بایه‌خى یه‌كسانى

بۆچوون / بیروڕا :: 18/07/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


یه‌كسانى یه‌كێكه‌ له‌و به‌ها هه‌ره‌ به‌رزانه‌ى مرۆڤایه‌تى له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا كه‌ رێز له‌ تاكه‌كانیان ده‌گرن. به‌بێ ره‌چاوكردن و گوێدانه‌ هیچ مه‌سه‌له‌یه‌كى لاوه‌كى و بیروبۆچوونێكى دیكه‌.

یه‌كسانى بریتییه‌ له‌وه‌ى كه‌ هه‌موو كه‌س مافى یه‌كسانى هه‌یه‌ بۆ به‌هره‌داربوون له‌ ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیى و ئابوورى و له‌م رووه‌وه‌ دین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌ و ره‌نگ و ره‌گه‌ز هیچ بایه‌خێكیان نییه‌، واته‌ مافێكه‌ له‌ مافه‌كانى مرۆڤ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تیدا ددانى پێدا نراوه‌. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌و ده‌ق و مادده‌ یاساییانه‌ى كه‌ پسپۆڕان و خاوه‌ن بڕوانامه‌كان دایانڕشتووه‌.

به‌ڵام ئه‌ى دین چی؟
دین به‌شێوه‌یه‌كى گشتى و به‌ سه‌رنجدانیش له‌ پیرۆزى ده‌قه‌كانى به‌ڵام زۆر به‌ راشكاوى ده‌ق ملكه‌چى بیروبۆچوونى زانا ئایینییه‌كان ده‌كات و ئه‌مه‌ش ئه‌و به‌هایه‌ى نامێنێت كه‌ وه‌كو بابه‌تێكى پیرۆز ته‌ماشا بكرێت.

داب و نه‌ریتیش ئه‌و دیارده‌ و ره‌فتار و بیروباوه‌ڕانه‌ن كه‌ له‌ باووباپیرانه‌وه‌ بۆمان به‌جێماون، كه‌واته‌ ئه‌میش په‌یوه‌سته‌ به‌ حه‌ز و بۆچوون و مه‌زاجى تاكه‌كانه‌وه‌.

مه‌به‌ستى من له‌م قسانه‌ى سه‌ره‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ى ئه‌و راستییه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگا بیه‌وێت پێشبكه‌وێت باشترین مه‌سه‌له‌ بۆى یاسایه‌، چونكه‌ ئایین و داب و نه‌ریت له‌ژێر كۆنترۆڵى بیروبۆچوونى كه‌سه‌كاندایه‌ و زۆر ده‌گمه‌ن ده‌توانرێت سنوورێكى دیاریكراویان بۆ دابنرێت، كه‌چى یاسا نه‌گۆڕ و زانراوه‌ و كه‌س ناتوانێت ده‌ستكارى بكات.

كێشه‌ى یاسا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویستى به‌ كۆمه‌ڵه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى به‌هێزى ده‌سه‌ڵاتدار هه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى به‌بێ گوێدانه‌ حه‌ز و ئاره‌زوو و پێوه‌ره‌ لاوه‌كییه‌كانى دیكه‌.

لێره‌دا پرسیارێك سه‌رهه‌ڵده‌دات كه‌ بۆچى چه‌ند توێژێكى تایبه‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى سنوورى خۆیان تێپه‌ڕاندووه‌ و به‌شێوه‌یه‌كى نه‌رێنى كار له‌ كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن؟
وه‌ڵامه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌مته‌رخه‌مى هه‌یه‌ له‌ جێبه‌جێكردنى یاسادا. ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامى هۆكارێكى دیكه‌یه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ نه‌فامیى كۆمه‌ڵایه‌تى.

كۆمه‌ڵگا ده‌بێته‌ جه‌نگه‌ڵێك كه‌ یاسا تیایدا به‌شێوه‌یه‌كى رێژه‌یى جێبه‌جێده‌كرێت و په‌یوه‌سته‌ به‌ جه‌مسه‌ره‌كانى مه‌سه‌له‌كه‌وه‌. ئه‌مه‌ش ماناى وایه‌ ئێمه‌ له‌سه‌رده‌مێكداین كه‌ نه‌ یاسا هه‌یه‌ و نه‌ ده‌وڵه‌ت.

هه‌موومان به‌ ئاشكرا هه‌ستى پێده‌كه‌ین كه‌ له‌ واقیعیى كۆمه‌ڵایه‌تیماندا چه‌ند توێژێكى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌ندێك پیشه‌ ئه‌ڵقه‌یه‌كى زیاده‌ن و پێویسته‌ بخرێنه‌ چوارچێوه‌ى یاساوه‌ و ده‌سه‌ڵاتیان كه‌مبكرێته‌وه‌ چونكه‌ له‌ راستیدا كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ن و ئۆباڵى به‌شێكى گه‌وره‌ى دواكه‌وتنى كۆمه‌ڵگایان له‌ئه‌ستۆیه‌.

لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌و توێژه‌یه‌ كه‌ ئامۆژگارى ده‌كات و به‌ ناوى ئایینه‌وه‌ بووه‌ته‌ رابه‌رى كۆمه‌ڵگا. ئێمه‌ ئه‌گه‌ر به‌ وردى سه‌رنج له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان بده‌ین ده‌بینین زیاتر له‌وه‌ى پێویستمان به‌ ئامۆژگارى بێت پێویستمان به‌ كرداره‌، پێویستمان به‌ پێشه‌نگێكه‌ نه‌ك به‌ كه‌سێك له‌ قه‌ڵا سه‌خته‌كه‌ى خۆیدا دابنیشێت و وتار بدات و له‌پاڵیشیدا مووچه‌ى مۆڵ و ده‌ستكه‌وتى زۆر و زه‌به‌ندى هه‌بێت و ده‌ست بخاته‌ هه‌موو كاروبارێكه‌وه‌.

مێژوو پێمان ده‌ڵێت كه‌ هه‌موو نێردراوه‌كان و پێغه‌مبه‌ره‌كان و چاكسازه‌ گه‌وره‌كانى جیهان له‌ناو خه‌ڵكیدا ژیاون و هیچ دیوار و رێگرێك نه‌بووه‌ له‌نێوان ئه‌وان و میلله‌تدا. بۆیه‌ من وه‌كو هاووڵاتییه‌ك داوا ده‌كه‌م یاسایه‌ك دابنرێت رێ له‌ هاندان و وتار بدات. سنوورێك دابنێت بۆ ده‌ستووه‌ردانه‌ كاروبارى خه‌ڵكییه‌وه‌. یاسایه‌ك بێت هه‌مووان ملكه‌چى بن.

توێژێكى دیكه‌ى زیاده‌ى كۆمه‌ڵگا سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و خێڵه‌كانه‌. من نازانم بۆچى ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا په‌ره‌ى سه‌ندووه‌ و خه‌ڵك له‌باتى یاسا روو ده‌كاته‌ ئه‌مانه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتیان هێنده‌ زیادى كردووه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت یاساش پێشێل ده‌كه‌ن. جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌م سه‌رۆك عه‌شیره‌تانه‌ ئێستا خاوه‌نى چه‌كى زۆرن كه‌ پێویسته‌ ده‌وڵه‌ت پێداگرى بكات و ئه‌و چه‌كانه‌یان لێ وه‌ربگرێته‌وه‌ و به‌ڵێننامه‌یان پێ ئیمزا بكات كه‌ ده‌ستدرێژى ناكه‌نه‌ سه‌ر یاسا و سه‌ر ئاسایشى هاووڵاتییان.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە