جیاوازى نێوان دزه‌كانى ئێمه‌ و دزه‌كانى ئێوه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 13/07/2019


گفتوگۆى نێوان عه‌ره‌بێك و كوردێك
نووسینى: ئه‌حمه‌د عه‌بدولحسه‌ین 
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر په‌رله‌مانتارێكى سه‌ر به‌ هاوپه‌یمانى كوردستانیم بینى و گفتوگۆكه‌مان په‌لیكێشا بۆ قسه‌و باس له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیى. له‌پڕ بوو به‌ به‌راوردكارى له‌نێوان گه‌نده‌ڵیى ئێمه‌ و گه‌نده‌ڵیى ئه‌واندا. هه‌رجارێك من نموونه‌یه‌كم له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیى تاقمه‌كه‌ى خۆمان ئه‌هێنایه‌وه‌ ئه‌و چه‌ندین نموونه‌ى باس ده‌كرد له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیى براده‌ره‌كانى خۆیان. هه‌رجارێكیش بڕى پاره‌یه‌كم دیارى ده‌كرد كه‌ له‌ گیرفانى سیاسه‌كانمانه‌وه‌ دیار نامێنن و ئه‌و چه‌ندین ژماره‌ى هاوشێوه‌ى بۆ ده‌هێنامه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ى كه‌ به‌ شاخه‌كانى كوردستاندا فڕین و نه‌نیشتنه‌وه‌.

نه‌ته‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیى یه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ و جیاوازى ناكات له‌نێوان عه‌ره‌ب و كوردا، هه‌رچه‌نده‌ من سنوورم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ گه‌نده‌ڵیى سیاسییه‌كانى ئێمه‌ له‌ به‌غداد هه‌موو سنوورێكى جیهانیى و مێژووییان تێپه‌ڕاندووه‌، چونكه‌ هه‌موو مێژوو بگه‌ڕێیت دزییه‌ك نابینیت گه‌وره‌تر و ناشیرینتر بێت له‌وه‌ى كه‌ نیشته‌جێكانى ناوچه‌ى سه‌وز دزیویانن.

به‌ڕاستى ئه‌مانه‌ كه‌سانێكى عه‌جایه‌بن، به‌ هیچ تێر نابن، ده‌مه‌ داچه‌قاوه‌كانیان مه‌گه‌ر هه‌ر خۆڵى گۆڕ پڕیبكاته‌وه‌. سه‌ربارى ئه‌و هه‌موو دزیه‌شیان هێشتا ناتوانن كه‌لتووره‌كه‌یان بگۆڕن به‌ ئاڕاسته‌ى بیناسازیى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌وه‌ و پاره‌كانیان له‌و بواره‌دا ناخه‌نه‌ گه‌ڕ كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ قازانجى لێ ده‌كه‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌وان له‌ به‌غدادیشدا خانوویان بۆ خۆیان دروست نه‌كردووه‌ به‌ڵكو خانووى لێپرسراوه‌كانى رژێمى پێشوویان داگیر كردووه‌ و سه‌ری خۆیان نه‌ئێشاندووه‌ به‌ دروستكردنى خانووى وا كه‌ شایسته‌یان بێت وه‌ك كه‌سانێكى ملیاردێر و بگره‌ هه‌ندێكیان شان ده‌دات له‌ شانى بیلگه‌یتس.

دیاره‌ كێبڕكێكه‌یان له‌گه‌ڵ بیلگه‌یتس-دا هه‌ر له‌ پاره‌دایه‌ ئه‌گینا ناتوانن له‌ ره‌وشت و خۆشویستنى خه‌ڵكانى دیكه‌دا به‌ تۆزى ئه‌وانى دیكه‌شدا بگه‌ن. چونكه‌ بیلگه‌یتسى مه‌زن چه‌ندین نموونه‌ى تۆمار كردووه‌ له‌ بایه‌خدان به‌ خه‌ڵكیدا، بایه‌خدانێك كه‌ ئه‌م سه‌رسواڵكه‌رانه‌ لێى تێناگه‌ن چونكه‌ به‌ كه‌فنه‌كونێك بوونه‌ ملیاردێر. 

براده‌ره‌ كورده‌كه‌م تێگه‌یشت كه‌ من سه‌رسامم به‌و قسانه‌ى، پێى وتم: گوێ بگره‌، من ئێستا جیاوازى نێوان دزه‌كانى خۆمان و دزه‌كانى ئێوه‌تان بۆ كورت ده‌كه‌مه‌وه‌. وتى: سێ جیاوازى بنه‌ڕه‌تى هه‌یه‌ له‌نێوان دزه‌كانى ناوه‌ند و دزه‌كانى هه‌رێمدا.

یه‌كه‌م: گه‌نده‌ڵه‌ كورده‌كان به‌شێوه‌یه‌كى گشتى قازانجى سه‌رمایه‌كان ده‌دزن، ده‌بنه‌ هاوبه‌ش و شه‌ریك له‌ تاڵانكردنى قازانجى پڕۆژه‌كاندا بێ ئه‌وه‌ى ده‌ست ببه‌ن بۆ ئه‌و پارانه‌ى كه‌ بۆ پڕۆژه‌كان ته‌رخان كراون، به‌ڵام سیاسییه‌كانى ئێوه‌، ئه‌عوزو بیلا ره‌گ و چڵ پێكه‌وه‌ ده‌خۆن، ته‌ڕ و وشك ده‌بن بێ ئه‌وه‌ى به‌ باى خه‌یاڵیشیاندا بێت.

دووه‌م: دزه‌ سیاسییه‌كه‌ى ئێمه‌ پاره‌ حه‌رامه‌كه‌ى له‌ هه‌رێمدا سه‌رمایه‌گوزارى پێده‌كات و هه‌م خۆى سوود ده‌بینێت و هه‌م سوودیش ده‌گه‌یه‌نێت. بینیوته‌ هه‌ولێر ئه‌مڕۆ چى لێ هاتووه‌. به‌ڵام دزه‌ فه‌ڕمییه‌كانى ئێوه‌ پاره‌ دزراوه‌كانیان ده‌گوێزنه‌وه‌ بۆ دوبه‌ى و عه‌ممان و ئه‌وروپا. كه‌س نییه‌ نه‌زانێت چه‌ند شوێنى حه‌وانه‌وه‌یان له‌ سویسرا و باڵه‌خانه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ى بازرگانییان له‌ دوبه‌یدا كڕیوه‌.

سێهه‌مین جیاوازیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دزه‌كانى ئێوه‌ خه‌رمانه‌یه‌كى ئایینى پیرۆزییان له‌ ده‌ورى خۆیان ئاڵاندووه‌ و زوربه‌یان سه‌ر به‌و حیزب و پێكهاتانه‌ن كه‌ ته‌نیا به‌ ناوهێنانیان مرۆڤ موچڕكه‌ به‌ له‌شیدا دێت، كه‌چى وه‌كو حوشترى برسی ماڵى خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌خۆن، به‌ڵام دزه‌كانى ئێمه‌ زوربه‌یان كه‌سانى عه‌لمانین، بۆیه‌ دزیه‌تییه‌كانیان نه‌بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ دین دوربكه‌ونه‌وه‌ و گومانیان له‌لا دروست ببێت له‌ خوداى جیهانه‌كان، ئه‌و خودایه‌ى كه‌ رێگه‌ ده‌دات دزه‌كان به‌ناوى ئه‌وه‌وه‌ قسه‌ بكه‌ن بێ ئه‌وه‌ى خودا زه‌وییان به‌سه‌ردا بڕوخێنێت. 

ئه‌م قسانه‌ واى لێ كردم كه‌ تێبگه‌م كه‌ هه‌ندێك دزیكردن ئه‌هوه‌نتره‌ له‌ هه‌ندێك دزى دیكه‌. راسته‌ دزى و شه‌ره‌ف هه‌رگیز به‌یه‌ك ناگه‌ن به‌ڵام هه‌ندێك دز له‌وانى دیكه‌ به‌شه‌ره‌فترن. هیوادارین سیاسییه‌ دزه‌كانى ئێمه‌ چاو له‌ هاوكاره‌ دزه‌كانیان بكه‌ن له‌ هه‌رێم. چونكه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ى ئێمه‌ و به‌شێكى زۆرى په‌ڕله‌مانتاره‌ دزه‌كانمان ده‌یكه‌ن زۆر زۆر مایه‌ى شه‌رمه‌زارییه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە