با بمرن هه‌ژاران له‌پێناو به‌رهه‌مى نیشتمانیدا

بۆچوون / بیروڕا :: 22/07/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


سه‌ركه‌وتنى هه‌موو وڵاتێك له‌ جیهاندا له‌سه‌ر یه‌ك كۆڵه‌كه‌ى زۆر گرنگ وه‌ستاوه‌ كه‌ ئه‌ویش كۆى به‌رهه‌مى ناوخۆیه‌. ئه‌مه‌ پێوه‌ره‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كه‌یه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ ئابوورى هه‌ر وڵاتێك چونكه‌ هه‌تا كۆى به‌رهه‌مى ناوخۆ به‌رزتر بێت ئه‌وا پێگه‌ى ئابوورى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌و وڵاته‌ به‌هێزتر و سه‌ركه‌وتووتر ده‌بێت.

ئه‌م كۆبه‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌ بریتییه‌ له‌ كۆى گشتى تێكڕاى كاڵا و خزمه‌تگوزارییه‌ كۆتاییه‌كان كه‌ ئابوورى ئه‌و وڵاته‌ له‌ ماوه‌یه‌كى دیاریكراودا به‌رهه‌میان ده‌هێنێت. له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه‌ هێزى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ له‌ڕووى سیاسیى و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ دێته‌ دى و بگره‌ له‌ڕووى هزریشه‌وه‌ چالاكتر ده‌بێت و سه‌رئه‌نجام زه‌مینه‌ خۆش ده‌بێت بۆ خۆشگوزه‌رانى و گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنى كۆمه‌ڵگا.

هه‌موومان ده‌زانین كه‌ وڵاتانى جیهان تێكڕا شانازى ده‌كه‌ن به‌ به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كانى خۆیانه‌وه‌ چونكه‌ به‌هاى دراوى قورس ده‌پارێزن و كارگه‌ ناوخۆییه‌كان چالاك ده‌كه‌ن و رێژه‌ى بێكارى كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌ و ره‌وڕه‌وه‌ى گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتن ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ وڵات هه‌تا زیاتر هاورده‌كه‌ر بێت و به‌رهه‌مى ناوخۆى په‌ككه‌وته‌ و ده‌گمه‌ن بێت زیاتر تووشى گیروگرفته‌ ئابوورییه‌كان ده‌بێت و كارخانه‌كانى په‌كى ده‌كه‌وێت و كارمه‌ند و كرێكاره‌كان ده‌رده‌كات.

بێگومان ئه‌م قسانه‌ وڵاتانى دیكه‌ ده‌گرێته‌وه‌ نه‌ك عێراق، واته‌ ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ نه‌خشه‌ و سیتراتیجى دیاریكراو په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن به‌پێچه‌وانه‌ى عێراقه‌وه‌ كه‌ هیچ ئامانج و به‌رنامه‌ و سیتراتیجێكى نییه‌ ئه‌گه‌رچى خاوه‌نى ژماره‌یه‌كى زۆر بیرمه‌ند و مامۆستاى گه‌وره‌یه‌ له‌م بواره‌دا. كه‌چى به‌داخه‌وه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ ئۆباڵه‌كه‌ ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌ستۆى بارودۆخه‌ سیاسییه‌كه‌ و ده‌ڵێین شكستى سیاسى كارى كردووه‌ته‌ سه‌ر هه‌موو جومگه‌كانى ژیان به‌تایبه‌تیش سه‌ر بوارى ئابوورى بۆیه‌ ده‌بینین عێراق هه‌موو شتێك هاورده‌ ده‌كات. بۆ نموونه‌ عێراق به‌رهه‌مهێنى وزه‌یه‌ كه‌چى سووته‌مه‌نى هاورده‌ ده‌كات، وڵاتى خورمایه‌ كه‌چى خورما هاورده‌ ده‌كات له‌كاتێكدا كه‌ خورماى ساڵى رابوردوو له‌لاى جووتیاره‌كان بۆگه‌نیان كردووه‌. داهاتى ناوخۆیى به‌ته‌واوى ئیفلیج بووه‌ و كارخانه‌ عێراقییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌رى پارێزگاكاندا له‌كاركه‌وتوون. ئه‌گه‌ر لێشیان بپرسیت بۆچى وا ده‌كه‌ن ده‌ڵێن كاڵاى هاورده‌كراو هه‌رزانتر ده‌كه‌وێت له‌ كاڵاى خۆماڵیى. ئه‌مه‌یه‌ ده‌ڵێن عوزر له‌ قه‌باحه‌ت خراپتره‌ چونكه‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ نازانن یان له‌بیرى خۆیانى ده‌به‌نه‌وه‌ كه‌ به‌و هاورده‌كردنه‌ دراوى قورس له‌ناوده‌به‌ن و سه‌ركێشى پێوه‌ ده‌كه‌ن به‌جۆرێك كه‌ عێراق بووه‌ته‌ زبڵخانه‌ى ئه‌و كاڵا و كه‌ره‌سته‌ ئابوورییانه‌ى كه‌ هیچ ره‌سه‌نایه‌تییه‌كیان نییه‌ وه‌كو ده‌ڵێن بوون به‌ كێڵگه‌ى تاقیكردنه‌وه‌.

سه‌رنج له‌ ده‌وروبه‌رى خۆمان بده‌ین ده‌بینین ته‌نانه‌ت مه‌سه‌له‌ هه‌ره‌ ساكاره‌كانى وه‌ك چاپ كردنى كتێب و پێداویستییه‌كانى خوێندن و دروستكردنى په‌نیر و ماست و ته‌نانه‌ت ده‌رزى دورومان و قاپ و قاچاغیش هاورده‌ ده‌كه‌ین. خۆ ئه‌گه‌ر پیشه‌سازییه‌كى خۆماڵى هێشتا نوزه‌یه‌كى تێدا مابێت ئه‌وا ده‌ستى وێرانكردن له‌ ئاینده‌دا ده‌یگاتێ و قۆرخ ده‌كرێت له‌لایه‌ن خه‌ڵكانى ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ و چوارچێوه‌یه‌كى یاسایشى بۆ ده‌دۆزرێته‌وه‌. باشترین نموونه‌ش مه‌سه‌له‌ى هێلكه‌ى خۆماڵییه‌. كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ وڵاته‌كه‌مان گه‌یشته‌ ئاستێك پێویستى به‌ هاورده‌كردنى هێلكه‌ى بیانیى نه‌بێت كه‌چى ئه‌و ده‌سته‌ گوماناوییانه‌ كارێكیان كرد نرخى هێلكه‌ى خۆماڵى چه‌ند به‌رامبه‌رى جاران به‌رز ببێته‌وه‌.

ئایا حكومه‌ت ناتوانێت كۆنترۆڵى بازاڕ بكات؟ 
با به‌راوردێك بكه‌ین له‌نێوان میسر و عێراقدا. ژماره‌ى دانیشتوانى میسر 80 ملیۆن كه‌سه‌ و بودجه‌ى ساڵانه‌ى 95.7 ملیار دۆلاره‌. له‌كاتێكدا كه‌ بودجه‌ى عێراق نزیكه‌ى 112 ملیار دۆلاره‌. باشه‌ میسر چۆن ده‌توانێت بازاڕ كۆنترۆڵ بكات و به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كانى خۆى بپارێزێت كه‌چى عێراق له‌و بواره‌دا ده‌سته‌وه‌ستانه‌!
وه‌ڵامه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ گه‌نده‌ڵكاران له‌ حكومه‌ت به‌هێزترن یان باشتر وایه‌ بڵێین خۆیان حكومه‌تن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure