ئامانجه‌كانى ئه‌ردۆغان

بۆچوون / بیروڕا :: 27/07/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

ئایا ئامانجه‌ ستراتیجییه‌كانى ئه‌ردۆغان چى بوو كاتێك كه‌ له‌سه‌ره‌تاى رووداوه‌كانى سووریادا پێشوازیى كرد له‌ په‌نابه‌رانى ئه‌و وڵاته‌؟ ئایا به‌ڕاستى له‌ روانگه‌ى هه‌ڵوێستى مرۆڤ دۆستانه‌وه‌ بوون یان ئامانجى سیاسیى له‌پشته‌وه‌ بوو.

من چه‌ند ساڵێكه‌ ده‌رباره‌ى ئه‌م ئامانجانه‌ ده‌نووسم و رۆژبه‌ڕۆژ راستیى و دروستى بۆچوونه‌كانم زیاتر ئاشكرا ده‌بن.

ئامانجه‌ نزیكه‌كان كه‌ به‌دیهاتوون:
- نیشاندانى ئه‌ردۆغان وه‌ك خاوه‌ن هه‌ڵوێستێكى مرۆڤدۆستانه‌ له‌ پێشوازیكردن له‌و په‌نابه‌رانه‌ى كه‌ له‌ده‌ست مه‌رگ و زیندانیكردن و ئاواره‌بوون هه‌ڵهاتبوون.

- سوودوه‌رگرتن له‌م هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ر ئاستى توركیى و عه‌ره‌بى و ئیسلامیى و نێوده‌وڵه‌تى.

- وه‌رگرتنى پاره‌ى زۆر له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا به‌رامبه‌ر پێشوازیكردن له‌ ئاواره‌كان.

ئامانجه‌ دوورمه‌وداكان كه‌ ئێستا خه‌ریكن دێنه‌ دى:
- سوودوه‌رگرتن له‌ ئاواره‌ سورییه‌كان بۆ باكوورى سوریا به‌مه‌به‌ستى دروستكردنى پشتێنه‌یه‌كى عه‌ره‌بیى له‌ سنوورى نێوان توركیا و سوریا بۆ جیاكردنه‌وه‌ى كوردى توركیا له‌ كوردى سوریا و ئه‌مه‌ش جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ به‌دناوه‌كه‌ى ساڵانى شه‌سته‌كانه‌ بۆ دروستكردنى پشتێنه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌.

- دامه‌زراندنى سیستمێكى ئیسلامیى ئیخوانیى له‌ باكوورى سووریا به‌ هیواى درێژكردنه‌وه‌ى بۆ دیمه‌شق. هه‌ر له‌م پێناوه‌شدایه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان پشتیوانیى و هاوسۆزییه‌كى بێسنوور پێشكه‌شى ئیخوانه‌كانى سووریا ده‌كات له‌ڕووى چه‌ك و پشتگیریى سیاسیى و به‌خشینى ره‌گه‌زنامه‌ى توركى پێیان و هه‌موو ئاسانكارییه‌كى دیكه‌.

- ده‌ستوه‌ردانى سه‌ربازیشى له‌ عه‌فرین و ناوچه‌كانى ترى باكوورى سووریا ته‌نیا پێشه‌كییه‌ك بوون بۆ به‌دیهێنانى ئه‌م ئامانجه‌.

- سوودوه‌رگرتن له‌ ناڕه‌زایى خه‌ڵكى ئه‌سته‌نبوڵ له‌و ئاوارانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بیانگێڕێته‌وه‌ بۆ باكوورى سوریا به‌ مه‌به‌ستى جێبه‌جێكردنى ئامانجی یه‌كه‌م.

- ئه‌ردۆغان پێیوایه‌ سووریا ده‌رگاى چوونه‌ ژووره‌وه‌یه‌تى بۆ خۆرهه‌ڵاتى عه‌ره‌بیى و نیوه‌دورگه‌ى عه‌ره‌بى كه‌ ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین ترسى لاى رژێمى سعودى دروست كردووه‌. كه‌واته‌ ئامانجى ئه‌ردۆغان كۆمه‌ڵێك خاڵى سیاسیى داڕێژراون و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئامانجى شۆڕشه‌كه‌ى سوریادا ناگونجێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure