ده‌رباره‌ى كه‌شتییه‌ نغرۆبووه‌كه‌ى عه‌ره‌ب

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

خۆرهه‌ڵاتى عه‌ره‌ب به‌تایبه‌ت و هه‌موو جیهانى عه‌ره‌بی به‌گشتى یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین قه‌یرانه‌كانى رووبه‌ڕووبووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ مێژووى دوورودرێژیدا به‌خۆیه‌وه‌ بینیبێت. ئه‌م ناوچه‌یه‌ ئێستا هیچ چوارچێوه‌یه‌كى یاسایى و سیاسى و ره‌وشتى نییه‌ كه‌ ره‌فتارى توخم و پێكهاته‌كانى كۆنترۆڵ بكات.

ره‌نگه‌ وشه‌ى بێ سه‌روبه‌رى تاقه‌ وشه‌یه‌ك بێت كه‌ گوزارشت بكات له‌شێوه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ئه‌م توخم و پێكهاتانه‌. هه‌ر ئه‌م بێ سه‌روبه‌ریه‌شه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین رۆڵى بینیوه‌ بۆ له‌باربردنى به‌هارى شۆڕشه‌كان كه‌ گه‌لانى ئه‌و ناوچانه‌ هیوایان له‌سه‌ر هه‌ڵچنیبوو بۆ رزگاربوون له‌ ئه‌و بنبه‌ستانه‌ى كه‌ ده‌سته‌بژێر و چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌رپرسیاربوون لێیان.

له‌باربردنى شۆڕشه‌كه‌ هیچ كێشه‌یه‌كى چاره‌سه‌ر نه‌كرد و قه‌یرانه‌ مێژووییه‌كه‌ى یه‌كلایى نه‌كرده‌وه‌ به‌ڵكو قووڵترى كردن و بووه‌ هۆى ته‌قینه‌وه‌ى بارودۆخه‌كان و ته‌نانه‌ت له‌ده‌ستده‌رچوونیشیان. سه‌ركوتكردنى راپه‌ڕینه‌ میللییه‌كان له‌برى ئه‌وه‌ى وا له‌ ده‌وڵه‌ته‌كان بكات به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌ و هه‌ڵوێستیان چاك بكه‌ن رێگه‌یه‌كى پێچه‌وانه‌یان هه‌ڵبژارد كه‌ خستوونیه‌ته‌ لێوارى خه‌ره‌ندێكى گه‌وره‌.

له‌م بێ سه‌روبه‌ریى و گێژاوه‌ گه‌وره‌یه‌دا هیچ وڵاتێك نه‌ماوه‌ دڵنیا بێت له‌ ئاسایشى خۆیى و هیچ متمانه‌یه‌كى هه‌بێت به‌ ئاینده‌ى ئابوورییه‌كه‌ى و سه‌قامگیریى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى. هه‌ڵخلیسكان به‌ره‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌ربازیى هێنده‌ى تر ململانێى تیژتر كردووه‌ته‌وه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنى ناوچه‌كه‌ و كارده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌ ببێته‌ گۆڕه‌پانێك بۆ پاكتاوكردنى حیساباتى هه‌ڵواسراو له‌نێوان گه‌وره‌ هێزه‌كاندا. 

به‌ڵێ هێزه‌ بیانییه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ قوربانییه‌كانى گه‌لانى ناوچه‌كه‌یان دزى و كردیانه‌ ئامرازێك بۆ رێكخستنه‌وه‌ى پارسه‌نگى هێز له‌ سیستمى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ئێستا به‌ ئاشكرا ئه‌و هێزه‌ بێگانانه‌ كۆنترۆڵى زۆر وڵات ده‌كه‌ن كه‌ پێشتر سه‌ربه‌خۆ بوون.

كاره‌ساته‌كه‌ به‌جۆرێكه‌ كه‌ زۆرێك له‌ هاووڵاتییانى ئاسایى خۆزگه‌ به‌ بارودۆخى جاران ده‌خوازن و دڵیان بۆ رژێمه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كان لێده‌دات. له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ زه‌لیلى و سووكایه‌تى باشترن له‌ كۆمه‌ڵكوژیى و ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌ى كه‌ نازانن چۆن رزگار ببن لێیان.

لێكدانه‌وه‌كان زۆرن. هه‌ندێكیان ده‌یگێڕنه‌وه‌ بۆ هۆكاره‌ كه‌لتوورییه‌كان و ده‌ڵێن عه‌ره‌ب تواناى گۆڕان و گه‌شه‌كردنى نییه‌. چونكه‌ زۆر لاوازه‌ له‌ به‌هاكانى ئازادیى و دادپه‌روه‌ریى و یه‌كسانیى و ده‌سه‌ڵاتى یاسادا. زمانحاڵى ئه‌م كه‌سانه‌ ده‌ڵێت گه‌لانى ناوچه‌كه‌ نه‌زان و نه‌خوێنده‌وارن و سه‌لماندوویانه‌ كه‌ له‌باریدا نییه‌ بڕواته‌ ئاستى گه‌له‌ پێشكه‌وتووه‌كانى جیهان.

گروپێكى تر ئۆباڵه‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆى ناسكبوونى جوگرافیاى سیاسیى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ به‌وپێیه‌ى كه‌ خۆرهه‌ڵات شوێنى په‌ڕینه‌وه‌ و به‌ریه‌ككه‌وتنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ستراتیجییه‌كانى هێز و ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كانى جیهانه‌، بۆیه‌ گه‌لانى ئه‌م ناوچه‌یه‌ ناتوانن سه‌ربه‌خۆیى و شكۆ و كۆنترۆڵى خۆیان بسه‌پێنن و كه‌مترین ئاستى پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتى ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى به‌دى بهێنن. كه‌واته‌ له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه‌ قوربانییه‌كى گوناهى كه‌له‌پووره‌ ئایینى و رۆشنیریى و جوگرافیى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌. به‌ڵام له‌ڕاستیدا بارودۆخى ئێستاى كۆمه‌ڵگاكانمان به‌رهه‌مى سێ شكستى گه‌وره‌یه‌. یه‌كه‌م شكست له‌ دروستكردنى ده‌وڵه‌تدا به‌ جۆرێك كه‌ یاسا و هاووڵاتییه‌تى و ئازادییه‌كانى تاك كۆڵه‌كه‌كانى بن. دووهه‌مین شكست بریتییه‌ له‌ شكستهێنان له‌ گه‌شه‌كردنى ئابووریى و كۆمه‌ڵایه‌تیدا كه‌ ئه‌مڕۆ خۆى له‌ بێ كاریى ملیۆنه‌ها گه‌نجدا ده‌بینێته‌وه‌. ئه‌م گه‌شه‌كردنه‌ مه‌حاڵه‌ بێته‌ دى ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت نه‌توانێت به‌ سه‌ركه‌وتوویى بچێته‌ ناو شۆڕشى پیشه‌سازیى و زانستیى و ته‌كنه‌لۆجیاوه‌.
سێهه‌مین شكست شكستهێنانه‌ له‌ پاراستنى ئاسایش و سه‌ربه‌خۆیى و پاراستنى وڵات و گه‌ل له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و ده‌ستدرێژییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان. 

بۆیه‌ ده‌بینین له‌ ئاكامى ئه‌م سێ شكسته‌ گه‌وره‌یه‌دا وڵاتانى خۆرهه‌ڵاتى عه‌ره‌بی بوونه‌ته‌ گه‌وره‌ترین هه‌نارده‌كارى هێزى كارى بێكار له‌ ماوه‌ى په‌نجا ساڵى رابوردوودا و یه‌كه‌م به‌رهه‌مهێنى بزووتنه‌وه‌ توندڕه‌و و رادیكاڵییه‌كان و هه‌روه‌ها بووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ى په‌نابه‌ر كه‌ به‌ ملیۆنها مرۆڤیان له‌به‌رده‌رگاى ئه‌وروپادا چاوه‌ڕێى مافى په‌نابه‌رین.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure