به‌گێزه‌ر

بۆچوون / بیروڕا :: 21/07/2019

× له‌ مناڵییه‌وه‌ هه‌موو حه‌ز و خولیایه‌كم ئه‌وه‌بوو خوێندن ته‌واو بكه‌م و دكتۆرا له‌ ئینگلیزیدا وه‌ربگرم بۆئه‌وه‌ى كه‌ ته‌ماشاى فیلمى ئه‌مریكیم كرد هیچى لێ تێ نه‌گه‌م.
× ئیشه‌ڵڵا سبه‌ینێ ته‌له‌به‌یه‌كى ته‌نیشتم له‌ پۆلدا جڕتێك لێ ئه‌دات ئینجا مامۆستا وائه‌زانێ منم به‌ هێز و قه‌وه‌تى خۆى ئه‌مداته‌ به‌ر شه‌قازلـله‌ و په‌رده‌ى هه‌ردوو گوێم ئه‌ته‌قێنێ و كه‌ڕ ئه‌بم و ئیتر له‌ده‌ست ئه‌و خه‌به‌ره‌ ناخۆشانه‌ى ته‌له‌فزیۆن نه‌جاتم ئه‌بێ.
× كردومه‌ به‌ عاده‌ت زۆر زوو ئه‌چم بۆ ته‌عزێ بۆ ئه‌وه‌ى ریزى پێشه‌وه‌م به‌ربكه‌وێ و ئینجا كه‌ مه‌سئولێك هات یه‌كسه‌ر هه‌ڵ ئه‌سم جێگاكه‌مى بۆ چۆڵ ئه‌كه‌م و ئه‌ویش ناڵێ سوپاس.
× زۆر رقم له‌ مودیره‌كه‌مانه‌. حه‌ز ئه‌كه‌م كچه‌كه‌ى شوو بكات به‌ سیاسه‌تمه‌دارێك چونكه‌ ئه‌و كه‌ وه‌فاى بۆ شه‌هیدانى حیزبه‌كه‌ى نه‌بێ بۆ ژنه‌كه‌ى هه‌ر نایبێ.
× هیوادارم كوشتنى كابرا توركه‌كه‌ به‌سه‌ر مه‌تعه‌مه‌كه‌ى گه‌ڕه‌كى خۆماندا ساغ بێته‌وه‌، ئه‌ردۆغانیش له‌داخا ساروخێكى تێ بگرێ، ساروخه‌كه‌ سه‌ر بكات و بیدات له‌و موهه‌ندیسه‌ى كه‌ له‌گرده‌ بڕاوه‌كه‌ ئه‌و جاده‌ قۆقزه‌ى دروست كرد.
× زۆر خۆشبوو، دوێنێ شه‌و له‌خه‌وما بووبووم به‌ مه‌ڕ، حاجى سمایلى دراوسێمان له‌ حه‌ج هاته‌وه‌ منیان بۆ كرد به‌خێر و سه‌ریان بڕیم. ئیتر حیزبه‌كان نه‌یانتوانى چیتر كڵاوم بكه‌نه‌سه‌ر.
× به‌دواى ساحیرێكدا ئه‌گه‌ڕێم بتوانێ به‌سیحر بمكات به‌ گێزه‌ر، بۆئه‌وه‌ى مه‌سئوله‌كه‌مان من و گونى خۆى لێ تێكبچێ.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure