسێت و ئاماده‌یى تێدا بێت به‌رگه‌ى زیانه‌ ماددى و مرۆییه‌كان بگرێت.

له‌وكاته‌دا دۆڕاوه‌كه‌ ئه‌مریكا ده‌بێت و هه‌موو دنیاى لێ هه‌ڵده‌ستێت. چونكه‌ سه‌رده‌مه‌كه‌ى ئێستا وه‌ك ئه‌و سه‌رده‌مه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌مریكا بۆمبى ئه‌تۆمى به‌كارهێنا له‌ ناكازاكیى و هێرۆشیمادا. گه‌لى ئه‌مریكاش ئه‌و گه‌له‌ى سه‌رده‌مى جه‌نگی دووه‌مى جیهانیى نییه‌ ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌كى مێژوو بكه‌ین ده‌بینین سه‌ركه‌وتن به‌هه‌ر نرخێك بێت به‌نرخ و قبووڵكراوه‌. كێ له‌ ستالین ده‌پرسێت بۆچى له‌پێناوى سه‌ركه‌وتندا له‌ جه‌نگى دووهه‌مى جیهانیدا 25 ملیۆن قوربانیت به‌خشى یاخود كێ له‌ چه‌رچڵ ده‌پرسێت بۆچى ته‌نیا له‌ یه‌ك جه‌نگدا 200 هه‌زار كه‌ست كرده‌ قوربانی.

ئه‌گه‌ر گه‌لانى ناوچه‌كه‌ پێیان وابێت ده‌توانن له‌و چاڵه‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ له‌ 100 ساڵى رابوردوودا كه‌وتوونه‌ته‌ ناوى و به‌بێ به‌خشینى قوربانى ئه‌وا هه‌رگیز لێى ده‌رناچن. پێشینان كه‌ مێژوویان دروست كرد به‌ قوربانیدان دروستیان كرد. به‌كورتییه‌كه‌ى پێویسته‌ ئێران و هێزه‌ تێكۆشه‌ره‌كانى تر ته‌نیا هه‌ر سه‌ركه‌وتنیان له‌به‌رچاو بێت ئه‌گه‌ر جه‌نگه‌كه‌ قه‌وما.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure