ژوورى ئه‌خلاق

بۆچوون / بیروڕا :: 12/05/2016

دواڕۆژ
+ به‌هـ به‌هـ فیڕنه‌گوله‌ى ئازیز.. ئه‌و چه‌پكه‌ گوڵه‌ چى یه‌؟!
- قوربان ئه‌وه‌ بۆ جه‌نابته‌.. ئیشه‌ڵڵا پیرۆزه‌.
+ چى پیرۆزه‌ رۆڵه‌؟! خۆ ناشكوریى نه‌بێ ریفراندۆمه‌كه‌ هێشتا هه‌ر قسه‌یه‌.
- قوربان من هه‌قم چى یه‌ به‌سه‌ر ریفراندۆم و میفراندۆمه‌وه‌. من هاتووم پیرۆزبایى ئه‌م موناسه‌به‌ خۆشه‌ت لێ بكه‌م.
+ موناسه‌به‌ى چى كوڕم؟! ئاگام له‌ هیچ نى یه‌.
- خۆتمان لێ نه‌بان مه‌كه‌ به‌گم. له‌وسه‌رى هاتوویته‌وه‌.
+ ئه‌وسه‌رى كۆبوونه‌وه‌كان ئه‌ڵێ ى؟!
- پێم رامه‌بوێره‌ ئوستاز، كۆبوونه‌وه‌ى چى و حاڵى چى؟ من هاتووم بڵێم جه‌ژنت پیرۆز.
+ ئاخر جه‌ژنى چى هه‌تیو؟ كام جه‌ژنه‌؟.. عاله‌مه‌كه‌ قوڕكراوه‌ به‌سه‌ریا و تۆش هه‌ر بۆ موناسه‌باتى قۆڕ ئه‌گه‌ڕێیت خۆتى تیا ده‌رخه‌ى.
- موناسه‌به‌كه‌ قۆڕ نى یه‌ ئوستاز.. ساڵڕۆژى داكۆكیكردنه‌ له‌و شیرده‌رانه‌ی كه‌ مه‌ترسیى قڕتێكه‌وتنیان له‌سه‌ره‌.
+ چى چى چى چى؟!
- ساڵڕۆژى داكۆكیكردنه‌ له‌و شیرده‌رانه‌ى كه‌ مه‌ترسى قڕتێكه‌وتنیان له‌سه‌ره‌.
+ ده‌ وه‌ره‌ ماچێكم به‌رێ.. وه‌ڵڵاهى ئافه‌رم..له‌ سایه‌ى سه‌رى وه‌زعه‌كه‌وه‌ خه‌ریكه‌ قڕمان تێ ئه‌كه‌وێ.. ئافه‌رم..
- ئه‌ها من چه‌ند زیره‌ك و به‌شعورم. له‌ ناو ئه‌و عاله‌مى خوایه‌دا چه‌پكه‌ گوڵم بۆ تۆ هێناوه‌، چونكه‌ ئه‌زانم كه‌س به‌ قه‌د تۆ خه‌ته‌رى قڕكردنى له‌سه‌ر نى یه‌.
+ نا، هه‌یه‌.. ده‌بوو چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ ببه‌یت بۆ هین...
- بۆ كێ به‌گم؟.
+ بۆ ژوورى ئه‌خلاق.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure