ئیستعمارى نوێ

بۆچوون / بیروڕا :: 15/07/2019

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

كۆمپانیا فره‌ ره‌گه‌زه‌كان هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان بازاڕى زیاتر بدۆزنه‌وه‌ بۆ ساغكردنه‌وه‌ى كاڵا و خزمه‌تگوزارییه‌كانیان، بازاڕێك كه‌ ده‌یان ملیۆن كڕیارى تێدا بێت و پانتاییه‌كى فراوانى بێ كۆتایى هه‌بێت و ئازاد بێت له‌ رێوشوێنه‌كانى گومرگ و ڤیزا و هاورده‌كردن و هه‌نارده‌كردن. له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بینین ئه‌م كۆمپانیا زه‌به‌لاحانه‌ وڵاته‌ بچوكه‌ هه‌ژاره‌كان فه‌رامۆش ده‌كه‌ن كه‌ بوونه‌ته‌ قوربانى كوده‌تاى سه‌ربازیى و شه‌ڕى ناوخۆ و كاره‌ توندوتیژه‌كانى دیكه‌.

سه‌رمایه‌دارى له‌ سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه‌ له‌ سه‌ده‌ى شانزده‌هه‌مدا پاشان له‌ ره‌وتى گه‌شه‌كردنى داهاتوویدا بزووتنه‌وه‌یه‌ك نه‌بووه‌ كه‌ چوارچێوه‌یه‌كى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌یى دیاریكراوى هه‌بێت و له‌ ره‌هه‌ندێكى جوگرافى چوارچێوه‌داردا قه‌تیس ببێت یاخود گوزارشت بێت له‌و نیشتمان و نه‌ته‌وه‌یه‌.

سه‌رهه‌ڵدانى وڵاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ تازه‌ و هاوچه‌رخه‌كان هیچ نین جگه‌ له‌ ئیزگه‌یه‌ك بۆ چڕبوونه‌وه‌ى به‌رهه‌مى پیشه‌سازیى و سه‌رمایه‌ى به‌ده‌ستهاتوو له‌سه‌ر بناغه‌ى ململانێ و بازاڕى ئازاد به‌ مه‌به‌ستى فراوانبوونێكى جیهانیى بێ سنوور.

ئه‌م جۆره‌ سیستمه‌ ئابوورییه‌ له‌ ئاكامى گه‌شه‌كردنیدا جڵه‌وى شل كرد بۆ ره‌دكردنه‌وه‌ى رێكخستنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ناكۆكى دروست بوو له‌ نێوان كۆمه‌ڵگا و ئه‌و سیستمه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌ وێرانكه‌ره‌دا. پێشتر ده‌وڵه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان توانایان هه‌بوو كۆنترۆڵى سه‌رمایه‌ و زێده‌بایى بكات له‌ڕێگه‌ى چه‌ند میكانیزمێكى ده‌ستوه‌ردانه‌وه‌. ده‌رئه‌نجامى ناكۆكى چینایه‌تى له‌سه‌ر ئاستى جیهاندا له‌و قۆناغه‌دا چڕبوونه‌وه‌ى ئابوورى جیهانیى بوو له‌ ناوچه‌یه‌كدا و ناوچه‌كانى دیكه‌ى خسته‌ په‌راوێزه‌وه‌. زۆر هه‌وڵدرا چاره‌سه‌رێكى مامناوه‌ند بدۆزرێته‌وه‌ به‌ڵام ئێستا جیهانگیریى هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و نیازه‌ به‌ رواڵه‌ت باشانه‌ى هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ى ئێستا رووده‌دات دروستكردنى چینێكى فره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ كه‌ له‌گه‌ڵیدا خه‌سڵه‌تى ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌یى ده‌شێوێت.

دروستبوونى ئه‌م چینه‌ جیهانییه‌ بووه‌ هۆى دابه‌شبوونێكى خێراى جیهان به‌سه‌ر دوو چیندا، بورجوازى جیهانیى و پڕۆلیتاریاى جیهانى، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێزى كارى جیهانیى زۆر په‌رشوبڵاو دابه‌شكراوه‌ چونكه‌ هێشتا ریزبه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كۆنه‌كان هه‌ر ماون و له‌گه‌ڵیدا چه‌ند ریزبه‌ندییه‌كى نوێ هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌. بۆیه‌ ده‌بینین وڵاته‌كانى كه‌نار ناتوانن سه‌ربه‌خۆیى خۆیان بگره‌ شكۆى ئابوورى سیستمى سیاسیى و ژێرخانى كۆمه‌ڵایه‌تیشیان بپارێزن.

به‌ كورتییه‌كه‌ى ئێستا جیهانگیریى له‌ قۆناغى دروستكردنه‌وه‌ى هێزه‌ جیهانییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندایه‌ و سه‌رقاڵى سه‌رله‌نوێ پێناسه‌كردنه‌وه‌ى چۆنیه‌تى دابه‌شكردنى سه‌رمایه‌یه‌ له‌ روانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌وه‌ به‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ كۆمپانیا فره‌ ره‌گه‌زه‌ زه‌به‌لاحه‌كان له‌ سایه‌ى جیهانگیرییه‌وه‌ مافى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ بڕیارى خۆیان بسه‌پێنن به‌سه‌ر هه‌موو وڵاته‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌كاندا له‌ڕێى رێكخراوه‌ داراییه‌كانى وه‌ك سندوقى دراو و بانكى نێوده‌وڵه‌تى.

ئه‌نجامى گشتى كارلێكه‌ ئابوورى و داراییه‌كانى ئه‌م بارودۆخه‌ تازه‌یه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان كارێك ده‌كه‌ن كه‌ هاووڵاتییان داواى لابردنى باج و گوشاره‌ ئابوورییه‌كانى تر بكه‌ن، له‌ كاتێكدا كه‌ سیاسه‌تمه‌داران هه‌وڵى كپكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كان ده‌ده‌ن و سه‌رئه‌نجام ئه‌و گوتاره‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت كه‌ ده‌وڵه‌ت ئه‌ركێكى قورسه‌ له‌سه‌ر میلله‌ت و بازنه‌یه‌كى كراوه‌ له‌نێوان خه‌ڵك و حكومه‌ته‌كاندا دروست ده‌بێت و حكومه‌تى شكستخواردوو ده‌بێته‌ سیمایه‌كى سه‌ره‌كى وڵاتانى جیهانى سێهه‌م.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure