عەبدولكەریم قاسم خوێندنەوەیەك لە دوورەوە

بۆچوون / بیروڕا :: 17/07/2019

نووسینی: عەبدولـلەتیف ئەلسەعدون 
وەرگێڕانی: دواڕۆژ 
شەست ساڵ تێپەڕیوە و هێشتا خەڵكی عێراق هاوڕا نین لەسەر هەڵسەنگاندنی رووداوە گەورەكەی 14ی تەموزی ساڵی 1958 كە لە وڵاتاكەیاندا روویدا تا ئەندازەیەكی زۆر بێ وێنە و نائاسای بوو.
ئەم رووداوە وەرچەرخانێكی لە عێراق و ناوچەكەدا دروستكرد، هەروەها دەرفەتی بۆ عەسكەرتاریای عێراقی رەخساند كە بەشێوەیەكی ناسروشتی هەڵكشێت و بەهێز ببێت و ئێمە تا ئێستاش تاڵاوی ئەو هەڵكشانە دەچێژین.
ئەو رووداوە زۆر پەیوەستە بە كەسایەتی عەبدولكەریم قاسم-ەوە كە وەك كەسی یەكەم دەركەوت پاش ئەوەی توانی هاوڕێ شۆڕشگێڕەكانی پاكتاو بكات و ماوەی چوار ساڵ و نیو تاكڕەوانە حوكمی عێراقی كرد، حوكمێك پڕ لە زریان و گێژەڵووكەی سیاسی كە رەنگیاندایەوە لەسەر یەكێتی عێراقیەكان و هاوكاریی نێوانیان و ئەو ئاسایش و سەقامگیریەیی لێسەندنەوە كە پێشتر لە سایەیاندا دەژیان.
كەسێتی قاسم خۆیشی مایەی مشتومڕێكی گەورەیە، هەندێك كەس بەو سەرۆكە تاقانەیەی دەزانن كە خزمەتی عێراق و عێراقیەكانی كردووە، لەكاتێكدا خەڵكانی تر دەڵێن قاسم ئەو دیكتاتۆرە بووە كە عێراقی دابەشكرد و تەفرەقەی خستە نێوان رۆڵەكانیەوە.
لەڕاستیدا قاسم یەكێكە لەو پۆپۆلیستانەی كە لە ساڵانی پەنجاكاندا لە منداڵدانی عەسكەرتاریای عەرەبییەوە لەدایكبوون و هەروەها هەوڵ و تەقەلایەكیان بۆ ئەوە بووە بنووسێن بە چینە هەژار و نەدارەكانی گەلەوە و پشتیوانیان لێبكەن بەبێ ئەوەی هێڵێكی ئایدۆلۆجی روون و ئاشكرایان هەبێت. ئەم هەستە زیادەڕەوە وای لە قاسم كرد ئەوپەڕی متمانەی بەخۆی بۆ دروست ببێت و وا بیربكاتەوە كە دەتوانێت كێشەی چینە هەژارە زەحمەتكێشەكان چارەسەر بكات، نەك هەر ئەوە بگرە ئەو خەیاڵانەی لا دروست بوو كە تەنیا هەر ئەو دەتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات و سەركردەیەكی نەمرە و كەس ناتونێت بیڕووخێنێت یاخود شوێنی بگرێتەوە.
ئەوەی بووە هۆی بەهێزبوونی ئەم دیاردەیە لە عێراقدا، بێ توانایی و شكستهێنانی بزووتنەوە مەدەنیە شۆڕشگێڕەكان بوو لەوەی دەستپێشخەریی بكەن و ئاڕاستەی رووداوەكان بۆ ئەوە بەكاربهێنن كە قەڵەمبازە مێژووییەكە دەیخواست، بۆیە ئەفسەرەكان توانییان ببنە خاوەن بڕیار و زیاتر و زیاتر كاری گەوجانە ئەنجام بدەن كە زیانی زۆریان بە وڵات گەیاند و سامانێكی مرۆیی و ماددی بێ شوماریان لە كیس وڵات دا.
بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا ناتوانین نكۆڵی لەوە بكەین كە قاسم كەسایەتیەكی كاریزمی بوو و توانی رۆڵی سەركردایەتی لە ژیانی سیاسیی عێراقدا ببینێت. من بە حوكمی نزیكیی لە عەبدولكەریم قاسم-ەوە بەوەی كە لە رادیۆ-دا كارم دەكرد، چەند جارێك هەڵوێستی وام لێ بینیووە كە توانیویەتی بە زیرەكی و غەریزەی خۆی كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكات و پەیامی پێویست بە هێزە سیاسیەكان بگەیەنێت.
بەكورتیەكەی دەتوانین بڵێین سەرەڕای هەموو نەرجسیەتێك و خەسڵەتی تاكڕەوانە، بەڵام عەبدولكەریم قاسم ئەوپەڕی عێراقی بوو. لێی نەبینراوە هەڵوێستی مەزهەبی یان نەتەوەیی دیار لەخۆبگرێت و هەمیشە دەیگوت ئەگەر سوپەرمانێك رۆژێك لە رۆژان دەربكەوێت بێگومان لە عێراقدا دەردەكەوێت چونكە خاوەنی شارستانی و مێژوویەكی رەسەنە.

پ: ل. م

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure