ئایا نوورى سه‌عید به‌ڕاستى بلیمه‌ت بوو

بۆچوون / بیروڕا :: 28/07/2019

نووسینى: عه‌لائه‌دین ئه‌لزاهیر
وه‌رگێڕانى، دواڕۆژ
تا ئێستاش زۆرێك له‌ عێراقییه‌كان باوه‌ڕیان وایه‌ نوورى سه‌عید بلیمه‌ت بووه‌. بلیمه‌ت واته‌ ، زیره‌كییه‌كى زۆر و دووربینى و حیسابكردن بۆ هه‌موو هه‌نگاوێك به‌جۆرێك كه‌ هیچ گومانێك نه‌مێنێت له‌وه‌ى كه‌ نه‌خشه‌كه‌ى راست و بێ خه‌وشه‌ و ناحه‌زه‌كه‌ى ده‌خاته‌ داوێكه‌وه‌ نه‌توانێت لێى ده‌ربچێت. ده‌با ئێستا چاو بخشێنینه‌وه‌ به‌ هه‌ندێك له‌ هه‌نگاوه‌كانى نوورى سه‌عیدا تا بزانین ئایا به‌ڕاستى بلیمه‌ت بووه‌.


نوورى سه‌عید باوه‌ڕێكى قووڵ و پۆڵایینى به‌وه‌ هه‌بوو كه‌ بریتانیا كۆنترۆڵى جیهانى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و پێویسته‌ عێراق له‌ هه‌موو بارودۆخێكدا هاوپه‌یمانى بێت. بێگومان بریتانیا ده‌وڵه‌تێكى گه‌وره‌ى جیهانى بووه‌ و كۆنترۆڵى ئیمبراتۆرییه‌كى مه‌زنى كردووه‌ كه‌ زوربه‌یان وڵاته‌ داگیركراوه‌كان بوون. فڕه‌نسا و به‌ پله‌یه‌كى كه‌متریش ئه‌ڵمانیا ركابه‌رى بوون. پاش جه‌نگى دووهه‌مى جیهانیى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بوو به‌ گه‌وره‌ترین هێزى جیهانى خۆرئاوا. ئه‌م ڕاستییه‌ لاى كه‌سێكى جه‌مال عه‌بدولناسر ئاشكرا بوو كه‌ ئه‌فسه‌رێك بوو له‌ پله‌ى موقه‌ده‌مدا و هیچ شاره‌زایه‌كى نه‌بوو له‌ سیاسه‌تى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تیدا كاتێك كه‌ خۆى ئاماده‌ ده‌كرد بۆ روخاندنى سیستمى پادشایه‌تى له‌ ساڵى 1952دا و كۆتاییهێنان به‌ داگیركارى بریتانیا بۆسه‌ر میسر. ئه‌وه‌بوو ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌م هه‌وڵه‌دا پشتگیرییان له‌ میسر كرد پاش ئه‌وه‌ى كه‌ عه‌بدولناسر گه‌یشته‌ ده‌سه‌ڵات.

له‌ هێرشه‌ سێ قۆڵییه‌كه‌ى ساڵى 1956دا بۆسه‌ر میسر ئه‌وه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بوو كه‌ بریتانیا و فڕه‌نسا و دواتر ئیسرائیلى ناچار كرد له‌ سویس بكشێنه‌وه‌. ده‌بوایه‌ نوورى سه‌عید له‌مه‌وه‌ تێبگات كه‌ بریتانیا ئه‌و پێگه‌یه‌ى جارانى له‌ جیهاندا نه‌ماوه‌.

خاڵێكى تر كه‌ تیایدا نوورى سه‌عید به‌هه‌ڵه‌دا چووبوو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وای ده‌زانى بریتانیا كۆنترۆڵى ئه‌مریكاى كردووه‌ و له‌ رێگه‌ى سیاسه‌تمه‌داره‌ بلیمه‌ته‌كانییه‌وه‌ ئه‌مریكاى په‌لكێش كردووه‌ بۆ جه‌نگى دووهه‌مى جیهانیى. كه‌ له‌ڕاستیدا وانه‌بوو و ئه‌مریكا له‌به‌ر خاترى بریتانیا نه‌بوو كه‌ چووه‌ جه‌نگه‌كه‌وه‌، به‌ڵكو پاش هێرشه‌كه‌ى یابان بوو بۆسه‌ر هێزه‌كانى ئه‌مریكا.

سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ى نوورى سه‌عید تائێستاش له‌ ئه‌قڵى هه‌ندێك هاووڵاتى عێراقیدا ماوه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێن: بریتانیا دایكى سیاسه‌تى جیهانه‌ ئه‌گه‌رچى ئێمه‌ به‌ چاوى خۆمان بینیمان چۆن ئه‌مریكا له‌ ساڵى 2003دا بریتانیاى په‌لكێش كرد بۆ په‌لاماردانى عێراق.

له‌سه‌ر ئاستى سیاسه‌تى ناوخۆش نوورى سه‌عید به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بلیمه‌ت نه‌بووه‌. بۆ نموونه‌ ئیعدامكردنى 4 عه‌قیده‌كه‌ له‌ ساڵى 1941دا هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌ بوو. ده‌بوایه‌ نوورى سه‌عید رێگه‌ى له‌ وه‌سى عێراق بگرتایه‌ كه‌ ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ئیعدام بكرێن و لایه‌نگران و سیاسه‌كانى دیكه‌ش بخاته‌ زیندانه‌وه‌. عه‌بدولیلا هه‌ر به‌ ئیعدامكردنیان رانه‌وه‌ستا، به‌ڵكو فه‌رمانى ده‌ركرد لاشه‌كانیان به‌ ده‌روازه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگریدا هه‌ڵبواسرێت.

نوورى سه‌عید هیچ په‌ندێكى له‌م هه‌ڵه‌ گه‌وره‌یه‌ وه‌رنه‌گرت، 3 ساڵ دواتر سه‌ڵاحه‌دین سه‌باغى ئیعدام كرد.

له‌ كۆتایى چله‌كانیشدا نوورى سه‌عید بڕیارێكى ده‌ركرد كه‌ هه‌ركه‌سێك كۆمۆنیست بێت حوكمى زیندانى هه‌تاهه‌تایى بۆ ده‌بڕدرێته‌وه‌. هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستا چوار سه‌ركرده‌ى كۆمۆنیسته‌كانى ئیعدام كرد و پۆلیسى عێراق ته‌قه‌ى له‌ زیندانییه‌ مانگرتووه‌كان و كرێكاران و خۆپیشانده‌ران كرد و ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ به‌رده‌وام بوو هه‌تا رووخانى سیستمى پاشایه‌تى و هیچیان نیشانه‌ى بلیمه‌تى نوورى سه‌عید نین له‌ڕووى سیاسییه‌وه‌.

هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حكومه‌ته‌كان و سه‌رله‌نوێ دروستكردنه‌وه‌ى به‌بێ به‌شداریپێكردنى ئه‌و وه‌زیرانه‌ى كه‌ ناڕازى بوون له‌ ده‌ستوه‌ردانى نوورى سه‌عید له‌ كاروبارى وه‌زاره‌ته‌كانیان چه‌ند جارێك روویداوه‌، ئه‌و راستییه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ نوورى سه‌عید كه‌سێكى له‌خۆبایى بووه‌ و هیچ رێزێكى دانه‌ناوه‌ بۆ وه‌زیره‌كان و بۆ راى گشتى. ئه‌مه‌ش هیچ زیره‌كى و بلیمه‌تییه‌ك نیشان نادات.

له‌سه‌ره‌تاى په‌نجاكاندا هه‌موو هه‌ڵوێست و نیشانه‌كان به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌بوون كه‌ زۆرینه‌ى خه‌ڵكى عێراق دژى هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ له‌گه‌ڵ خۆرئاوادا كه‌چى نوورى سه‌عید هیچ گوێى به‌و هه‌ڵوێست و رووداوانه‌ نه‌دا  و چووه‌ حیلفى (هاوپه‌یمانى) به‌غداوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش دیسان نیشانه‌ى زیره‌كى نییه‌.

نوورى سه‌عید له‌ ساڵى 1956دا فه‌رمانى ته‌قه‌كردنى ده‌ركرد دژى خۆپیشانده‌ران كه‌ له‌سه‌ر هێرشه‌ سێقۆڵییه‌كه‌ى سه‌ر میسر خۆپیشاندانیان ده‌كرد، جگه‌ له‌وه‌ كه‌سێكى وه‌كو كامیل چادرچى سێ ساڵ زیندانى كرد كه‌ سه‌رۆكى حیزبى نیشتمانى دیموكراسى بوو ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى لێدوانێكى رۆژنامه‌نووسانه‌ى داوه‌. هه‌روه‌ها عه‌بدوڕه‌حمان به‌زازى به‌ تۆمه‌تى كۆمۆنیستى زیندانى كرد كه‌ هه‌موو كه‌س ده‌یزانى كه‌سێكى نه‌ته‌وه‌یى و ئیسلامییه‌. ئایا ئه‌مانه‌ هیچیان نیشانه‌ى بلیمه‌تین.

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین

پ: ئا.ح

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە