چەواشەکاری بۆ ریسایکلین

بۆچوون / بیروڕا :: 23/07/2019

دڵنیام لە پرۆژەی ریساكلینەكەی تانجەرۆ كە گروپی كۆمپانیاكانی فاروق جێبەجێی دەكات، گەر بەشێكی بۆ ریسایكلینی ئەو تۆمەتە بێ بنەما و موزایەدە و چەواشەكارییانەی ئەم دەورانەی ژیانی سیاسی تەرخانبكرایە، ئەوە بەرهەمێكی سەیروسەمەرەی قەڵبی بێ بازاڕ و بێ خاوەنی نوێمان دەست دەكەوت.

من لە چەند بۆنەیەكدا ئەو كاتەی (غالب محمد) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بوو، بۆ ئەوەی بیسەلمێنی بەنزینی خراپ بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت، دەچووە سەر تانكەرەكان و بە دوای بەڵگەدا دەگەڕا، كە هەڵمەتی دەكرایە سەر بەرگریمان لێدەكرد. بەڵام كە كار دەگاتە سەر پرۆژەی ریساكلینەكەی تانجەرۆ خۆی ماندوو ناكات ناچێتە كۆمپانیاكە یان وەزارەتێكی پەیوەندیدار، بێ خۆماندووكردن تۆمەت دەبەخشێتەوە. رونكردنەوەكەی فاروق هۆڵدین سیحری قسەكانی بەتاڵدەكاتەوە. 

هێزی پرۆسەی چەواشەكاری لەسەر خەڵك، بەڕێوەبردنی رای گشتی لە رێگەی میدیای رەسمی و سێبەر و فۆتۆكۆپی حزبەكان، موسیبەت بێت ئەوە چەواشەكاری و قسەكردن بەبێ بەڵگە لە لایەن پەرلەمانتار كە بڕیارە "نوێنەرایەتی گشتی" بكات، موسیبەتەكە گەورەتر دەكات و ئاسەواری خراپی لەسەر كۆمەڵگا كاریگەرتر دەكات. چ جای چەواشاكارییەكە لە پەرلەمانتارێكی گۆڕانەوە بێت، كە بزوتنەوەكە خۆی لە زۆر دەوراندا قوربانی چەواشەكاری بووه. 

ئەو كەشە ترسناكەی گومان و بێمتمانییەی لە هەموو شتێك ‌و (هەمووان دژ بە هەمووان) دروستدەكرێت، خزمەت بە بەرەی دژ بە گەندەڵی ناكات، بە پێچەوانەوە ئاو دەكاتە ئاشی گەندەڵكاران.

كەشێكی ترسناك لە پرۆسەی سڕینەوەی (هەمووان لە لایەن هەمووانەوە) بەڕێوەدەچێت، كەمینەی ترساویش لە ناوزڕاندن و شكاندنی شكۆی مرۆیی خۆی و خێزانی، بێدەنگی هەڵدەبژێرێ و رای خۆی بەپێی رای باوی ناو كۆمەڵگە رێكدەخاتەوە.

رایەكی باو كە ناوەندێكی گەندەڵكاریش لەناو دەسەڵاتدا شەریكە لە دروستكردنی، وای لە وەرگر كردووە هەڵوێستی راست و ناڕاست هەواڵی درۆ و هەڵبەستراوی لە حەقیقەت و هەڵوێستی دروست بۆ جیانەكرێتەوە. وەك چۆن هەوڵێكیشە بۆ ئەوەی كەسایەتی پاكی ناو ژیانی سیاسی و بازرگانی و خزمەتی گشتی، لە تێوەگلاو بە سەفەقاتی گەندەڵی جیانەكاتەوە.

قسەكانی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان، سەبارەت بە پرۆژەكەی فاروق هۆڵدین و زۆرێك لە موزایەدات و خۆدەرخستنی تەڕەزانە تازەكانی ناو فەزای گشتیمان، دەچێتە خزمەتی ئەو فەزا ترسناكەوە. 

قسەگەلێك گەر بخرێتە ناو پرۆسەی ریسایكلینەوە كاڵایەك بەرهەمدەهێنێت، كە تەنها پەیجە تەزویر و علوجەكان روویان دێت نمایشی بكەن و بازاڕی بۆ بدۆزنەوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure