بەرچاوڕوونیەک بۆ ناحەزانی کاک فاروق مەلا مستەفا

بۆچوون / بیروڕا :: 26/07/2019

یەکێک لە تێکۆشەرە شیوعیەکانی ساڵانی شەستەکان لێپرسیم هیچ جموجوڵێکی رێکخراوەیی و نوسینێکت نابیستم و نابینم، ئەی بەچیەوە خەریکی؟. 

ووتم هاوڕێ گیان، کاری حزبی و رێکخراوەیی بووەتە پیشە، ئەم پیشەیەش بە هەموو کەسێک ناکرێت، من ناتوانم تەراتێنی نێوان حزبەکان بکەم لەبەر خاتری پاروی چەور، بەهۆی ئینتهازیەت و بێ پرەنسیپەوە کاری حزبی ئەوەندە ناشیرین بووە، متمانەی لە کۆمەڵگەدا نەهێشتووە، هەر کارێکی حزبی یان نوسین بکەیت، بێ بیرکردنەوە جەماوەر دەڵێن بۆ گیرفانی خۆیەتی، چونکە لەدوای راپەڕینەوە کەسێکمان نەدی دڵسۆزی گەل و بەرژەوەندپەرست نەبێت، هەر بۆیە بێدەنگیم هەڵبژاردوە، سەرباری ئەمانەش دەبێت کۆیلەبیت. بەڕێزتان دەزانن وازم لە سویسرا هێنا و ئێستا لە کۆمپانیای ئاسیاسێل کاردەکەم و بەڕەنجی شان و ئارەقی ناوچەوان نانی خۆم پەیدادەکەم و هەستیش دەکەم تەوای ماف و کەرامەتم لە ئیشەکەمدا پارێزراوە، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێم کە سوپاسگوزاری کاک فاروقی بەڕێزم کە سەدان مرۆڤی وەک منی لەو ناچاریە رزگارکردوە لەتاو برسێتی و بێکاری ناچاربم مشەخۆرانە بژیم و بەناهەق دیفاع لەم حزب و ئەو حزب بەدژی هاوچارەنوسانی خۆم بکەم.

هاوڕێ و مامۆستام فەرموی كوا سلێمانی چوار فاروقی تری هەبوایە. 
مامۆستای بەڕێزم راستی فەرموو، ئەگەر سلێمانی چوار سەرمایەداری هۆشیار و خاوەن فکر و مه‌عریفەی وەک کاک فاروقی تیابوایە و هەر یەکێک لە ئێمە بەتایبەتی گەنجان  کاری خوازراوی خۆیان هەبوایە و بەرهەمهێنەربونایە، ئەوکات ووڵات و کۆمەڵگە جۆرێکی تر و تاکەکان بەئاگایەکی تەواو ده‌بوون و شەرممان دەکرد دەست بۆ چەک و لاق بۆ تێهەڵدان بەکاربهێنین، بەپێچەوانەوە چۆن کەمئەندامانی ووڵاتێکی وەک چین بەرهەمهێنەرن، ئێمەیەکی تەندروست و بەهێز دەبوینە جێگەی سەرنجی دنیا، بەڵام ئەمە کارە بە حکومەتێکی دیموکراسی راستەقینە یان بە سەرمایەدارانێکی خاوەن فکری وەک کاک فاروقی مەلا مستەفا دەکرێت.

لەسەر ئەو دەستکەوت و خزمەتەی بەڕێزیان پێشکەشی شاری سلێمانیان کردوە زۆر ووتراوە و نوسراوە، چەندبارەی ناکەمەوە. 

ئەوەی ناچارم دەکات دیفاع لە کەسایەتی کاک فاروق بکەم، هەڵوێستە جوامێرەکانیەتی لە رابووردودا لەکاتێکدا خاوەنی دەستمایەیەکی ئەوتۆ نەبوو.

کاتێک هاوڕێ بەکر عەلی شاعیر تیرۆرکرا، شار شڵەقا و راوچیەکانی ئازادی کەوتنە گرتن و راونانی هاوڕێیانمان و تەرمی خوێناوی بەکر لەسەر تەختەی مردووشۆرەکەی مزگەوتی کانی ئاسکان راکشێنرابوو. لە پارچە کاغازێکیدا و لە رێگای کاک فەرەیدون حه‌مە ساڵحەوە داوای هاوکاریم لە بەڕێزیان کرد، دەمودەست وەڵامی ئەرێنی داینەوە، بەڵام پارەدارانێک هەبوون چەندین ژمارەی بڵاوکراوەکەمانمان بۆ دەناردن، دەیانوت هاوکاریتان دەکەین بەو مەرجەی باری قاچاغمان لە سه‌یتەرەکە بۆ دەربکەن، کە ئەوە نەک كارى ئێمە نەبوو بەڵکو دژی بووین.

کاتێک لەگەڵ هاوڕێ فەرهاد فەره‌ج-دا داوامانلێکرد چاپخانەی سەفوەتمان پێبفرۆشێ، بەڕێزیان باوشێک پەرتوک و گۆڤاری خستە بەردەستم و فەرمویان "یەک فلسم لە خاوەنەکانیان وەرنەگرتووە (بۆ خۆشم دڵنیابووم)، ئایا ئەمەتان پێدەکرێت؟. ئەگەر پەیمان ئەدەن، ئەوا پێشکەشتان بێت و بەنرخێکی رەمزی". لە وەڵامدا ووتم، ئەوە هەرگیز بە ئێمە ناکرێت، دەبێت چاپخانەکە، کرێی کرێکار و بیناکە و کارەبا و پێویستیەکانی چاپکردن مسۆگەربکات، بەڕێزیان ووتی "وازبێنن با ئەم چاپخانەیە بەردەوام بێت لە خزمەتی بزوتنەوەی رۆشنبیری و کرێکاران و زەحمەتکێشان".

لە ساڵانی برسێتی و بێکاریدا چەندین جار هاوکاری کاک فاروقم گەیاندوەتە دەستی ژمارەیەک لە کەسانی کەمدەرامەت بەبێ ئەوەی بیانناسێ.

کاتێک لەهەوڵی دامەزراندنی فرۆشگای هەرەوەزی بێکاراندا بووین، بەڕێزیان زۆر دڵسۆزانە و وەک ئەندامێکی کارای ئێمە پەیوەندی بە رەوانشاد کاک رەمزی قەزاز-ەوە کرد تا لە رێگای ژووری بازرگانیەوە ئەم پڕۆژە قازانج نەویستە گەورە بکەن، جگەلە رێنمایی هەردوو بەڕێزان هەم هاوکاری مادیان کردین و هەم هەنگاوبەهەنگاو تا جێبەجێ بوو لەگەڵماندا بوون، کە مایەی سەرئێشە بوو بۆ خۆیان.

لەو تەنگژە ئابورییە نەعلەتیەی کە بەربینی کوردستانی گرتبوو، ئێوە بیستوتانه‌ کەسێکی نانبڕاو کردبێت؟. ئەی ئەمە مانای ئەوە نیە کە ئەم مرۆڤە مارکسیستە خەوی زۆر گەورەتر و دڵێکی پڕ لە هیوی بە دواڕۆژ هەیە؟. 

وازبێنن، ئەگەر ئێوە دەست و قەڵەم و مینبەرێکی تەمەن کورتی چوار ساڵەتان هەیە و هێرشی تیادەکەن، هەزاران هەزار هەژار و بەرهەمهێنەر بە سۆمای چاو و دڵی پڕ لە هیواوە دەستیان بە حەواوەیە و دوعای خێری بۆ ئەم پیاوە خۆشەویستەیان دەکەن. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure