ده‌سه‌ڵات چۆن دروست كرا

بۆچوون / بیروڕا :: 20/07/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى پابه‌ندبوونه‌ سیاسییه‌كان زه‌حمه‌تتره‌ له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى كێڵگه‌یه‌كى مین .. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاكانى پێكهێنانى سیستمى سیاسیى و پێكهاته‌ى ده‌سه‌ڵات له‌و وڵاتانه‌دا كه‌ به‌ شۆڕشى رزگاریخوازیدا تێپه‌ڕیون ده‌بینین هێڵكارییه‌كه‌ به‌جۆرێكه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ بۆ قازانجى كۆمه‌ڵه‌ ده‌سته‌ و تاقمێكه‌.

دروستبوونى گروپ و باند و تاقمه‌ جیاجیا ركابه‌ره‌كان هێنده‌ به‌هێزن كه‌ دروشمه‌ پیرۆزه‌كانى پاراستنى شۆڕش و یه‌كێتیى ریزه‌كانى گه‌ل ساردیان ناكاته‌وه‌. نموونه‌ى جه‌زائیر باشترین نه‌خشه‌یه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ حاڵى ئه‌م جۆره‌ وڵاتانه‌.

حه‌زكردن له‌ ده‌سه‌ڵات و رابه‌رایه‌تى و ده‌ستگرتن به‌ سه‌روه‌ت و سامانى وڵاتدا ناحه‌زیى و دوژمنایه‌تییه‌كى وایان دروست كردووه‌ كه‌ هه‌ندێك جار هێواش ده‌بێته‌وه‌ و داده‌مركێت، به‌ڵام هه‌رگیز له‌ناوناچێت.

ئه‌زموونه‌ تاڵه‌كانى شه‌ڕى ناوخۆ و هه‌ژانه‌ گه‌وره‌كانى ساته‌وه‌خته‌كانى گواستنه‌وه‌ له‌ قۆناغێكه‌وه‌ بۆ قۆناغێكى دیكه‌ هه‌ژارى هزر و جیهانبینى ده‌سته‌بژێره‌ سیاسییه‌كه‌ ده‌رده‌خات .. هه‌ر هه‌موو گومان له‌یه‌كترى ده‌كه‌ن و گومانه‌كه‌ش ده‌بێته‌ جه‌نگێكى ده‌روونى وا كه‌ ئه‌قڵى ژیرترین سه‌ركرده‌ ده‌شێوێنێت. له‌ دژى یه‌كترى دۆستایه‌تى له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كاندا ده‌كه‌ن و ئه‌ڵقه‌ى لاوه‌كى و لاوه‌كیتر دروست ده‌بێت. پاراستنى شۆڕش بایه‌خێكى نامێنێت و ده‌بێته‌ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى و سه‌رمایه‌گوزارییه‌كانى بنه‌ماڵه‌. به‌ رواڵه‌تیش هه‌موو جموگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى دیموكراسى له‌ئارادان. حیزب و حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان و ده‌زگاى دادوه‌رى و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نی هه‌موویان هه‌ن، گرنگ نییه‌ كارتۆنى بن یان نا گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure